Minerva

ڕازەکەی کەتان

 

بۆ دایکم

نووسینی: حەسەن حسێن

 

دوای سێ رۆژ لە ژاوەژاو و قەرەباڵغی، داوا لە خوشک و براکانم و منداڵەکانیان دەکەم دایکم و من بەجێ بهێڵن تا کەمێک پێکەوە بین. هەمووان وردەوردە و بە دوای یەکدا دەست دەکەنە ماڵئاواییکردن؛ خوشکم کلیلێکم پێ دەدات.

” ئەمە کلیلی دەرگەی ژوورەکەتە، لەو رۆژەوە تۆ رۆیشتوویت دایکم جگە لە خۆی نەیهێشتووە کەسی دیکە سەری پێدا بکات”

پاش بیستودوو ساڵ لە دابڕان و دووری، سێ رۆژ دەبێت بە مەبەستێکی تایبەت. باشتر بڵێم بۆ دەستکەوتنی رازێکی دایکم گەڕاومەتەوە وڵات. سێ رۆژە ئەم ماڵە جمەی دێت، ئەم دێت و ئەو دەڕوات. هەمووان خزاوینەتە هۆدە و هەیوانێکەوە؛ دەرگەی هۆدەکەی من داخراوە. گریان و پێکەنین، خەم و شادی، گاڵتەوگەپ و گلەیی هەموو تێکەڵ بەیەک دەبن و کۆمەڵە هەستێکی رەنگاڵەیی لە ناخما دروست دەکەن. هەرچەندە زووزوو و بەدەر لە ویستی خۆم رەنگی هەستەکان بەرەو کاڵبوونەوە دەچن، بەڵام کۆششێکی زۆر دەکەم تا بێڕەنگ نەبن، تا ساردوسڕ دەرنەکەوم؛ ئاخر هەموو ئەم مرۆڤانە لە خۆشی من لێرە لە دەورم کۆبوونەتەوە. هەموو دەیانەوێت هەواڵ، رووداو و بەسەرهاتەکانی ئەم بیستساڵەی خێزان و خزمان، گەڕەک و شارم بۆ باس بکەن. لە هەمان کاتیشدا تامەزرۆی ئەوەن سەربووردەی ئەو ماوە زۆرەی سەفەرەکەمم لێ ببیستن (چۆن سەفەرم کرد، چیم کردووە و چیم بەسەرهاتووە. خەڵکی ئەوێ و پەیوەندییەکانیان و ژیان بە ورد ودرشتییەوە چۆنە. خۆم خەریکی چیم، بۆچی ئەو ماوە زۆرە سەردانم نەکردوونەتەوە؟ داخۆ هۆیەکەی ئەوەیە منیش وەکو ئەو مرۆیانەی دەچنە هەندەران ئیدی هەست و سۆزیان لە دڵدا نەماوە؟ و …. پرسیار لە دوای پرسیار و چاوەڕێنەکردنی وەڵام. من بەو بێهەستییەی جارێکی تر هورووژمی بۆم هێناوە هەر هێندە دەڵێم (پەنابەری سیاسیم هەبووە، توانای سەفەرکردنم نەبووە تا ئەو کاتەی رەگەزنامەم وەرگرت).  پاشان بە رستەی کورت وەڵامیان دەدەمەوە و ناچمە نێو وردەکارییەوە. ئاخر نامەوێت ئەوەیان بۆ وەگێڕم من هەتا رەگەزنامەم وەرگرت دووچاری نەخۆشی خەمۆکی و ئالوودەی تلیاککێشان بووم. ماوەیەکی زۆرم لە نەخۆشخانە و مەڵبەندەکانی راهێنانەوەدا بەسەر برد. نامەوێت باسی ئەو شەبەق و دەلاقانە بکەم  کە لە ناخما دروستبوون؛ باس لە پڕبوونی ناخ لە وشە و قسە و بەتاڵبوونی زار لە دەربڕین یان باسکردنی ئەوەی هەتا ئێستایش مرۆڤێکی نیمچە ئاساییم و بگرە پزیشکەکەم بە گەشتکردنم رازی نەبوو ئەگەر پێداگری من و هاوکاری روس نەبووایە. من دەبوو بگەڕێمەوە هەتا ئەو نهێنییەی دایکم کە لە دەستنووسەکەدا هەیە لە زاری خۆیەوە گوێ لێ بێت. ئەوەیش پەرۆشی من بۆ زانینی ئەو رازە زیاتر دەکات، بێئاگابوونی خوشک وبراکانمە لێی، کاتێک پرسیاریان لەوبارەوە لێ دەکەم. 

ئەو دەمەی وڵاتم بەرەو هەندەران و بە بێ هیچ رووگەیەک یان ئامانجێکی دیاریکراو بە جێهێشت، دایکم تکای خوێنێکی تیا کردم و لێم پاڕایەوە بە جێی نەهێڵم. بەڵام من دڵیم شکاند و سەفەرم کرد. ئاخر من و ئەو بۆ ساڵانێکی زۆر دوای هاوسەرگیری برا و خوشکەکانم بە تەنیا لەم ماڵەدا بووین و وەکو هاوڕێمان لێ هاتبوو و رازونیاز ونهێنییەکانمان لای یەکتر باس دەکرد. بۆیە سەفەری من  بە تەنیا جێهێشتنی دایکێک نەبوو لەلایەن کوڕکەیەوە بەڵکو جێهێشتنی هاوڕێ و هاودەمێک بوو. ئیدی لەو کاتەوە بە دەربڕینی پیر و بەساڵاچووەکان (لەبزی لە لەبزم نەگەڕاوە)، هەرچەند هەوڵم داوە قسەی لەگەڵ بکەم، بەڵام ئەو بێهیوای کردووم. 

لەو رۆژەوەیش گەڕاومەتەوە سەرباری ئەوەی باوەشی پێدا دەکەم، ماچی دەکەم تەنانەت سەرم دەخەمە سەر رانی، بەڵام ئەو رووم تێ ناکات. لەلای سەماوەرەکەوە دادەنیشێت، جگەرە دەکێشێت و دیژلەمە دەخواتەوە، جارجارە چایەکیش بۆ من تێ دەکات. کاتێکیش بیەوێت شتێکم پێ بڵێت، ئەوا بە کەسانی دیکە، تەزبیحەکەی و ئینجانەکانی دەڵێتن. بەو حاڵەشەوە من هەر رازیم. 

خۆم بە ژوورەکەمدا دەکەم. قەرەوێڵە یەکنەفەرییەکەم لە ناوەڕاستی ژوورەکەدا وەکو خۆیەتی، چەرچەفە سەوزەکەی کە دیارە تازە شۆردراوە بەسەردا دراوە. کتێب و کاسێتەکانی ناو تاقەکان چۆنم بە جێهێشتوون وەکو خۆیانن، هەڵبەتە پاکوخاوێنن؛ ریکۆردەرە سوورەکە دەسڕێکی ئاوریشمینی بەسەردا دراوە بۆ ئەوەی تۆزی لێنەنیشێت. هەتا سەفەرم کرد ئەم ژوورە گڵینە دونیای من بوو؛ نا بەڵکو دونیام هێنابووە ناوی و لەوێوە دەچوومە نێو جیهان و بە نێو کاتتدا تێدەپەڕیم. شەوانە ئەم ژوورە دەبووە شوێنی جۆراوجۆر، هەندێکجار دەبوو بە باخچەیەک و لەگەڵ ئەو کچانەی لە دڵی خۆمدا و بەدزییەوە خۆشم دەویستن ژووانمان دەبەست و رستی وشەی عاشقانەم بۆیان دەهۆنییەوە. لەگەڵ ئەواندا گوێم لە گۆرانییە عاشقانەکان و خەمناکەکان دەگرت. هێندەی پێ نەدەچوو ماڵئاواییم لەوان دەکرد و پێشوازیم لە ئەستێرە وروژێنەرەکانی جیهان دەکرد.  گڵۆپی سەوزم بۆ دەستپێکی شەوێکی سوور لە ژوورەکەمدا هەڵدەکرد. جاری وا هەبوو ئەم ژوورە هێندە جەنجاڵ و قەرەباڵەغ دەبوو خۆم بە هەزارحاڵ جێم دەبووەوە.  زۆر جارانیش ژوورەکە دەبووە شوێنی کۆڕ و دانیشتنی فیکر و فەلسەفە. دونیای نێو ئەم ژوورە تا رادەیەکی زۆر منی لە دونیای دەوروبەرم دابڕیبوو، بەڵام هەر ئەم دابڕینەش بوو منی کرد بە نێو جیهانی راستەقینەدا. ئاخر ئەوەی لە کتێباندا خوێندووبوومنەوە و لە فیلمەکاندا بینیبوومن، دەبوو بە راستی بەریان بکەوم و ئەزموونیان بکەم. بۆیە هاتمە دەرەوە بۆ نێو جیهان. لەم ماوەیەدا بە شتگەلێکی نوێ ئاشنا بووم؛ بە گەلێک هەستی ئەزمووننەکراو تا ئەندازەی شۆکبووندا تێپەڕیم؛ مۆراڵ و کەسێتی جۆراوجۆرم بینی؛ مرۆڤانێکم بینین چاوشکاو، رووشکاو و دڵشکاو رۆژێک پەنایان دەبردە بەر کڵێسە، رۆژێک بەر مزگەوت و رۆژێکیش بەر قەحبەخانە. مرۆڤانێکم بینی زۆر بە گەرمی دەبووینە دۆست و زۆر بە ساردیش یەکمان جێدەهێشت. غەریزەم بینی لە باڕەکان و پارکەکاندا لەگەڵ مرۆڤەکاندا ماریوانایان دەکێشا و قاقا بە عەشق و دڵسۆزی پێدەکەنین.  نهێنی سەیروسەمەرە و پەیپێنەبراوی مرۆڤ و کۆمەڵگەکانم بۆ ئاشکرا بوو. بەڵام هیچیان بە ئەندازەی ئەو راز و نهێنییە کاری لێم نەکرد کە بەم دواییانە لە دەستنووسەکەدا بینیم و هەر ئەوەیش هۆکاری پەلەکردنم بوو لە گەڕانەوەم. ئاخر خەمم بوو هەتا دەگەڕێمەوە دایکم بمرێت و رازەکەی بباتە ژێر گڵ. 

کاتێک بڕیاری سەفەرەکم بۆ روس باس کرد، ئەو گەلێ خۆشحاڵ بوو و پشتگیری کردم و پلانیشی دانا هاوەڵم بێت، بۆ ئەوەی هەم ئاگای لێم بێت و هەم راستەوخۆ نهێنییەکە لە دایکم ببیستێت. بەڵام گۆڕانی خشتەی کارەکانی پلانەکەی هەڵوەشاندەوە. پەیوەندی روس بە من و دەستنووسەکەوە لە وادەکەی گلایسی حەڤدەوە دەستی پێکرد. ئەو رۆژەی بۆ ئامادەکاری بۆ ئەنجامدانی چاوپێکەوتنێکی رادیۆیی دەربارەی کێشەی جوو لە کوردستاندا لەوێ لەگەڵ وی یەکمان بینی. 

بەشداریکردن لە چالاکی کۆمەڵایەتی جۆراوجۆر پێشنیاری توێژەرە دەروونناس و کۆمەڵناسەکان، وەکو بەشێک لە پرۆسەی چارەسەر و راهێنانەوەی دەروونی و کۆمەڵایەتی، بوو بۆ من. هەر خۆیشیان هاوکارییان کردم لە دۆزینەوەی چەند پرۆژەیەکی بواری تێکەڵاوبوونی پەنابەراندا. بەوەشدا دژایەتی جوو لە نێو پەنابەرانی موسڵماندا شتێکی بەرچاوە، بۆیە ئەم مەسەلەیە کێڵگەیەکی کارەکانی ئەو پرۆژانەیە. 

