Minerva

دژی چەقبەستووییەکان
بەرگریکردن لە سەلمان ڕوشدی

ئێدوارد سەعید

و. لە ئینگلیزییەوە: پێشڕەو محەمەد

«ڕوشدی ڕاپەڕینی خەیاڵە». – سەعید

ئەمە تەنها «حاڵەت»ێک نییە، بەڵکو مرۆڤێک و کتێبێکە. سەلمان ڕوشدی وەک مرۆڤێک لەسەرووی بیرلێکردنەوەوە ناڵاندوویەتی و ئازاری چەشتووە. لە چوار ساڵی خۆشاردنەوەیدا [سەعید ئەم وتارەی لە ١٩٩٣دا نووسیوە-وەرگێڕ] ژیانی کەسیی و ئارامیی کەسیی خۆی لەدەستداوە. بە ناچاربوون بە هەڵاتن و جێگۆڕکێی بەردەوام، دوور لە خێزان و هاوڕێ و یارانی، ڕوشدی بووەتە مرۆڤێکی ڕاوکراو، ئەوەی پێکەنیناوییە ئەم ڕاوکردنە بەبەرچاوی هەموو جیهانەوە ڕوودەدات، فەتوا ترسناک و کوشندە ئێرانییەکە دژی ئەو – فەتوایەکی تۆڵەستێنەرانەی کەلەڕەق و لە ناوەرۆکیشدا بووەتە فەتوایەکی کوشندەی دەبەنگانە – ئێستا بووەتە شتێکی جاروباری بەڕێکەوتی ناو میدیا. نابێت هیچ کەسێک، لەژێر هیچ هەلومەرجێکدا بەمجۆرە بژیت. 

بەڵام ئێمە دەبێت هەروەها خودی کتێبەکەشمان لەیاد بێت، کتێبی ئایەتە شەیتانییەکان. کتێبێکی داستانیی کۆچ، ناسەقامگیریی و بەرزی و نزمیی، تەحەددای هەموو چەمکسازیی و بۆچوونەکانی شووناسی جێگیر دەکات، پڕ لە نوکتە و ڕەسەنایەتیی کە کاتی دێت دەرک بکرێت. بۆ خوێنەران لایان قورس و زەحمەتە وزە ناوەکییەکەی کتێبەکە قبووڵ بکەن؟ لەبەرئەوەی نەک تەنها چەقبەستووییە ئایینییەکان هەڵدەگەڕێنێتەوە، بەڵکو هەروەها چەقبەستووییە نەتەوەیی و کولتوورییەکانیش. ئایەتە شەیتانییەکان ڕۆمانێکی مەزنە تەحەددا و جەنگێکی مەزنیشە بۆ هەموو خوڵ و نەریتە جێگیرکراوەکان، دژ بە دەسەڵاتخوازیی تەمەڵ، دژ بە بیرنەکردنەوە، دژ بە ڕامانی ناوشیارانە. ئەگەر بەوجۆرەی وا وێناکراوە کتێبەکە نەفرەتێکی پڕ لە ڕق و کینەیە بەرانبەر ئیسلام، ئەوا خوێنەران دەیانتوانی وەلای بنێن و فەرامۆشی بکەن. ئایەتە شەیتانییەکان کتێبێکی سەرنجڕاکێش، پڕ لە وزە و گاڵتە و گەپە: کتێبەکە ئامۆژگارییەکی مرچ و مۆنی دوور لە پێکەنین و خەندە پێشکەش ناکات، بەڵکو کەرنەڤاڵێکی یاخیگەرانەیە و زۆر مرۆییانەترە لە دژە-ڕێباز یاخود لە دۆگمایەکی نوێ. لەبەرئەوە نووسەر کتێبەکەیە. 

بەم دواییانە سەلمان ڕوشدی ئامانجێکی نووسەران و هەروەها ژنان و پیاوانی ئاسایی بووە کە لە جیهانی پێشووی کۆڵۆنیزەکراودا دەژین، لە وڵاتانی ئیسلامیی یان عەرەبیی و لە زۆربەی بەشەکانی جیهانی سێیەمدا دەژین. 

ڕوشدی هەموو ئەو کەسانەیە جورئەت دەکەن دژی دەسەڵات قسەبکەن، بڵێن ئێمە سوورین لەسەر بیرکردنەوە و دەربڕینی بیرۆکە قەدەغەکراوەکان، بانگەشە بۆ دیموکراسیی و ئازادیی بیروڕا بکەن. کاتی ئەوە بۆ هەموو ئەوانەمان هاتووە کە لە بەشەکەی جیهانی ئەوەوە دێین، بڵێین ئێمە دژی ئەم فەتوایە و هەموو ئەو فەتوایانەی دیکەین کە ئامانجیان بێدەنگکردن، کوتان، زیندانیکردن یاخود ترساندنی خەڵک و قەدەغەکردن، سووتاندن و نەفرەتکردنە لە کتێبەکان. ڕوشدی، کتێبەکەی، و ژیانی لە هەموو ئەو بەرانە دەوەستێک کە ستەمکاریی دەوێرێت دەنگی هەڵبڕێت و فەرمانە کوشندەکانی پیادە بکات. حاڵەت و کەیسی ڕوشدی بەڕاستی پەیوەندیی بە هێرشکردنە سەر ئیسلامەوە نییە، بەڵکو نوکێکی تیژە لە پێناوی خەبات بۆ دیموکراسییدا کە لێمان سەندراوەتەوە، و ئەم ئازایەتییەش نابێت بووەستێت. ڕوشدی ڕاپەڕینی خەیاڵە. 

سەرچاوەی وەرگێڕان

Edward Said, The Selected Works 1966-2006, edited by Moustafa Bayoumi and Andrew Rubin, Vintage Books, New York, 2019.

Date/Time: