و. لەئینگلیزییەوە: شادیار شۆڕش
وەرگێڕانە کوردییەکە، پێشکەشە بە ترۆتسکی، ئەو مرۆڤەی دەیویست بە هەمووان بڵێت؛ سیاسەت و هونەر و شۆڕش، سێینەیەکی لێکدانەبڕاون
دیمانەساز: چۆنیت ڕۆجێر؟ ئایا هەواڵەکانی سەبارەت بە جۆو بایدنت بینیوە؟ ئەو ڕایگەیاند کە خۆی بۆ پۆستی سەرۆکایەتی کاندید ناکات.
ڕۆجێر واتەرس: لە هیچ وشەیەکی تۆ تێناگەم. هیچ مانایەک نابەخشیت.
دیمانەساز: تەنها ئەوەم ووت؛ کە جۆو بایدن خۆی بۆ پۆستی سەرۆکایەتی کاندید ناکات.
ڕۆجێر واترس: ئممممممم
دیمانەساز: زۆرباشە، کەواتە، سەبارەت بە دیوارەکە با قسە بکەین. تۆ پێت وایە هۆکار چییە کە ئەم ئەلبومەی ئێوە، لە ماوەی سی و پێنج ساڵی ڕابردوودا لەگەڵ زۆربەی خەڵکییدا پەیوەندی هەبووە؟
ڕۆجێر واترس: لەدوای مردنی جوڵانەوە ناڕەزایەتییەکان، کە بەڕاستی لەنێو گەنجانی سەرەتای شەستەکان بۆ سەرەتای حەفتاکانی سەدەی ڕابردوو زۆر بەهێز و پتەو بوو، هەرچەندە ئەم جوڵانەوەیە لە شۆڕشی سلیکۆن ڤاڵییدا بەرەو نەمان یاخود ژۆرێک لە پەرش و بڵاوی دەچێت، لە دوای ئەم ساتەوە، پێموایە خەڵکی ئامادەیە بۆ ڕووبەڕوبوونەوەی کێشە سیاسی و فەلسەفییە بەرفراوانەکان. بۆیە دیوارەکە ڕێگەی بە ئێمە دا کە سەرنجی خۆمان بخەینەگەڕ لەمەڕ پرسیارە بنچیینەییەکان، پرسیارگەلێک سەبارەت بەوەی کە ئایا ئێمە قبووڵ دەکەین یان نا، لە کۆمەڵگایەکدا بژین کە زۆر زۆر نزیکە لە کۆمەڵگای ئەڵمانیای خۆرهەڵاتی پێش پریسترۆکیا؟ مەبەستم ئەوەیە کە من ناگەڕێمەوە بۆ سەردەمی سییەکانی سەدەی ڕابردوو، چونکە گەر وابکەم دەکەومە کێشەیەکی گەورەوە، بەڵام پێموایە خەڵکی هێشتا لە سەرەتادان و وەک مرۆڤێک کەلە خەودا بێت و لەهەمان کاتدا ڕێ بکات، بەرەو ئیمپراتۆرییەتی سەرمایەداری هەنگاو دەنێن، بۆ ئەوەی بزانن کە یاسا ڕزێنراوە، سوپا دەستی بەسەر بازرگانییدا گرتووە، کۆمەڵێک دەزگا کۆنتڕۆڵی حکومەتییان کردووە وە هەروەها کە چیدی ئێمەی مرۆڤ هیچ دەنگێکمان نییە. تاڕادەیەک، دیوارەکە ئەم پرسیارە دەکات: دەتەوێت خاوەن دەنگی خۆت بیت؟ گەر وەڵامەکەت بەڵێیە ئەوا پێویستە بە بچیتە دەرەوە و بەدەستی بهێنیت، لەبەرئەوەی ئەمە لەسەر قاپێکی ئامادەکراو ناخرێتە بەردەستت.
دیمانەساز: ئایا چۆن مانای ئەلبوومەکە بۆ تۆ لە کاتی نووسیینییەوە، گۆڕانکاری بەسەرهاتووە؟
ڕۆجێر واترس: (هەناسەیەک هەڵدەکێشێت)، زۆرجار وەڵامی ئەم پرسیارەم داوەتەوە. لەسەرەتادا، گێڕانەوەیەکی تایبەتی کەسێک بوو لە بیستەکانی تەمەنییدا، کە بەتەواوەتی نەیدەتوانی مانایەک دروست بکات سەبارەت بەوەی کە دەگوزەرا لە ژیانییدا وە بۆچی هەستی بەو هەموو دوورەپەرێزییە دەکرد بەرامبەر بەوانی دی. وە بۆیە ئەمە گوزارشتی لێکرا چونکە من ئەزموونی ئەوەم کردبوو وەک مۆسیقارێکی سەرکەووتو کە لەسەر سەکۆی شانۆ بەرامبەر بە خەڵكی ڕاوەستاووم و ئەوەم بۆ دەردەکەوێت کە ناپەیوەندییەکی گەورە هەیە لەنێوان، من چۆن هەست دەکەم و ئەوانیش چۆن هەست دەکەن. هەر ئەمەش بووە هۆی درووستبوونی دیوارەکە، هەستکردن بە پچڕانی پەیوەندییەکانت لەگەڵ ئەوانی دی، ئەمەش هۆکار بوو بۆ ئەوەی بیرلەوەبکەمەوە کە دیوارێکی ڕاستەقینە لەبەردەم ستەیجەکە دروستبکەم بۆ ئەوەی دەریببڕم کە چەندە هەست بە نامۆبوون دەکەم.
ئێستاش کاتی ئەوەیە کە بەرامبەر بە هەوادارەکانمان هەست بە نامۆبوون نەکەم. پەیوەندی من لەگەڵ ئەواندا و گەشتی دیوارەکە بەتەواوی جیهاندا لە چەند ساڵی ڕابردوودا زۆر بەهێز و نزیک بووە و وەک خەڵاتێک وابووە بۆ من. بۆیە دیوارەکە بۆتە ئەزموونێکی هاوبەشی ئەو بارودۆخە سیاسییەی کە لە ئێستادا تێیدا دەژین.
دیمانەساز: ئێوە ٢٢٠ جار نمایشتان کردووە. ئایا هەرگیز بیرتان لەوە کردبوویەوە کە ئەم ڕێژە زۆرە لە نمایش پێشکەش بکەن؟
ڕۆجێر واترس: هیچ بیرۆکەیەکمان نەبوو سەبارەت بەوەی کە چەند نمایش پێشکەش دەکەین. لەسەرەتادا بەرپرسیارێتییەکی گەورە بوو کە نمایشێكی درەوشاوە پێشکەش بکەین، بەڵام دواتر وەڵامی خەڵكی زۆر باش و مەزن بوو، وە لە ئەنجامدا بۆ ماوەی سێ ساڵ لە نمایش بەردەوام بووین.
دیمانەساز: ئایا دەتەوێت لە داهاتوودا نمایشی زیاتری دیوارەکە پێشکەش بکەیت؟ یاخود کۆتاییت بە نمایش هێناوە؟
ڕۆجێر واترس: گەر ئیسرائیل کاربکات بەرەو دیموکراسییەکی ڕاستەقینە و یەکسان، بەبێ ژەهراویکردنی کۆمەڵگە بە بیری ڕەگەزپەرستی، ئەوا دەڕۆم بۆ ئەوێ و دووبارە نمایشی دیوارەکە دەکەم. لە کۆگایەکدا پارچە پێویستەکانی ستەیجەکەم هەڵگرتووە و ئەو پارچانەشی کە نەماوە، دووبارە دروستی دەکەمەوە.
دیمانەساز: ئەلبوومی داهاتووت سەبارەت بە چی دەبێت؟
ڕۆجێر واترس: ئەمە پرسیارێکی زۆر زۆر باشە. هەموو کەلوپەلە میوزیکییەکانم ئامادەکردووە، لە ژوورێکدام لەگەڵ گیتارێک، ئامێرێکی دەنگ تۆمارکردن و جاف و دەفتەرێکی تێبینییدا. شتەکانی چواردەورم ڕادەماڵم و بە هەڕەمەکی وێنەی شتەکان دەکێشم. ئەمە هەوڵێکە بۆ خولقاندنی شێوەیەک، سکێچی فیلم کارتۆنێکە سەبارەت بەوەی ئەم وێنەیە لە کۆتاییدا چی دەردەچێت. بنچیینەترین پرسیاری ئەم ئەلبوومە ئەوەیە؛ ئێوە بۆچی منداڵ دەکوژن؟
دیمانەساز: با سەبارەت بە دۆناڵد ترامپ قسەبکەین. ئایا دەترسیت لەوەی کە ڕێژەیەکی زۆری دەنگەکان بەدەست بهێنێت؟
ڕۆجێر واترس: بەڵێ، هەربەڕاستی زۆر ترسناکە. وە کاتێک تەماشای کاندیدەکانی تری کۆمارییەکان دەکەیت، بەڕاستی ناتوانیت کە لێیان نەترسیت. بەڕاستی زۆر پەیوەستن بە ئایدیای کوشتنی هەموو کەسێکی ئەم جیهانە. دەزانم کە ئەم قسەیەی دەیکەم لەوانەیە ڕووبەڕوی ڕەخنەیەکی زۆرم بکاتەوە، ڕەفتاری هەرهەموویان زۆر فاشیستانەیە و قورسە گوێبیستییان بیت. ترامپ کەسێکی قێزەونە، پێی وایە کەسێکی زیرەکە بەڵام هەرگیز وانەبووە. ئەو هیچ ئێسکێکی زیرەکی لە لاشەی دا نییە.
دیمانەساز: پێموایە چەمکی سۆسیالیزم، چەمکێکی نامۆیە بۆ زۆربەی خەڵکی.
ڕۆجێر واترس: سۆسیالیزم شتێکی باشە. چ کێشەیەک لەگەڵ سۆسیالیزم هەیە؟ بەیانیان پاسەکانی قوتابخانە منداڵان لەبەردەم ماڵەکەیاندا هەڵدەگرن، خێزانەکان دەڵێن کە دەمانەوێت منداڵاکانمان سەلامەت بن و بە گەڕەکی ترسناکدا نەڕۆن، پاسەکانیش دوای تەواوبوونی قوتابخانە دەیانهێنەوە بۆ ماڵەوە. گەر ئەمە سۆسیالیزم نەبێت ئەی چییە؟
ئەگەر کەرتی تەندروستی، بکرێت بە سیستەمێکی سۆسیالیستی ئەوا ئەو کاتە بە فەرمی ئەتوانیت خۆت بە وڵاتێکی سۆسیالیستی بزانیت. کاتێک کە تۆ زۆر زۆر دەوڵەمەندی، ئەوا دەتوانیت سیستەمێکی تەندروستی زۆرباش بۆ خۆت دەستەبەر بکەیت. وە خەرجی سیستەمی تەندروستییەکەی تۆ دووجار زیاترە لە هەموو شوێنێکی تری ئەم جیهانە. دەزانیت بۆ؟
دیمانەساز: بۆ؟
ڕۆجێر واترس: لەبەرئەوەی کە بەشێکی زۆری پارەکە دەچێت بۆ کۆمپانیاییە نەفرەتییەکانی بواری بیمە. کەرتی تەندروستی دەبێت بە یەکسانی بۆ هەموو کەسێک دابینبکرێت.
دیمانەساز: بێگومان دەبێت وابێت، ڕۆجێر. سوپاس بۆ ئەم چاوپێکەوتنە.
ڕۆجێر واترس: ئایا ئەزانیت کە تۆ چیت پێویستە؟ وانییە؟
دیمانەساز: چی؟
ڕۆجێر واترس: سۆسیالیزم.