چەند رۆژێک بەر لە ئەنجامدانی بەرنامەکە ئەو دەستنووسەم بە پۆست بۆ هات. لە نێو  زەرفێکی هەڵئاوساودا بە ناو و ئەدرەسی خۆمەوە، بە بێ ئەوەی ناوی نێرەرەکەی لەسەر نووسرابێت لە ناو سندوقی پۆستەکەمدا بوو. بێ هیچ بایەخپێدانێک یا تەنانەت حەزی زانینی ناوەخنی ناو زەرفەکە و هەڵبچڕینی، فڕێمدایە سەر تەپڵەکێک. شەوی پێش وادەکەم لەگەڵ روسدا کورتە نامەیەکم لە ژمارەیەکی نەناسراوەوە بۆ هات. بە کوردییەکی لاتینی لەسەری نووسرابوو” بەو هیوایەی ئەو دەستنووسە کۆمەکێکت بۆ چاوپێکەوتنەکەی سبەینێ پێ بکات و نهێنییەکەی ناویشی راتنەچڵەکێنێت” هەوڵمدا پەیوەندی بە ژمارەکەوە بکەم، بەڵام بەردەست نەبوو. “دەبێت ئەو کەسە کێ بێت وا ئاگادارە سبەی من چاوپێکەوتن دەکەم؟” مەراقێک تێکەڵ بە ترس و شڵەژان دایگرتم. مەراقی زانینی ناوەڕۆکی ئەو دەستنووسەی لە کورتەنامەکەدا باس کراوە و ترسیش لە سەرچاوەی دەستنووسەکە و کورتەنامەکە کە بە ئەگەرێکی زۆرەوە هەر یەک سەرچاوەیە. بە پەلە زەرفەکەم هەڵپچڕی. بینیم دەستنووسێک بوو بە خەتێکی جوان لەسەربەرگەکەی نووسرابوو ” نیشتمانی سارا”. نووسینی تێکستەکەی ناوەوەیشی هەر هەمان دەستخەت بوو. بە پەلە دەستم بە خوێندنەوەی کرد ” چش لە ماندووێتیم، دەبێت ئەمشەو ئەم دەستنووسە بخوێنمەوە و بزانم ئەو نهێنییە چییە”. 

بۆ سبەینێ لە گلایسی حەڤدە، ئەو وێستگەی شەمەندەفەرەی لێوەی نزیکەی پەنجاهەزار جووی بەرلینییان بۆ کەمپەکانی مەرگ راپێچکرد، کاتێک روس چاوی پێم کەوت، هەستی بە ماندووێتی و سوورهەڵگەڕانی چاوەکانم کرد. ئێمە پێشتر دووجاران بە مەبەستی ئامادەکاری بۆ بەرنامەکە، هەر لەو جێیە یەکمان بینیبوو. ئەو بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی من، پێشنیاری دواخستنی چاوپێکەوتنەکەی کرد. بەڵام من سوور بووم لەسەر ئەنجامدانی. من کاتێک دەستنووسەکەم بۆ ئەو راگرتبوو و بە دەنگێکی لەرزۆکەوە باسی ئەوەم بۆ کردبوو ئەمە دەستنووسی رۆمانێکە، باسی نەهەماتییەکانی جووەکانی سلێمانی دەکات و ناوی دایکمیشی تێدا هاتووە، ئەوەم لە یاد کردبوو ئەو کوردی نازانێت. ئاخر من بە تەواوی شڵەژابووم. خەمێکی قووڵ تێکەڵ بە شانازیکردن بە دایکمەوە دایگرتبووم. ئێ لەوێدا  ناوی دایکم لە پەیوەند بە کەتانەوە کە کارەکتەرێکی سەرەکییە، هاتووە؛ بە بێ ئەوەی هیچ شتێکیتر دەربارەی ئەو پەیوەندییە باس بکات. روس وێڕای گرنگیدانی بە گێڕانەوەکەی من بۆ دۆخی جووەکان لە وڵات و شارەکەم، هەروەها بە پەرۆشیش بوو بۆ زانینی نهێنی ئەو پەیوەندییە. پەرۆشی و شڵەژانی هەردووکمان بۆ ئەو یەک دوو شتەی لەم دوو رۆژەدا روویاندا هۆکار بوو بۆ ئەوەی دەستنووسەکەم لەسەر سەکۆی وێستگەکە لە بیر بچێت. کاتێکیش بۆ شوێنەکە گەڕامەوە، دەستنووسەکەی لێ نەمابوو.

لە ژوورەکەم دێمە دەرەوە. دایکم لە هەیوانەکە خەریکی ئینجانەکانێتی. 

“دایکە دەمەوێت کەتان ببینین، سا یان ئەو بۆ ئێرە بانگ بکەین یا ئێمە بۆ لای وی بچین”

دایکم بە سەرسامییەوە لێم دەڕوانێت، بەڵام هەوڵ دەدات بەسەر خۆی نەهێنێت. سەری بەسەر ئینجانەکاندا شۆڕ دەکاتەوە و خۆی خەریک دەکات وەک ئەوەی بیەوێت خۆی لە وەڵامدانەوە ببوێرێت.

“دایە من هاتوومەتەوە تا ئەو رازە لە زاری خۆتەوە بژنەوم. ئەوت چۆن ناسی؟ پەیوەندیتان چۆن بوو؟ ئایا ئەو سەردەمە هەستت چۆن بوو؟ ئاخر چۆن دەبێت من نهێنییەکی گەورەی دایکم لە کتێبانەوە بزانم؟ ئەم هەموو ساڵە ئەو رازەت بۆ لە سنگتا هەڵگرتووە و بۆت باس نەکردووین؟”

ئاگام لە دایکمە چاوەکانی فرمێسکیان تێزاوە، بەڵام هیچ ناڵێت. خەریکی گڵی ناو ئینجانەکانە و سووتووی جگەرەکەی دەتەکێنێتە ناو گڵی ئینجانەکەوە، دەڵێی گەرەکیەتی تێکەڵ بە گڵ و خاکەکە بێت و بچێتەوە ناو سروشت. مەراقی من زیاتر دەبێت و دەمەوێت هەرچۆنێک بووە کاری تێ بکەم هەتا شتێکم بۆ بدرکێنێت.

” دایە! تۆیەکی موسوڵمانی کچە شێخ چۆن وێرات ئەو سەرکێشییە بکەیت و ژنێکی جوو داڵدە بدەیت؟ تۆیەک بەردەوام لە مەترسی و هەڕەشەکاندا، لە کاتی تەقوتۆ‌قدا ئایەتەلکورسیت دەخوێند، چۆن پێت بە جەرگی خۆتا نا و لە ناو ئەم حەوشە پڕ کرێچییەدا ئەو ژنەت پەنا دا؟ دایە پێم بڵێ ئایا شەوان لە خەمی ئەو ژنە و لە ترسی ئاشکرابوونی نهێنییەکەتان خەو دەچووە چاوت؟ “

برا و خوشکەکانم بەر لەوەی بە جێمان بهێڵن، هەر یەکە بە سەرسامییەوە نەدرکاندنی ئەو نهێنییەیان بۆ هۆکارێک دەگێڕاوە. یەکیان دەیگووت رەنگە لەبەر پێگە و باری کۆمەڵایەتی بوو بوو بێت. هەبوو کە هەستیاری بەرامبەر بە خەڵکی جوو هەبوو گومانی لە باوەڕ و موسڵمانێتی دایکم لا دروست بوو” نەکا دایکمان بە نهێنی بووبێتە جوو”.   

دایکم دەست بە بەرباخەڵیدا دەکات و لە جزدانەکەیدا وێنەیەکی کۆنی رەشوسپی چوارگۆشەیی دەردەهێنێت و لێی رادەمێنێت. سیمای خۆی لە وێنەکەدا دەناسمەوە لەگەڵ ژنێکی تردایە. مەزەندە دەکەم ئەو ژنە کەتان بێت. وا تێ دەگەم وێنەکەی بۆ من راگرتبێت، بەرەو لای ئەو دەچم هەتا وێنەکەی لێ وەرگرم. بەڵام ئەو بە چەرخەکەی دەستی گڕ لە وێنەکە بەر دەدات. فریا ناکەوم رێ لە سووتانی وێنەکە بگرم و هەتا دەیگەمێ، وێنەکە بە تەواوی دەسووتێ. 

” دایکە توبی خوا، رووم تێکە و باسی خۆتم بۆ بکە”

دایکم سەری بەسەر ئینجانەکاندا شۆڕ کردۆتەوە و لە سووتووی وێنەکە را دەمێنێت.

” ئێی کەتان گیان! دەبێت کاممان بۆ لای ئەوی دیمان بچین و وەکو هەموو جارێک باسی ئەو سەردەمەی خۆمان بکەین” دایکم بە دەم لاواندنەوە وا دەڵێت و بە بێ ئەوەی روو لە من بکات بە بەر خۆیەوە دەڵێت” دەبێت بۆ سەر قەبران بچم”

کەوایە کەتان مردووە! خەم و پەرۆشیم  تێکەڵ بە یەک دەبن. هەم خەمبارم بە مەرگی ئەو ژنە و بەوەی مەرگ نەیهێشتووە بیبینم، هەم پەرۆشیشم کە دواجار لە زاری دایکمەوە گوێبیستی رازەکەی خۆی و کەتان دەبم. هیوا دەخوازم تەواوی وردەکارییەکانی ئەو سەربووردەیە بزانم. بەڵام کەمێکیش نیگەران دەبم لەوەی داخۆ دایکم دەتوانێت بە گردی گۆڕستاندا هەڵزنێت؟ بەر لەسەفەرکردنم دایکم رۆربەی ئێواران دەچووە سەر گۆڕی خوشکە تازە کۆچکردووەکەم. من ئاگادارم ئەو هەتا ئێستایش هەفتەی جارێک بە لارەلار بۆ سەر گۆڕستان دەچێت. دایکم رازی نابێت بە ماشێن بۆ سەر گۆڕستان بچین. ئەو بە کۆمەکۆم و بە یارمەتی گۆچانێک رێ دەکات و منیش هێواش هێواش لەگەڵی رێ دەکەم، بە بێ ئەوەی کەسمان هیچ بڵێین. دەگەینە دامێنی گۆڕستانەکە، دایکم تەواو شەکەت دەبێت و بۆ حەوانەوە کەمێک دادەنیشێت. سەرنجێکی گۆڕستانەکە دەدەم. ناو گۆڕستانەکە هەمووی دڕکوداڵە وسەوزایی تێدا نییە. ئەو چەند درەختە زڕ و رووتەڵە تۆزاوییەش نیشاندەری ماتەمی سروشتن بۆ مەرگ، بۆ دڵڕەقی. دیوارێکی بەردین بە دەوری گۆڕستانەکەدا هەڵچنراوە و شەقامێکی کۆنکرێتیش بە چوار دەوریدا دروستکراوە. وەک ئەوەی نیازی ئەوەیان هەبێت مەرگ و مردووەکان لەو بازنەیەدا قەتیس بکەن و لە ژیان و زیندووەکانیان داببڕن. جگەرەیەکی بۆ پێ دەکەم و دەیدەمە دەستی، بەڵام ئەو بە پێچەوانەوە دەیبات بۆ لێوی و لێوی دەسووتێت. سەرنج دەدەم دایکم باری تەندروستی تێکچووە و بە لادا دێت. 

لە نەخۆشخانە پزیشکەکان پێمان رادەگەیەنن ئەو جەڵتەی مێشک لێیداوە و ئێستا ئەو بێهۆشە چونکە زیانێکی زۆر بە مێشکی گەیشتووە. بە هۆی تەمەنەکەیەوە ئەگەری ژیانی کەمە، خۆ ئەگەریش بژیێت ئەوا توانای رۆیشتن و قسەکردنی نابێت و یادەوەریشی بە تەواوی تێک دەچێت. 

 

٧.٩.٢٠٢٢

        

      

Date/Time: