Minerva

مارکسیزم و زانســتی دەروونزانیی

 

نووســینی:سوزان ڕۆزێنــــتال[*]

وەرگێڕانی: عومەری خەتات

 

سەرەتای وەرگێــڕ:

زانــیاریی وئامارەکان لەسەر نەخۆشــییە دەروونیــیەکان سەرسوڕهێــنەرن. بە پێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی تەندروســــتی جیهانی، زیــاتر لە ٣٠٠ ملیــۆن مرۆڤ لە جیهـــاندا نەخۆشــی خەمۆکی (Depression)ــیان هەیە. نزیك ٢٣ ملیۆن کەس نیشانەکانی نەخۆشی شیزۆفرینـــی (schizophrenia)ـایان هەیە، لە کاتێکدا ساڵانە نزیکەی هەشـــت سەد هەزار کەس خۆیـــان دەکوژن. بەپێی ئامارەکانی پەیمانگای تەندروستی گشتی نەرویج، ئەم وڵاتەی کە منی لێــم، نزیکەی لەسەدا ٧-٨ (نزیکەی ٧٠ هەزار) لە نێوان تەمەنی ٣ بۆ ١٨ ساڵیدا نەخۆشییەکی دەروونییان هەیە کە پێویستە چارەسەر بکرێن. من نازانم ئامارەکانی کوردســتان لەسەر بوونی جۆرەکانی نەخۆشــی دەروونی چی دەڵێـــن! وە نازانم ئەگەر ئامارمان هەبێـــت یان نا! 

زانستی دەرووننـــاسی زانســتێکی ئاڵۆزە، لێکۆڵیــنەوەیە لە مرۆڤ لە بارە ئاســـایی و نا ئاســاییەکەیدا. لە ڕوانگەی دیالکتیــکەوە عەقـــڵی مرۆڤ ڕەنگدانەوەی جیهانی سروشتی و کۆمەڵایەتی دەرەکییە. ئەم ڕەنگدانەوەیە لەناو تاکەکاندا لە ڕەوتی چالاکی کۆمەڵایەتیـــاندا ئەنجام دەدرێت. تا ئەو کاتەی چالاکیــیەکانی مرۆڤ کۆمەڵایەتی بێت، پشت بەستنی زانســتی دەروونناسی بە جیهانی کۆمەڵایەتی و بە چالاکی کۆمەڵایەتی تاك گرنگییـــەکی قووڵ وەردەگرێت. بە پێچەوانەی ئەم تێڕوانیــنە مارکســیستییە، قوتابخانە لیبراڵیــیەکان ئەم تێڕوانیــنە جەدەلیــانەیان بۆ ڕەفتاری ناوە و دەرەوەی مرۆڤ نیــیە، بۆ نموونە جۆن واتسونی ئەمریکی کە سەر بە قوتابخانەی “ڕەفتاریــیەکان”ـە، هەموو پرۆسە دەروونیــیەکان کورت دەکاتەوە بۆ ڕەفتــارەکانی دەرەوە، هۆشمەندی عەقڵی و هەسـتەکان وەلا دەنێــت و تاکە ئامانجی زانســتی دەرووننـاسی لە ناســینی ڕەفتارەکاندا پێناسە دەکات، بۆ گۆڕیــنی ڕەفتارەکانیش دەکرێت هەموو جۆرە ئامرازێك بەکاربهێــنرێت، تەنانەت نامۆرالتریــنیشیان!. هەروەها تیۆرە میتــافیزیکیــیەکانی فرۆیــدیش بە جۆرێکی تر و بە تەرکیزکردنە ســەر عەقڵێــکی نائاگا، جیــا لە واقیعی کۆمەڵایەتی دەیەوێت پرسە دەروونیــیەکان چارەسەر بکات. 

 لە کۆمەڵگەی ســەرمایەداریــدا چەمکەکانی نەخۆشــییە دەروونیــیەکان بە گشــتی دەلکێــنرێن بە بایۆلۆژیــاوە، ئەم تێڕوانیــنە بووەتە شــێوازێکی باو تەنـــانەت لای مەخیلەی گشــتی، بە پێچەوانەشەوە پەیوەندیـــیەکانی نێوان نەخۆشــی دەروونی و دۆخی کۆمەڵایەتی تا ڕادەیەکی زۆر وەلانراوە. ئەگەرچی “هەندێ جار” لە تەفســیرکردنی تێکچوونی دەروونیەکاندا پەنا دەبرێــتە بەر هۆکارە کۆمەڵایەتییــەکان بەڵام لە کۆتاییـــدا باسەکە قەتیس دەکرێــتەوە بە تاك و ئەو خەلەلە جیناتی و بۆماوەیـــیانەی کە تاك هەڵگریەتی. 

ئەم بـــاسەی سوزان رۆزینــتاڵ ڕۆچوونێکی ووردە بە ناو ئەو پەیوەندیەدا، تێــیدا دەریدەخات کە ئەوە ســیستەمی سەرمایەداریــی و تایبەتمەندی پەیوەندیــیە کۆمەڵایەتییەکەیەتی بەرپرســن لەو ئاســتە بەرزەی نەخۆشـــییە دەروونیــەکان. بەو پێــیەی کە روزینتـــاڵ لە پاڵ ئەوەی کەســێکی سۆشــیالیست و مارکســیستە، ٥٠ ساڵیش پزیشــك بووە. ئەو خۆی پێیوایە کە هیـــچ شــتێك لە کۆمەڵگەی ســەرمایەداریــدا تەندروســتی بۆ مرۆڤەکان و ژیــنگەکەیان دروســت ناکات. نایەکســانی، ڕەگەزپەرســتی، ســێکسیزم، جەنگ و نەخۆشـــییەکان سەرچاوەی سەرەکی کەڵەکەی سەرمایـــەن.

پێش هەفتــەیەك بە ڕێکەوت کەوتم بەســەر ئەم باسەی رۆزیناڵدا و گەلەك پێمجــوان بوو، بۆیە بڕیـــارم دا وەریگێڕمە سەر زمانی کوردی و بۆ ئەمەش هەر لە وێــباســایتەکەی خۆیەوە نامەیەکم بۆی نارد. دوای دوو رۆژ وەڵامی دایەوە و وێرای خۆشــحاڵی و دەســتخۆشی لێکردن، ڕێیپێــدام بە وەرگێڕانی هەر بابەتێك لە بابەتەکانی ئەو بۆ سەر زمانی کوردی و خۆشــحاڵی خۆیشی نیشــان دا کە بابەتە وەرگێڕدراوەکە یان لینکی ئەو شــوێنەی بڵاوی دەکاتەوە ببیــنێت. ئەمەی خوارەوە نامەکەی رۆزیــنتاڵە:

 

Dear Bako,

You honor me with your request. You have my permission to translate this and any other of my writings into Kurdish. Please send me the finished translation or the link to where it is published.

Thank you for your efforts.

in solidarity

Susan Rosenthal

Socialism is the best medicine

 

مارکسیزم و زانســتی دەروونـــزانی

 

لای ماركس و ئەنگڵس سەرمایە پەیوەندییــەکە و سەرمایەداریش سیســتەمێكە لە پەیوەندی! ئایا مەبەستی مارکس و ئەنگلز ئەوە بوو کە هەموو لایەنێــك لە لایەنەکانی پەیوەندیــیەکانمان، ئەوانەی لەگەڵ خۆمان و ئەوانی دی و لەگەڵ کۆمەڵگادا لە لایەن سەرمایەداریەوە لە قاڵب دەدرێت؟ وە ئەوە شۆڕشی سۆسیالیستییــە کە دەتوانێــت گشت ئەم پەیوەندیانە بگۆڕێت؟ ئایـــا وەسفەکەی ئەوان زۆر گشتگیر نەبوو؟ ئایا هەندێك لە لایەنــەکانی ئەزموونی مرۆڤایەتی كاریگەری كۆمەڵگەیان لەسەر نییە، بۆیە پێویستمان بە شـــتێكی ترە جگە لە ماركسیزم بۆ تێگەیشتن لێی و شتێكی زیاتر لە سۆسیالیزم بۆ گۆڕینیــان؟ ئەمەیە جەوهەری ململانێی نێوان مارکسیزم و زانســتی دەروونــزانی!

 

کۆنتێـکست

میتۆدی مارکســیستی ئەزموونی مرۆڤ لە چوارچێــوە کۆمەڵاتی- مێژوویـــیەکەیدا چاولێــدەکات، بەڵام زانســتی دەروونـــزانی، دەروونشیکاریی، چارەسەری دەروونی، زانســتی پزیشکی، زانستی جیـنات و بەشــێکی زۆری پسپۆڕیــیەکانی تر، تاك “یان بەشــێك لە تاك” بە جیـــــا لە چوارچێوە کۆمەڵایەتییــەکە دادەنــێن. بۆ ئەم زانســتانە گریمانەکە ئەوەیە کە تـــاك یان “بەش”، هەڵگری ســیفاتی بایۆلۆژی یان دەروونی “جێگیر”ن کە کۆمەڵێك یاســای جیــاواز لە یاســاکانی کۆمەڵگە گەورەکە بەڕێوەیــان دەبەن! بۆیە تەنها دەتوانرێت لە سەر ئاستی تاك یان بەش ئەو ســیفاتانە بگۆڕدرێن!.

 

جیــاکردنەوەی تاك لە کۆمەڵ بەمەبەســتی جەختکردنەوە لەسەر تاك، ئایدیۆلۆژیـــایەکی سەرمایەدارییــە نەك زاست. پێشخســتنی فاکتــەرەکانی تاك دەبێـتە هۆی بێــبەری کردنی سـیستەم لە بەرپرســیارێتی. خۆ ئەگەر تاك توانـــــــــای هەڵبژاردنی ڕووداوەکانی هەبوایە، دەکرا لەسەر ئەو هەڵبژاردنە خراپە لۆمەیەك بکرایە، ئەمەش دەبێــتە هۆی مانەوەی ســـیستەم لە تەنگــــەژەدا!.

 

زانســت پێمان دەڵێت کە کۆمەڵگە و تاك لە کارلێکێــکی داینامکیــدا یەکتر لە قاڵب دەدەن. ئەگەر یەکێـــکیان قورســایی زیاتری هەبێت ئەوا ئەو ژینگە ماددی و کۆمەڵایەتیـــیە کە جۆرەکانمان لێــیەوە پەرەی سەندووە و سەرمایەداری ژەهراوی کردووە. 

