Minerva

پێناسە و پەیڕەوی مینێرڤا

پلاتفۆرمی مینێرڤا، پلاتفۆرمێکی قازانجنەویستی بیر و هونەری ڕادیکاڵە، گرنگیی بە چاپکردن و بڵاوکردنەوە و پێشانگا و پێرفۆرمانسی هونەر و هزری پێشکەوتوخواز لە بوارەکانی سیاسەت، هونەر و هونەری هاوچەرخ، کولتوور، ئەدەب، فیمینیزم، ئابووریی و بەرهەمهێنانی پەیوەندیی نێوان جوانیناسیی و سیاسەت دەدات. پشت بە توانای بەرهەمهێنانی هونەریی و کولتووریی و سیاسیی تاکە پێشکەوتوخوازەکان دەبەستێت. هەوڵی بەرهەمهێنان و هەڵکشاندنی هۆشیاریی دەدات و لەو ڕێگایەوە دەیەوێت هەم تیشک بخاتە سەر هەیمەنە باڵادەستەکانی بەها کۆنەکانی وەک دژەژنیی، جیاکاریی، ڕاسیزم، فاشیزم، ڕق و کینەی ئایینیی، نایەکسانییە کۆمەڵایەتییەکان و هەموو فۆرمەکانی دیکەی چەوساندنەوە، و هەم خەبات لە دژیان بکات. دواجار لە پاڵ هەموو ئەو توێژ و چینانەی کۆمەڵگاوە دەوەستێت کە بە هەموو فۆرمەکانی ئایدیۆلۆژیا و سەرکوت، پەراوێز و ژێرپێ خراون.

مینێرڤا ئامانجییەتی بەشداریی لە فراوانکردنی ئەو بوارانەی سەرەوە و درککردن و وەرگرتنی پێشکەوتوخوازانەی کولتوور و هونەر و سیاسەت لە پانتاییە فراوانەکەیدا بکات. ئامانجی ئەم پلاتفۆرمە هاوشانی گرنگیدان بە هێنانەپێشەوەی توانا و وزە ناوخۆییەکان، هاوکات گرنگیی بە گواستنەوەی کولتوور و هونەری پێشکەوتووخوازی کۆمەڵگاکان و زمانەکانی دیکەش دەدات.

سەرچاوە داراییەکانی مینێرڤا

مینێرڤا پڕۆژەیەکی خۆڕسکە و دەستەیەک لە هونەرمەند و نووسەر و وەرگێڕانی سەربەخۆی کورد بە ڕێوەی دەبەن و هیچ پەیوەندییەکی دارایی و سیاسی لەگەڵ هیچ حیزب و ڕێکخراوێکی ناوەوەی کوردستان نییە. لەگەڵ ئەوەی کە پڕۆژەکە هەوڵی تەواو دەدات لەسەر پێی خۆی بوەستێت، بژاردەکانی بەردەمی بۆ وەرگرتنی فەندی ڕێکخراوە ئەوروپییە سەربەخۆکان کە خاوەنی بیرێکی پێشکەوتووخوازن کراوە دەبێت. لە ئێستادا سەرچاوەی دارایی مینێرڤا تەنها هاوکاری ئەندامەکانی خۆی و کەسانێکن کە پشتگیریی لە بیری پێشکەوتووخوازانە بۆ کۆمەڵگای کوردستان دەکەن. هەروەها سەرچاوەیەکی دارایی دیکە فرۆشتن و نمایشکردنی بەرهەمەکانییەتی وەکو گۆڤار و کتێبی چاپکراو و پێشانگا و پێرفۆرمانس. لە ئایندەدا، مینێرڤا سەرچاوە داراییەکانی بۆ خوێنەرانی خۆی ڕادەگەیەنێت. 

گۆڤاری مینێرڤا

گۆڤاری مینێرڤا هاوکات لەگەڵ کارکردن لەسەر چالاکییەکانی دیکەی پلاتفۆرمەکە کاری جددیی بۆ دەکرێت. هەر ژمارەیەکی گۆڤارەکەش بوارێکی گشتگیر وەک تێمای سەرەکیی ژمارەکە دیاریدەکرێت و دواتر لەچەندین ڕوانگە و لایەنی جیاوازەوە بوارەکە پڕدەکرێتەوە.لایەنەکان دەکرێت هاوشێوەی کاتێگۆرییەکانی پلاتفۆڕمەکە بن، یاخود لایەنە گرنگەکانی دیکەی وەک سیاسەت، ئابووریی، ئەدەب، هونەر،….هتدیەکێک لە پرەنسیپەکانی مینێرڤا ئەوەیە کە دابەشکردنی دەسەڵات و کار گۆڕانکاریی بەسەردا دێت و لە یەک چوارچێوەی دەقبەستوودا نامێنێتەوە، بەو مانایەی ئەرکەکانی بەڕێوەبردنی گۆڤارەکە بەپێی ژمارەکان گۆڕانکارییان بەسەردادێت و هەر ئەندامێکی مینێرڤا دەتوانێت سەرپەرشتیی ژمارەیەکی گۆڤارەکە بگرێتە ئەستۆ، یاخود دەکرێت سەرپەرشتیارێکی میوان هەبێت، واتا، کاتێک یەکێک لە دەرەوەی مینێرڤاوە، پێشنیاری بابەتێکی گرنگ دەکات، پرپۆزەڵێک دەنووسێت و وردەکاریی بابەتەکە و گرنگییەکەی بۆ ئەمڕۆ و هەڵبژاردنی بابەتەکان پێشکەش دەکات، دەکرێت وەک سەرپەرشتیاری میوان، سەرپەرشتیاری ئەو ژمارەیەی گۆڤاری مینێرڤا بگرێتەئەستۆ. دەستەی نووسەرانی نییە، ناوی بەشدارانی گۆڤار، ئەندامی مینێرڤا بن یان لە دەرەوە، ڕاستەوخۆ لەسەر ژمارەی گۆڤارەکە دەنووسرێت. لە دوا لاپەڕەی گۆڤارەکەدا، ناوی ئەو کەسانەش دەنووسرێت کە لەلایەنی داراییەوە کۆمەکی مینێرڤایان کردووە، ئەمەش لە حاڵەتی لارینەبوونی خۆیاندا بە ناوهێنانیان.

چاپکردنی کتێب و پێشانگا

وەک لە سەرەوە باسکرا، هەر کتێبێک دەبێت لەگەڵ ئامانج و پرەنسیپەکانی مینێرڤا بگونجێت. ئەمە خاڵێکە پێویستە هەر وەرگێڕ و نووسەرێک ڕەچاوی بکات. لەگەڵ ئەوەشدا، چەند پێشنیارێک بۆ نووسین و وەرگێڕانی کتێب دەخەینەڕوو:

١) کتێبی وەرگێڕان: هەر کەسێک بیەوێت کتێب وەربگێڕێت و مینێرڤا بۆی چاپ بکات، پێش دەستبەکاربوون، پێویستە پرۆپۆزەڵێک لەسەر کتێبەکە بۆ مینێرڤا بە کورتیی، بنێرێت، و باسی ناوەرۆکی کتێبەکە و میتۆدەکەی و ئاراستە فیکرییەکەی بکات، لەگەڵیشیدا، دوو بۆ سێ A4 نموونەی وەرگێڕان لە کتێبی دیاریکراو بنێرێت، ئینجا بڕیار لە وەرگرتن یان ڕەتکردنەوەی دەدرێت و بۆ ئەم مەبەستەش لیژنەی بەشی تایبەتمەند بە بابەتەکە کە لە سێ کەس پێکدێن، بڕیاری لەسەر دەدەن

٢) وەرگێڕان: بەگشتیی هەوڵدەدەین خۆمان لە وەرگێڕان لە زمانی دووەم و سێیەمەوە بپارێزین، واتا هەر دەقێک لە زمانی بنچینەییەوە وەربگێڕدرێت. بەڵام لە حاڵەتی ئاوارتەدا، کە زانیمان دەقێک زۆر گرنگە، زمانە یەکەمەکەی ئاسان نییە بۆ فێربوون، وەک لاتینیی، ڕووسیی، چینیی، یۆنانیی، و هتد، دەکرێت لە زمانەکانی ئینگلیزیی، فەڕەنسیی، ئەڵمانیی و هتدەوە بکرێن. بۆ حاڵەتی زمانی عەرەبیی یان فارسیی، لە دۆخی ئاوارتەدا، ئەگەر دەقێک زۆر گرنگ بوو و وەرگێڕێک زۆر بە گرنگی زانی و لیژنەی مینێرڤا ڕەزامەند بوو، دەکرێت ئەو دەقە لە عەرەبییەوە وەربگێڕدرێت، بە مەرجی ئەوەی دوو یان سێ کەس لە لیژنەی مینێرڤا، بەراوردی زمانی یەکەمی بکەنەوە، و هەڵە و کەموکوڕیی و سانسۆرەکان دەستنیشان بکەن. ئەمەش لە پێناوی ئەوەی هەم دەقێکی دروست بەرهەم بێت و هەمیش خەون و خولیای ئەو تاکانەش نەمرێت، کە بەهەر هۆیەک بێت توانای فێربوونی زمانە بیانییەکانیان نەبووە بەڵام بیرکردنەوە و کارکردنیان لەگەڵ هێڵی مینێرڤا دەڕوات و دەقەکانیان دەتوانێت خزمەت بە بەرەوپێشچوونی بیری ڕادیکاڵ و پێشکەوتوخواز بکات.

٣) نووسین: نووسینیش بە هەمان شێوەی وەرگێڕان، دەبێت پرۆپۆزەڵێکی لەگەڵ بێت، هاوکات پوختەی نووسینەکە، میتۆدەکەی و گرنگیی و لیستی سەرچاوەکان بە گوێرەی میتۆدی هارڤارد بنێردرێت.

٤) نمایش و پێشانگا هونەرییەکان و پێرفۆرمانسەکان لەسەر بنەمای ستانداردەکانی مینێرڤا دەبن.

پرۆسەی وەرگرتن و پاڵاوتنی بابەتەکان

١) بەمەبەستی ئەرشیڤکردن و وننەکردنی بابەتەکان لەنێو پلاتفۆڕمی مینێرڤادا، پێشنیار دەکەین بۆ هەریەکێک لە بەشداربووانی مینێرڤا بابەتەکانی خۆیان و ئەو بابەتانەی بۆ بەشەکەیان لێی بەرپرسن، بۆ ئیمەیڵی سەرەکیی مینێرڤا (publisherminerva@gmail.com) بنێرن یاخود لەڕێگای (Forward or CC.) دووبارە بۆ ئیمەیڵەکەی بنێرنەوە.

٢) هەر ئەندامێکی مینێرڤا کە بەرپرسە لەو بەشەی خۆی هەڵیبژاردووە، دەبێت هەڵسەنگاندن بۆ ئەو وتار و بابەتانە بکات کە ئامادەیان دەکات و کۆیان دەکاتەوە، دواتریش پێویستە لەڕووی وەرگێڕان و هەڵەچنی ڕێزمانییەوە کاریان لەسەر بکاتەوە. لەکۆتایشدا بەر لە بڵاوکردنەوەی بابەتەکان، ئەگەر هێشتا ناڕوونییەک هەبوو، باشترە بنێردرێت بۆ ئەندامێکی دیکەی مینێرڤا کە شارەزایی زیاتری لەڕووی ناوەڕۆکی بابەتەکەوە هەیە و ڕاوێژی لەگەڵدا بکرێت.

٣) پێویستە لەسەر بەشدارانی مینێرڤا ڕەچاوی فۆڕمێکی نوسینی یەکگرتوو بکەن  (قەبارەی نوسین١٤، فۆنتی نوسین (Unikurd Web)، ئەندازەی پەڕەکە ٢+٢ واتا بۆشایی بەشی سەرەوە و خوارەوە،..هتد)

مەرجەکانی وەرگرتنی بابەت بۆ وێبسایت و گۆڤاری مینێرڤا

١) هیچ وتارێکی دووبارە بڵاوناکرێتەوە، کە پێشتر لەشوێنێکی دیکە بڵاوکرابێتەوە.

٢) سەرپەرشتیاری بەش بە بابەتەکاندا دەچێتەوە و لە ماوەی هەفتەیەک بۆ دە ڕۆژدا وەڵامی ئیمێڵەکان بداتەوە بە مەبەستی ئاگادارکردنەوەی نووسەر یان وەرگێڕ کە بڕیارە بابەتەکەی بڵاو ببێتەوە یان نا. هاوکات، بۆ پێشنیاکردنی هەر دەستکاریکردنێک. 

٣) پێویستە لەڕووی ڕێنووسەوە کاری لەسەر کرابێت و هەڵەچن کرابێت، تا ئەندامانی مینێرڤا و بەرپرسانی بەشەکان کەمترین هەڵەبڕی و پێداچونەوە بەتێکستەکەدا بکەن و لە شێوازی نووسینی نوسەرەکەوە یان وەرگێڕەکەوە بەنزیکی بهێڵرێتەوە.

٤) نوسین و بابەتەکانی وەرگێڕان، ئیتر چ توێژینەوە بێت یاخود وتار و بۆچوون، پێویست دەکات ئاماژە بە سەرچاوە بکرێت. بۆ وەرگێڕان ئاماژە بەو سەرچاوەیەی لێوەی وەرگێڕدراوە لەگەڵ  پەراوێزەکانی نێو دەقەکە بۆ بابەتی نوسین و بۆچوونەکانیش خوازیارین نوسەران بەپێی پێویست ئاماژە بە سەرچاوە بکەن، کاتێک ئاماژە بە وتەی نوسەرێک یان هەواڵێک یاخود هەر شتێکی دیکە. بۆئەمەش پێویستە نوسەر تاڕادەیەک شارەزایی لە ڕاگواستنی دەق بەشێوەیەکی زانستیی (بۆ نموونە شێوازی ڕاگواستنی هارڤارد) هەبێت.

٥) مینێرڤا پێگەیەکە کە هەر بیرێکی نزیک لە فاشیزم، ڕاسیزم، سێکسیزم، هۆمۆفۆبیا، زێنۆفۆبیا(دژەبێگانەیی) و میسۆگینی(دژەژنی) ڕەتدەکاتەوە، لەبەرئەم هۆیەش جگە لە فلتەری زمانەوانیی، بەفلتەرێکی ناوەڕۆکیشدا تێپەڕدەبن، ئەوکات بڵاودەکرێنەوە.

ڕێکار و ستانداردەکانی زمانەوانیی و ڕێنووس

١) بە هۆکاری جێنەکەوتنی بەشێک لە چەمکە زانستی و تیۆرییەکان لە زمانی کوردییدا، پێشنیار دەکەین هەوڵبدرێت چەمکەکان لەنێو بابەتەکەدا ڕوونبکرێنەوە،  یاخود لە کۆتایی بابەتەکەدا فەرهەنگۆکێک بۆ دەستەواژەکان ئامادەبکرێت، تا لەم ڕێگایەوە زمانی کوردیی دەوڵەمەنتر بکرێت.

٢) بۆ ئەوەی وەرگێڕنووسەران ئاسانکاریی بۆ کەسانی بەرپرس لە بەشی پێداچوونەوەی زمانەوانیی بکەن، ئێمە ئەم چەند تێبینییە بۆ ڕێنووس دەخەینەڕوو:

یەک: یەک «و» و دوو «وو»:

٣) سەرەتای هەر وشەیەک بە «و» دەستپێبکات، دەبێت بە یەک «و» بنووسرێت، وەک: وڵات، وشە، وێنە، و هتد

٤) «و»ی پەیوەندیی لە نێوان دوو وشەی سەربەخۆدا، بۆشایی دەکەوێتە نێوانیانەوە، وەک: مانگ و خۆر، هەولێر و سلێمانیی، و هتد

٥) هەر کاتێک «و»ی پەیوەندیی لە لێکدانی دوو وشەدا وشەیەکی سەربەخۆی لێدروستبوو، نابێت بۆشایی بکەوێتە نێوانیانەوە و دەبێت بەسەریەکەوە بنووسرێن، وەک: هەلومەرج، جلوبەرگ، سەیروسەمەرە، و هتد

دوو: یەک «ی»، دوو «یی» و سێ «ییی»ی گریمانەیی:

٦) «ی»ی خستنەسەر دەخرێتە پاڵ هەر وشەیەکەوە، ئامانجی دانەپاڵی وشەی دوای خۆی بێت وەک: باشووری کوردستان، هەرێمی کوردستان.

٧) لە دۆخی هەبوونی «ی» لە کۆتایی وشەدا و هەبوونی «ی»ی خستنەسەر، دەبێت بە دوو «یی» بنووسرێت، وەک: پرسی کۆمەڵایەتیی گشتیی، ڕاپرسیی گشتیی، ئابووریی سیاسیی، سەرمایەداریی نیۆلیبراڵ و هتد

٨) دۆخی سێیەم بۆ دروستکردنی ناوی واتایی (ئەم لایەنەیان جێگای مشتومڕ و ناکۆکیی نێوان زمانەوانەکانە، دەکرێت ڕەچاو بکرێت و هەروەها ڕەچاویش نەکرێت، ئازادانەیە)، واتا هەر ناوێک خۆی بە «ی» کۆتایی هات بۆ بوون بە ناوی واتایی، پێویست دەکات «ی»ی دووەم زیادبکرێت، وەک: سەرمایەداریی، ئابووریی، بێدەنگیی، و ئێمە لێرەدا وشەی بێدەنگیی شیدەکەینەوە تا بابەتەکە ڕوونتر بێت. کاتێک بە یەک «ی» بنووسرێت وەک ئەوە وایە بگوترێت «ئایاتۆبێدەنگیت؟» یاخود «بۆبێدەنگی؟» لەم حاڵەتەدا یەک «ی» دەگەڕێتەوە بۆ کەسی دووەمی تاک، لە کاتێکدا پیتی «ت» بۆ کەسی دووەمی تاک لە زمانی کوردییدا هەیە، بەڵام بەگشتیی قوت دەدرێت و نانووسرێت، دەکرا لە بنەڕەتدا بەمجۆرە بێت: «تۆ بێدەنگیت»، بەڵام بۆ ئەوەی ناوی واتایی دروستببێت و لەم دۆخی ناڕوونییە ڕزگارمان ببێت دەکرێت لە جیاتی ئاماژەی ناڕوون بە کەسی دووەمی تاک وەک «بێدەنگی: واتا، تۆ بێدەنگی»، بنووسرێت: بێدەنگیی. ئەمە بۆ وشە و ناوە واتاییەکانی دیکەش ڕاستە.

٩) کاتێک وشە بە دوو «یی» کۆتایی هات، نابێت لەیەک جیابکرێتەوە، هەروەها ئەو پیتانەی ئامرازی کورتەبزوێنی «ە» وەردەگرن، وەک: نییە، بۆشاییە، گرنگییەکی زۆری هەیە، نەک: نی یە، گرنگی یەکی زۆری هەیە و هتد.

١٠) سێ «ییی»: ئەم لایەنە مشتومڕی زمانەوانانی لەسەرە، بەڵام لە زماندا هەیە، هەر وشەیەک خۆی بە دوو «یی» کۆتایی هات و «ی»ی خستنەسەریشی پێویست بوو، دەکرێت بە سێ «ییی» بنووسرێت، وەک: شایی (کە خۆی دوو یی هەیە) لە کاتی خستنەسەردا دەبێت «ی»ی سێیەمیش زیادبکرێت، وەک: شایی کوردیی، قوڵاییی دەریا، تەنکاییی توێژاڵی زەوی و هتد (وەک باسکرا ئەم لایەنە مشتومڕی زمانەوانانی لەسەرە و وەرگێڕ و نووسەرانی مینێرڤا ئازادن لەوەی ڕەچاوی دەکەن یان بەپێچەوانەوە)

سێ: وشە و فرمانی داڕژاو و لێکدراو 

١١) داڕژاو: دەبێت بەسەریەکەوە بنووسرێن، وەک هەڵکردن، داگرتن، نەک هەڵکردن، دا گرتن و هتد.

١٢) وشە و فرمانە لێکدراوەکانیش دەبێت بەسەریەکەوە بنووسرێن، وەک: دروستکردن، دەرکردن، دەرپەڕاندن و هتد.

١٣) لە دۆخی هاتنی جێناوی لکاو لەنێوان پێشگر و فرمانی دوای خۆیدا، لەیەک جیادەکرێتەوە، وەک: دروستم کرد، لێم نا، و هتد

چوار: پیتی «ت»

١٤) زۆرجار ئەم پیتە قوتدەدرێت و نانووسرێت، وەک دەکرێ، دەخەوێ، دەخوا، و هتد، بەڵام ئێمە لە مینێرڤا، ڕەچاوی نووسینی دەکەین، وەک دەنووسرێت، دەخوات، دەخەوێت، دەکات، ئەنجام دەدات و هتد. پێویستە وەرگێڕ و نووسەرانی مینێرڤا پێش ناردنی بابەت ڕەچاوی ئەم لایەنە بکەن

پێنج: ئامرازەکانی بەراورد و باڵا «تر، ترین»

١٥) بەگشتیی لە زمانی کوردییدا کۆدەنگییەکی تەواوەتیی لەسەر ئەم بابەتە هەیە کە «تر و ترین» ئامرازەکانی پلەی بەراورد و باڵان، وەک: جوان، جوانتر، جوانترین، ڕێک، ڕێکتر، ڕێکترین، ڕاست، ڕاستتر، ڕاستترین

١٦) بەڵام ئەوەی کەمێک بابەتەکەی ئاڵۆزتر کردووە، لە زۆربەی ناوچەکان و لای زۆرێک لە زمانەوانان، تر بۆ بەردەوامیی و ڕەهەندی دووەمیش بەکاردێت، وەک: هەرێمێکی تر، سەدەیەکی تر، ساڵێکی تر و هتد. ئێمە لە مینێرڤا هەم بۆ جیاکردنەوەی ئەم لایەنە لە پلەی بەراورد، و هەروەها نزیکبوونەوە لە بەکارهێنانی کورمانجیی، پێشنیاری «دی یان دیکە» دەکەین، وەک: سەدەیەکی دیکە، ساڵێکی دیکە و هتد، چونکە لە کورمانجییشدا بۆ ئەم مەبەستە «دن» بەکاردێت

شەش: هەر وشەیەکی بیانیی هاتە ناو زمانی کوردییەوە، بەگوێرەی پیتە کوردییە بڕیارلێدراوەکان دەنووسرێت، ث، ذ، ض، ص، لە کوردییدا بوونیان نییە و بە «س و ز» دەنووسرێن

حەوت: بەکارهێنانی «ع و ح و ق»: زۆرێک لە لایەنگرانی کوردیی پەتیی دەڵێن ئەم پیتانە کوردیی نین و نابێت بەکاربێن، ئێمە خۆمان لەم بۆچوونە بەدوور دەگرین و بە سانایی ئەو وشانەی ئەم پیتانەیان تێدابوو، بەکاریان دەهێنینەوە، وەک: عەلی، ئەحمەد، قادر، حەقیقەت لە دۆخی ناودا، نانووسین: ئەلی ئەهمەد، کادر، هەقیقەت، هەروەها وشەی عەقڵ، نانووسین ئەقڵ

هەشت: ناو و وشە و چەمکە بیانییەکان، کە ڕەهەندی جیهانییان وەرگرتووە، وەرناگێڕدرێن، وەک: دیموکراسیی، تەلەڤزیۆن، ئینتەرنێت، ئەنتەرناسیۆنالیزم، مارکسیزم، ناسیۆنالیزم، فیمینیزم، و هتد

نۆ: خاڵبەندیی: پێویستە وەرگێڕ و نووسەرانی مینێرڤا بە تەواویی ڕەچاوی خاڵبەندیی، ڕێکستنی پەرەگرافەکان، دێڕەکان و هتد بکەن، یاخود هەوڵبدەن کەمترین کێشەیان لەم ڕووەوە هەبێت، بۆ ئەوەی ئاسانکاریی بۆ سەرپەرشتیارانی بەش و بابەتەکان بکەن لە کاتی پێداچوونەوەدا.

دە: دانانی جۆرەکانی کەوانە: جووت کەوانەی وەک ()، بۆ ڕوونکردنەوەیە، یاخود وشەی زیادە، یان دانانی وشەی بیانیی لەناویدا تەنها لە کاتێکدا کە وشە کوردییەکە لە دەرەوەی کەوانەوە هەبێت، وەک بەرهەمهێنان (production)، جووت کەوانەی ڕاگواستن، وەک «»، بۆ دانانی وشەی سەربەخۆ، یان ڕاگواستنی دەقی کەسێک، وەک کاتێک دەگوترێت، فڵان بیرمەند دەڵێت: «….» بەمجۆرە کە قسەکە تەواو بوو، کەوانەکە دادەخرێت و لە پەراوێزدا سەرچاوەکە بە تەواویی دادەنرێت، یاخود بەگوێرەی دوو میتۆد، وەک کورتکردنەوە و پاشان دانانی سەرچاوەکە بە وردەکارییەوە لە لیستی سەرچاوەکان، یان دانانی وردەکاریی سەرچاوەکە، ڕاستەوخۆ لە دوای ڕاگواستنەکەوە.

یانزە: هیچ وەرگێڕان و نووسینێکی بێ سەرچاوەی زانستیی، وەرناگیرێت و بڵاوناکرێتەوە، جگە لە تێبیینیی، ئەزموونی ڕۆژانە، شیعری نووسراو، چیرۆک و پەخشان، یاخود ڕاپۆرتەهەواڵ.

دوانزە: سەرپەرشتیارانی مینێرڤا مافی ئەوەیان هەیە دەستکاریی بابەتەکان بەگوێرەی ئەم ڕێکار و ڕێنووسانە بکەن