 

زۆربەی زۆری نەخۆشــیەکانی شــێرپەنجە لە ژەهـرە ژیــنگەییەکانەوە سەرچاوە دەگرن، بەڵام هێشـــتا ئەوە قوربانیــانی شێرپەنجەن کە تاوانبار دەکرێن بە هەڵبژاردەی ناتەندروســت و بە هەبوونیــان بۆ “کەســایەتی شێرپەنجە” یـــان “جیــنی شێرپەنجە”! بە هەمان شــێوە نامۆیــی دەبێـــتە هۆی ناڕەحەتی دەروونی بۆ مرۆڤ، بەڵام هێشــتا خەتــاکە دەخرێــتەوە ملی نەخۆشەکە، دەخرێــتەوە ملی بیرکردنەوەی هەڵە یان کیمیـای لەرزۆکی ناو دەماغ و جیــناتی عەیبــدار. خەتابارکردنی قوربانیەکە دەبێــتە هۆی پاراســتنی سیستەم ئەویش بە هێشتنەوەی تەرکیز لەسەر ئەوەی تاکەکان چی دەکەن لەبری ئەوەی سیستەمەکە چیـــیان بەســەر دەهــێنێت

 

ستەمکاری

پێشتر، “نەخۆشی دەروونی” بە واتای شـــێتی دەهات. نامیلکەی ئەمریکی بۆ نەخۆشییە دەروونیـــیەکان لە ساڵی ١٩١٨دا ٢٢ جۆری دەستنیشانکردنی ئەم نەخۆشــییەی لەخۆگرتبوو، کە ٢١ جۆریــان ئاماژەیــــان بە یەکێــك لە جۆرەکانی شـــێتی دەکرد. 

لەو کاتەوە جۆری “نەخۆشی دەروونی” پەرەی سەند و کۆمەڵێكی زۆر لە ڕەفتاری لادان و یاخیــبوونی لە خۆ گرت لەوانــــە، هەمەڕەنگیی دەمارەکان [مەودای جیاوازیــیەکانی نێوان ئەرکەکانی دەماغ و تایبەتمەدنییــە ڕەفتــارییەکان کە وەك بەشــێکی ئاســایی مرۆڤدا سەیر دەکرێت] “، وەڵامدانەوەی سۆزداری بۆ گۆشەگیری و بێبەشبوون، و نیشانەکانی پەیوەست بە زەبر.

 

ناوی “نەخۆشی دەروونی” بەکاردێت بۆ مامەڵەی ئەو کەســـانەی کە ناڕەزایەتی دەردەبڕن، ئەوانەی ئازار دەچێژن و ئەوانەی کە پێداویستییەکانی ژیــانیان ووزەی بەرهەمهێنان تێکدەدەن، جا بەربەســتەکە جەســتەیی بێت یان دەروونی، ئەوانەی کەم بەرهەمن بەوە ناوزڕ دەکرێــن کە ئەمانە لە ڕووی کۆمەڵایەتیــیەوە کەموکوڕیــیان هەیە و کەم تا زۆر دەگۆڕدرێـــن.

ئەو کەسانەی مۆری “نەخۆشی دەروونی”یــان لێــدەدرێت، دەگۆڕدرێــن بۆ گرووپێکی ســتەملێکراو و ژێردەســتە. وەك هەموو جۆرەکانی تری ستەمکاریی، ئەم نەخۆشــییە دەکرێت لە هەموو کەس بدات بە جیــا لە پێگەی چیــنایەتی. بەڵام دیســان وەك جۆرەکانی تری ستەمکاری، بارگرانییەکەی زۆرتر دەکەوێتە سەر شــانی چینی کرێکار. ئەو کەســانەی تووشبووی نەخۆشــییە دەروونیــیەکانن تووشــی هەڵاواردنی یاســایی، پزیشکی، کۆمەڵایەتی و نێشــتجێــبوون دەبنــــەوە، دەتوانرێت بە زۆر بخرێــنە ناو دەزگا تایــبەتەکانەوە، بەبێ ویســتی خۆیــان بێهۆش بکرێن و بێــبەش بکرێن لە بڕیاردان لەسەر ژیانی خۆیــان. ئەم گروپە بەشــێکی زۆری زیندانیـــیەکان پێکدەهــێنن و زۆربەشـــیان بێکار و هەژار و بێ خانەو لانەن.

چەوســانەوە بۆ ســیستەمی سەرمایەداریی حاڵەتێکی جەوهەریــیە. ملکەچپێکردنی گروپە چەوســاوەکان، چیــنی کەمیــنەی باڵادەســت دەســتئاوەڵاتر دەکات بۆ دابەشکردن و حوکمی چیــنێکی کرێکاریی گەورەتر، بە تایبەتیش ستەم لەو کەســانەی کە نەخۆشی دەروونییـمان هەیە هاوجووتە بە فیکر و هەست و ڕەفتاری کۆمەڵگە بە گشــتی.

 

سەرپێچیکردن

 

کاتێــك پزیشکیی دەروونی سەرپێچیکردن وەك تێکچوونێکی دەروونی دەناســێنێت، ئەوا خزمەتێك دەکات بە سەرمایەداری. لە ساڵانی پەنجاکانی سەدەی ڕابردوودا، ناوی ‘شیزۆفرینیا’ بەکاردەهێنرا بۆ ئەو ژنـــانەی ماڵەوە کە ناڕازی بوون. ڕاپەڕینە دژە ڕەگەزپەرستەکانی ساڵانی شەستەکان وایکرد (دەستنووسی دەستنیشانکردن و ئاماری تێکچوونە دەروونییەکان- DSM) لە ئەمریکا پێــناسەی بۆ شیزۆفرینیا لە باری دەروونی خەمۆکیــەوە بگۆڕێت بۆ دوژمنایەتی و شەڕانگێزی و وەهمەکانی گۆشەگیری. واتە لە ژنەکانی ماڵەوەی سپی پێستەکانەوە گۆڕدرا بۆ ڕەشـــپێستە یاخــییەکانی ناو شارەکان. ئەمڕۆ، ئەمریکیـــیە ڕەشپێستەکان سێ بەرابەر زیاتر لە ئەمریکییە سپی پێستەکان ئەگەری ئەوەیان هەیە کە بە “شیزۆفرینی” ناوزەد بکرێن.

 

پزیشکانی دەروونی و زانـــا دەروونناسەکان هەســتان بە مامەڵەکردنی ناڕەزایەتی کۆیلەکان و هەڵسوڕاوانی سیاسی. هەروەها هەســتان بە ئەنجامدانی نەشـــنەرگەریی مەمك بۆ ژنــــانی یاخی و گۆڕیـــنی ڕەگەزی هاوڕەگەزبازەکان. لە پرۆســەی لێکۆڵینەوە و ئەشکەنجەداندا بەشـــداربوون و هەســتان بە کەمپیــنی “کوشــتنی بەزەیی” و “پاکژ”کردنی ئەوانەی کە “کەموکوڕی کۆمەڵایەتی”یــان هەیە. ماددە بێــهۆشکەرەکانــیان دەدایە سەربازان بۆ ئەوەی بەردەوام بن لەسەر کوشــتن، هەمان ئەو ماددە بێهۆشکەرانەیـــان دەدایە بەسەڵاچووەکان و زیــندانیــەکان بۆ ئەوەی بێــدەنگیــان بکەن، بە هەمان شــێوە دەیاندایە منداڵه یاخــییەکانیش.

کاتێك خێزانەکان دەکەونە قەیــرانەوە، دایك و باوكەکان کەمتر دەتوانــن پێداویستییە سۆزدارییەکانی منداڵەکانیـان دابیـــن بکەن. هەروەها قوتابخــانەکانیش لە ڕێـی زیــندانی کردنی منداڵان لە ژوورە داخراوەکاندا بۆ ماوەیەکی زۆر و دانی ئەو زانـــیاریانەی کە هیــچ پەیوەندیــیەکیان بە ژیـــانیانەوە نیــە بەشــدارن لە زیــادکردنی ئەو دۆخە نالەبارەی منداڵاندا. لەو دۆخەدا کاتـــێك منداڵان ناڕەزایەتی دەردەبڕن، لە لایەن کەسانی پسپۆڕەوە بە تێکچوونی دەروونی و دایك و باوکیشــیان بە ناتەواو پێــناسە دەکەن. 

کاتێك منداڵ ئەم مۆرەی لێــدەدرێت، ئەوکات دایك وباوکەکان لە ڕووی یاســاییەوە ناچار دەکرێــن کە بێهۆشــیان بکەن. ساڵی ٢٠١٣ زیاتر لە هەشت ملیـــۆن منداڵی ئەمریکی کە تەمەنیـــان لە خوار ١٧ ساڵەوەیە، دەرمانی دەروونیـــیان بۆ نووسراوە. ملیۆنێك لەو منداڵانە تەمەنیان لە خوار پێنج ساڵانەوە بووە و چارەکی ملیۆنێکیشــیان تەمەنیان کەمتر لە ساڵێك بووە.

 

زانســــــــتی ساخـــــتە!

سۆسیالیستەکان بەرگری لە چەوســـاوەکان دەکەن. ئێمە ئەو ئارگیومێـــنتە ڕەتدەکەینەوە کە دەڵێــت ئەرکی ژن پەروەردەکردنی منــداڵە چونکە لە ڕووی جینیـــیەوە وا بارهاتوون کە ببـــنە پەروەردەکار. ئێمە ئەو ئارگیومێـــنتە ڕەتدەکەینەوە کە دەڵێت ڕەشپێستەکان زیاتر ئەگەری هەژاربوونیان هەیە چونکە کەمــتر زیرەکن. ئێمە تێـــدەگەین کە ئەم جۆرە ئارگیومێنتە بایۆلۆژییــــانە لەسەر بنەمای زانست دانەمەزراوون بەڵکو زانستی ساختەن – پڕوپاگەندەیەکن بە پۆشــاکی زانســتەوە. ســەرمایەداریی بە شــێوەیەکی مەنهەجی زانســت و زانســتی ســاختە تێکەڵ دەکات، ڕاســتییەکان بە پڕوپاگەندەی ناڕاســت دەگۆڕێت. نموونەیەك لە زانســتی ســاختە ئەو بانگەشــەیەیە کە دەڵێــت نەخۆشــی دەروونی ڕەگەکەی لە بایۆلۆژیـادایە. 

مۆدێلی بایۆلۆژی نەخۆشــییە دەروونــیەکان عەقڵ کورت دەکاتەوە بۆ مێشــك و ئەمیــان دەبێــتە بابەتی لێکۆڵیــنەوە و چارەسەر “یەکێك لە نموونەکانی ئەم مۆدێلە فرۆیدیزمە کە مێشــك کورتدەکاتەوە بۆ ئەندامەکانی زاووزێ”. ناکرێت ئەم ماتریالیزمە بێــمانایە لەگەڵ ماتریالیزمی مارکســیستیدا تێکەڵ بکرێت کە نەخۆشــییە دەروونیــەکان لە ســیاقی کۆمەڵایەتی و مێژوویــدا بۆی دەڕوانێت “دەربڕینی تاکەکەسیی لە کۆمەڵگەیەکی نەخۆش و بەهۆی کاری نامۆوە”.

ئەو ڕاســتییەی کە بارودۆخی کۆمەڵایەتی نەخۆشی دەروونی بەرهەم دەهێنێـــت ڕاســتییەکی ڕۆشــنە و بەرهەمهێـــنانی نەخۆشیە دەروونییەکان لەسەریانە کە پێچەوانەی ئەمە بســەلمێنن. چاپی ساڵی ١٩٥٢ی (دەستنووسی دەستنیشانکردن و ئاماری تێکچوونە دەروونییەکان- DSM)، پێناسەی نەخۆشی دەروونی دەکات کە “پەرچەکرداری ڕووداوێکی دەرەکیــی” یان هەڵوێســت یان دۆخێکی بایۆلۆژیــیە، بەڵام ئەم پەرەگرافە لە هەموو چاپەکانی دواتردا لابرا! شکســتی DSM لە دیاریکردنی هۆکاری دەرەکی نەخۆشــییە دەروونیــیەکان دەگەڕێـــنێتەوە بۆ ناو تاك ” بیروباوەڕە هەڵەکان، رەفتارەکان، کیمیـــــا یان جیـــنات”، چارەسەریش لێرەدا گۆڕینی نەخۆشەکەیە نەك ئەو دۆخەی کە دووچاری نەخۆشــییەکەی کردووە. لێرەشەوەیە کە “نموونەی بایۆلۆژی” جەخت دەکاتەوە سەر بەکارهێــنانی دەرمان و توێــژینەوە جیناتییــەکان. ئەم پرۆسەیە واتە ڕێنیشـــاندانی نەخۆش بۆ گۆڕینی بیروباوەڕ و هەســت و ڕەفتارەکانی ڕووبەڕووی کێشەیەکی تر دەبێــــتەوە کاتێـــك نەخۆشەکەیە کورت دەهـــنێت لە وەلامدانەوە لەگەڵ چارەسەرەکەدا.

 

دەروونــنەخۆشی

هەندێــك دان بەوەدا دەنێـــن کە ڕەنگە بارودۆخە پێچەوانەکە ببێــتە هۆی میحنەتی منــداڵ و تێکچوونە ســۆزدارییەکانی وەکو دڵەڕاوکێ و خەمۆکی، بەڵام تێـکچوونە ئیدراکیــیەکانی وەکو کێشە دەروونییەکان دەگێڕنەوە بۆ هۆکارە بایۆلۆژیــیەکان، بەڵام ئەم لۆژیــکەش هەڵەیە!.

ئیدراکی مرۆڤ لە رووی کۆمەڵایەتییــەوە بنیــات نراوە، ئەو ئایدیـــایانەی زاڵن لە کۆمەڵگەدا بیرکردنەوەی خەڵك دیاری دەکەن، چیــیان دەوێت، متمـــانەیان بە کێ هەیە، لە کی دەترســن و کێ خەتابار دەکەن، چی شیـــاوە و چی ناشــیاوە. پێچەوانەی ئەمەش ڕاســتە واتە بەدحاڵیبوونیش بەرهەمێکی کۆمەڵایەتییە. دەرووننـاسان و ڕاوێژکارانی مێدیاکان و پسپۆرانی بەڕیوەبردن تەرخان کراون بۆ بۆ فرۆشــتنەوەی ســیستەمێك لە فریودان[ئێرە وڵاتێکی ئازادە] و دژایەتی [ جەنگ وەك دەستێوەردانێکی مرۆیی]، ئینکاری ئەزموونی ژیـــاو [کارێکی قورس هەمیشە پاداشت وەردەگرێت]، هەڕەشە [کار بکە یان برســی بە]، لە کاتێکــدا زۆربەی خەڵك ئەو شــتانە قبوڵ دەکەن کە نامەقبولە! بەڵام بە دڵیــان نیــیە، هەندێکیــان بە ئاشکرا لێی یاخی دەبن، هەندێکی تریشیان لە ڕێگەی نیشانە جەســتەیی و دەروونییـــەکان و ئالوودەبوون و خۆکوشتنەوە ناڕەزایەتی دەردەبڕن. هەندێکیان بەرەو واقیعێکی جیــــــــاواز هەڵدێن. 

شـــێتی بە شــێوەکی گشــتی، لە کاتی گواستنەوە لە هەرزەکاریـــیەوە بۆ گەورەیی گەشە دەکات، کاتێـــك دژایەتی لە نێــوان شــێوەی جیهان لەدەرەوە  و ئەوەی کە دەبێ ببێت لە ناوەوە بە توندی ئەزموون دەکرێت. نەتوانیـــن لە چارەسەرکردنی ئەم پارادۆکســە هەندێ کەس تووشــی دڵەڕاوکێ و گومانێکی گەورە دەکات. جیهـــان مانای نیــیە بۆیە ئەوانیش ” لە واقیع دادەبڕێــن” و لە دنیــایەکی خەیاڵی خۆکردەدا دەخولێــنەوە کە مێـــتافۆرە خەیاڵییەکان ئەو شتانە دەگەیەنن کە ناتوانرێت دەربڕینیـــان بۆ بکرێت. هەموومان لەگەڵ یەکتر قســە دەکەین بەڵام شــیتی ئەم پەیوەندیــیە خودییە تێکدەدات بە شــێوەیەك کە دەنگە ناوخۆیــیەکان بە هەڵە درك دەکرێــن و پێمان وایە کە لە دەرەوە بێــن، هەروەهـــا ئــاماژە بیــنراوەکانیش بە هەڵە ئیدراك دەکرێــن، کەسەکان و شــتەکان لە فۆرمێـــکدا پێمان دەگەن کە لە واقیعـــدا بوونیـــان نیــیە.

بنــاغە کۆمەڵایەتیــیەکانی شــیتی لە لایەن زانـــایانی بایۆلۆژی و دەرووننــــاسانەوە ڕەتدەکرێـــتەوە. ئەوان کەســی نەخۆش وەك لیســتێك لە دیاردەکانی بێــتوانایی مامەڵە دەکەن کە پێویســتە ڕاســت بکرێــتەوە. لێرەدا ئەزموونی کەسەکە، دیدگاکانی و پێــداویســـتییە کۆمەڵایەتیـــیەکانی پشــتگوێ دەخرێــن و هیــچ بایەخــێك نادرێت بەو شـــتانەی کە کەســەکە لەڕێــی قســە و سۆز و زمانی جەســتە و ڕەفــتارەکانیــەوە هەوڵی دەربڕینـــیان بۆ دەکات، بەڵکو زیـــاتر فۆکوســەکە لەسەر یاری کردنە بە کیمیـــای دەماغ  و بەرەنگاربوونەوەی جیــنە عەیـــیبدارەکان و کۆنترۆڵی ڕەفتـــارەکانە.

 

پشــتیوانی کۆمەڵایەتی

باشــترین چارەسەر بۆ نەخۆشـــییە دەروونیــیەکان پشــتیوانی کۆمەڵایەتیــیە. توێژینەوەیەکی گەورەی ئەمریکی دەریخســت کە ئەوانەی نەخۆشــی دەروونـــییان هەیە و کەمتر دەرمانیان وەرگرتووە و زیاتر پشــتیوانی تاکەکەسی و خێزانیــــیان وەرگرتووە، دۆخیان لە چاو ئەو نەخۆشانەی کە چارەسەری دەرمانیــیان وەرگرتووە زۆر باشترە. نموونەی بوونی پشــتیوانی کۆمەڵایەتی بە سەرکەوتووی لە وڵاتانی ئوســترالیا و وڵاتانی ئەســکەندەنافیــا و هەندێ شوێــنی تر بەکار دەهێــنرێت. ئەو ڕاستیــیەی کە پشتیوانی کۆمەڵایەتی دەتوانێـــت چارەسەری تێکچوونەکانی تێگەیشتن بکات، پێمـــان دەڵێت کە ئەم تێکچوونانە بنــــەمایەکی کۆمەڵایەتیــــیان هەیە.

هەروەهــا پشــتیوانی کۆمەڵایەتی بۆ چارەســەری نەخۆشــییە دەروونیــیەکان لەسەر ئاســتی کۆمەڵگەش کاریگەریی هەیە، بە پێی توێــژینەوەیەکی کەنەدی کە لە سەر ٢٠٠٠ کەس کە بێ سەرپەنان و نەخۆشـی دەروونی قورســـیان هەبووە دەرکەوتووە کە دابینکردنی شــوێنی نیشــتەجێی جێگیر لە هەموو چارەسەرێکی دیکە کاریگەرتر بووە.

 

لە ڕاســـتیدا، بەرزکردنەوەی ئاســتی ژیان دەتوانێت چارەسەری نەخۆشــی دەروونی بکات. توێژینەوەیەکی هەشت ساڵە لە ئەمریکا دەریخستووە کە منـــداڵانی هەژار زیاتر لە چوار هێنـــدەی ئەو منداڵانەی کە هەرگیز هەژار نەبوون، نیشانەکانی دەروونییان هەیە. لە ناوەڕاســتی توێــژینەوەکەدا قومارخانەیەك دەستیکرد بە پێــــــدانی کۆمەکی دارایی کە لەسەدا ١٤ی خێزانەکانی لە هەژاری دەرهێنا. نیشــــانەکانی دەروونی لەنێو ئەو منداڵانەی کە لە هەژاریی دەرچوون، هاتەوە هەمان ئاستی ئەو منداڵانەی کر هەرگیز هەژار نەبوون، لە بەرامبەریـــشیدا نیشانەکانی دەروونی لەنێو ئەو منـــداڵانەی کە بە هەژاری مانەوە، بە بەرزی ماوەتەوە. بەرزبوونەوەی داهات وا لە دایك و باوکەکان دەکات کە پێداویستییەکانی خۆیان دابین بکەن لەو ڕێگەیەوە  باشتر دەتوانـــن پێداویستییەکانی منداڵەکانیان دابین بکەن.

 

قـــــەیران

سەرمایەداریی خەڵکی زیاتر بەرەو قەیران دەبات. پشــتیوانییە کۆمەڵایەتییەکان دەبڕێت و بەردەوامیش هێرش دەکاتە ســەر ئەوانەی خزمەتگوزاریی پێشکەش دەکەن. لە کالیفۆرنیــــا ئەم هێرشە سێ لایەنیــیە چــینی کرێکاریی ووروژانـــد، مانگی یەکی ساڵی ڕابردوو (مەبەســت ٢٠١٥)ـەیە، زیاتر لە ٣٣٠٠ لە ئەندامـــانی یەکێتی نیشتمانی کارمەندانی تەندروستی (NUHW) هێرشیان کردە سەر کۆمپانیای کایزەر پێرمانێنت (Kaiser Permanente) کە گەورەترین کۆمپانیای پزیشکییە لە ئەمریکا. سەرەڕای قازانجی گەورە کە کۆمپــانیاکە بەدەســتی هێــنابوو بەڵام نەچووە ژێــرباری دامەزراندنی کارمەندی پێویســت بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی نەخۆشەکان، لە بەرامبــەر بەمە و وەك ناڕەزایەتیــــیەك، دەروونناسان، چارەسەرکەران، کارمەندانی کۆمەڵایەتی و پەرستارانی دەروونی NUHW هەســتان بە بەرپاکردنی گەورەترین مانگرتــنی کارمەندانی تەندروســــتی دەروونیی “٦٥ هێڵی پیکێــــتی و لە ٣٥ شاردا” لە بواری تەندروســتی دەروونیـــدا. دوای مانگرتنـــەکە کە ماوەی هەفتەیەکی خایـــــاند، بە داواکاری و هەڵمەتی “بـــا خۆکوشتنەکانی کایزەر زیاتر نەبێت”، وەك هێـــمایەك بۆ ژمارەی ئەو نەخۆشـــانەی کە بەهۆی نەبوونی چاودێری پزیشــکییەوە دەمرن، لە کۆتاییدا وپــاش ڕاگەیــاندن و هەڕەشــەی مانگرتنی کراوە “ســەراسەری”، کایزەر بە داواکارییەکانی سەندیکاکە ڕازی بوو کە بریــتی بوو لە  مافی داکۆکیـــکردن لە نەخۆشەکان؛ پاراســـتنی مووچە و موچەی خانەنشینی؛ دانانی خشــتەیەکی نوێــی کارکردن بۆ چاودێری زیاتری نەخۆشەکان بە مەبەســتی زیاتر بیـــنینیان و فەرمان بە دامەزراندنی نوێ بۆ پڕکردنەوەی داواکارییـــەکان. 

بەستنەوەی پێداویســـتییەکانی کرێکاران و نەخۆشــەکان بەیەکەوە سەرکەوتنێکی بێ وێـــنەی بەرهەم هێنا، بەڵام ئێمە زیاتر پێویستمان بە دەســتڕاگەیشتنە بە چارەسەرە تا هەر شــتێکی تر؛ ئێمە پێویســـتمان بە جیهانێـــکە کە نەخۆشمان نەکات. 

 

سەرمایەداری هەموو جیـــهانی گۆڕیوە بە کارگەیەك بۆ بەرهەمهێنانی سەرمایە. هەر پێـــداویستییەکی مرۆڤ کە ڕێگر بێت لە بەرامبەر قازانج و کەڵەکەی ســەرمایەدا وەك بەربەســـتێك مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت و دەبێت لاببرێت. بەرهەمهێنانی بێ جەوری” کرێکاران دەخــاتە ئەوپەڕی سنووری جەستەیی و سۆزدارییانەوە. ئەوانەی ناتوانــن بەردەوام بن فڕێ دەدرێـــن و دەگۆڕدرێن.

 

نەهــامەتی

مەحاڵە لە ژێر ســــەرمایەداریدا تەندروست بیت. بەهۆی ترســـناکیی شەڕی هەمیشەیی و وێرانکردنی ژینگەوە، زیــــادبوونی نەهامەتی ڕۆژانە ئاڵۆزتر دەبێت. ئەگەر بەربەریــیەتی سەرمایەداری درك بکەیت، ئەوا تووشی زەبر و زەنگ دەبیت. ئەگەر عەقڵت لێی دابخەیت، ئـــەوا مرۆڤـــــــــایەتیت لەدەست دەدەیت. 

ڕێكــــخراوی ته‌ندروستی جیهانی ڕایگه‌یاند كه‌ له‌ ماوه‌ی ٤٥ ساڵی ڕابردوودا ڕێژه‌ی خۆكوشتنی جیهانی به‌ڕێژه‌ی ٦٠% زیادی كردووه‌! ئەمەش نــیوەی کۆی مردنی پیـــاوان و لە ٧١٪ی کۆی مردنەکانی ژنـــــــان کە لەئەنجامی تووندوتیــژییەوە توشـــیان بووە پێکدەهێـــنێت. خۆکوشتن هۆکاری سەرەکی مردنی کچانی هەرزەکاری تەمەن ١٥ بۆ ١٩ ساڵی پێکدەهێـــنێت، لە ئەمریکا ڕێــــژەی خۆکوشتنی کوڕانی ڕەشپێست لە تەمەنی ٥ بۆ ١١ ساڵی لە ساڵانی نەوەدەکانەوە دوو بەرابەر زیادی کردووە.

 

لە ماوەی ١٥ ســـاڵی ڕابردوودا، داهاتی خێـــزانە ئەمریکییــەکان بەهۆی هەڵئـاواسانەوە بە ڕێژەی لەسەدا ١٩ هاتۆتەخوارەوە. لە پاڵ ئەم هاتــنەخوارەوەی داهـــاتدا، ڕێـــژەی مردنی ئەمریکیــیە ســیپێســتەکانیش لە ناوەڕاســتی تەمەنیـــاندا و ئەوانەی خوێـــندەوارییــان کەمە بە ٢٢٪ زیـــادی کردووە. هۆی ئەمەش دەگەڕێـــتەوە بۆ خواردنەوەی  کحول و ئالوودەبوون بە ماددە هۆشبەرەکان و خۆکوشتنەوە بووە. ئەگەر ڕێژەی مردن بۆ ئەم گروپە بە چەســپاوی بمایـــەتەوە، ئەوا دەکرا ٩٦ هەزار حاڵەتی مردن ڕووی نەدایە. بەڵام  ئەگەر ئەو ڕێژەیەی پێشووتر بەرەو دابـەزین بڕۆیشـــتایە ئەوا دەتوانــرا ژیانی نیو ملیۆن کەس ڕزگار بکرێـــت.

لابردنی سەرچاوە کۆمەڵایەتیـــیەکانی نەخۆشی بژاردەیەك نییە لە ژێر ســایەی ســـیتەمی سەرمایەداریدا چونکە ڕێنادرێت هیـــچ شــتێك ڕێگر بێت لە بەرامبـــەر وەدەســتهێـنانی قازانجدا. لە جیــاتی ئەمە ســـــــیستەم هەوڵدەدات کە توانــای کارکردن لە ژێر بارودۆخێکی ژەهراویــدا باشتر بکات. بۆ کۆتـــایی بەمە تەواوی توێژینه‌وه‌ زانســتییەکان لێكۆڵینه‌وه‌ تەنهــا لە فاكته‌ره‌ فەردیــیەکان دەکەن و هەوڵدەدەن چارەســەری بۆ بدۆزنەوە. ئەمە چـــەندە بۆ شـــێرپەنجە و نەخۆشیــیەکانی دڵ ڕاستە، ئەوەندەش بۆ نەخۆشییە دەروونیـــیەکان دروســـتە.

ناتوانرێت کاریگەریی ژیــنگە و بایۆلۆژیــــا لە ســیستەمێکی کۆمەڵایەتی جیـــابکرێتەوە کە هەموو لایەنەکانی ژیـــان تا بچوکترین بەشی ژەهراوی دەکات. پاش ئەوەی ســەرمایەداری لەناو دەبەین و کۆمەڵگەیـــەکی پشتئەستووری تەندروست دادەمەزرێـــنین، ئاسانــتر دەتوانیـــن ڕۆڵی بایۆلۆژیــا لەو کێشـــانەی کە ماونەتەوە دیاری بکەین. تا ئەو کاتە سۆسیالیستەکان دەبێ جەخــت لەسەر چارەسەری بەکۆمەڵ بۆ کێشـــە کۆمەڵایەتـــییەکان بکەنەوە، نەك خۆیان بەو وەهمەوە ســەرقـــــاڵ بکەن کە ئەم کێشـــانە دەتوانرێت لەلایەن زانا و پسپۆڕانەوە و لەسەر ئاستی تاك چارەسەر بکرێــن.

 

کۆیەکی جەوهەری

ململانێی نێـــوان مارکسیزم و دەروونناسی لە ڕاستیدا پەیوەندی بە دەروونناسی یان “نەخۆشی دەروونی”ـەوە  نییە، بەڵکو  پەیوەندی بە تێگەیشـــتنەوە هەیە لە سەرمایەداری وەك سیســـتەمێکی گشتگیر لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتیـــیەکان کە تێـــیدا  ئەزموونی تاك لە پرۆسەیەکی گۆڕینی کۆمەڵگادا گۆڕانی بەســەردا دێت. لە هەشــــتاکانی سەدەی ڕابردوودا کرێکارانی پۆڵەنــدا لە یەکێك لە گەورەترین سەندیکاکانی جیهـــاندا خۆیـــان ڕێکخست. ئەمە دەیکردە یەك لەسەر سێی کۆی دانیشــتوانی ئامادە بەکار.لەگەڵ گەشــەسەندی مانگرتنەکان و پەرەسەندنی خۆپیشــاندانەکاندا، قاوشــی بەشــی نەخۆشــییە دەروونیــیەکانی نەخۆشخانەکان لە کرێکاران خاڵی بوو و پڕبوون لە بەرپرسە نەخۆشـــەکانی حکومەت، ئەمەش بە مانای ئەوەی کە سەرهەڵدانی خەبـــاتی چینایەتی دەرگا دەکاتەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی تاك بە شــێوەکی کۆمەڵایەتی. 

پاشەکشەی دەیـــان ساڵەی چیـــنی کرێکار هیوا و متمانەی بە چارەســەرە کۆمەڵایەتیــیەکانی تێکــداوە، ســـۆشــیالیستەکان لەم بێهیـــوابوونەدا بێبـــەری نین!. قورســە چارەســەری چیــنایەتی لە کۆمەڵگەیەکدا بووروژێــنیت کە فەردیــیەت و هەڵوێســتی ” بەڵێ…بەڵام”ی ڕیفۆرمیســتەکانی بەسەریــدا زاڵ بێت. ئەم  “لە هەمان کاتدا”ـەیــە، کە تێــیدا ململانێی چینایەتی ئاسوودەیی بۆ کەمایەتیـــەك دێنێـــت. فانتــازییەکە بۆ خۆی.

بۆ زۆریــنە ” لە هەمان کاتدا” بوونی نیــیە، یان دەبێــت ئەمڕۆ بجەنگێــت یان دەبێت ســبەی تێکبشکێــیت. بۆ بردنەوەی ئەو جەنگــانە، پێویســـتە نەریتی سۆسیالیستی ببەسـتیـــنەوە بە چینی کرێکارەوە و لە ئێستاوە دەســت پێ بکەین. ئێمە تەندروســتی لە پرۆسەی خەبــات بۆ باشــترکردنی دۆخی ژیـــان و خەبات بنیـــات دەنێـــین. ئێمە تەندروســـتی لە پرۆسەی دانانی بناغەی کۆمەڵگەیەکی سۆسیالیستیدا بنیات دەنێــــین کە تواناکانی هەمووان بهێــنێتە ناوە و پێداویستییەکانی هەمووانیش دابین بکات.

 

 

١٧/٧/٢٠٢٢

 

لینك: https://susanrosenthal.com/

 

[*] ســوزان ڕۆزێنتاڵ پزیشکێکی خانەنشینکراو و سۆسیالیستێکی  کەنەدییە. خاوەنی ئەم کتێــبانەیە: نەخۆش و نەخۆشتر- sick and sicker (٢٠١٠)، مارکسیزم و دەروونناسی- Marxism and Psychology (٢٠١٦)، و عەقڵی یاخیبوو- Rebel Minds (٢٠١٩). 

 

دەتوانرێت لە ڕێگەی ماڵپەڕەکەیەوە، یــــان لە ڕێگەی ئەم ئیمەیڵەوە پەیوەندی پێوە بکرێت: susan@susanrosenthal.com 

 

Date/Time: