Minerva

نازییەکان سۆپەر-کەپیتالیست بوون

 

چاوپێکەوتن لەگەڵ: ییشەی لاندا

و. لەئەڵمانییەوە: پێشڕەو محەمەد

 

[تێبینیی وەرگێڕ: لەم چەند ساڵەی دواییدا، لەگەڵ هەڵکشانەوەی ڕەوتی چەپ لە ئاستی جیهاندا، ڕۆشنبیران، مێژوونووسان و ئابووریناسانی لیبراڵ و کۆنزەرڤاتیڤ بۆ نیشانەگرتن و بێ بەهاکردن و دروستکردنی کەشی ترس و دڵەڕاوکێ نازییەکان وەک سۆسیالیست لەقەڵەم دەدەن و تەنانەت ئەم پێناسەکردنەی نازیزم بە سۆسیالیزم گوایە ناوی سۆسیالیست بەپاڵ ناوی نەتەوەییەوە هەیە، تەنها لە کەمپی لیبراڵ و کۆنزەرڤاتیڤەکاندا نەماوەتەوە، بەڵکو ئێستا ڕاستڕەوەکانیش ئەم گوتارەیان هەڵگرتووەتەوە. ییشەی لاندا، فەیلەسوف و مێژوونووسی ئیسرائیلیی، بەم دواییانە لە کتێبەکەیدا بەناوی قووتابی و مامۆستاکەی: نەریتی لیبراڵ و فاشیزم (Der Lehrling und sein Meister. Liberale Tradition und Faschismus) کە لە ٢٠٢١ لە بەرلین بڵاوبووەتەوە، لێکۆڵینەوەیەکی بەرفراوان دەربارەی بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی نازییەکان و هەروەها سەرچاوە ئایدیۆلۆژییەکانی ئەم بزووتنەوە دەخاتە بەردەستی خوێنەران. ژاکۆبنی ئەڵمانیی چاوپێکەوتنی لەگەڵ لاندا کردووە و مانای چەمکی سۆسیالیزم لای هیتلەر ڕوون دەکاتەوە. ئەگەرچی لە ڕاستیدا پرسیارەکانی پرسیارکەر، لاوازن و لە ئاست قووڵبینیی لاندا و بیرکردنەوەیدا نین، بەڵام وەڵامەکانی نووسەر بەهای گرنگیان هەیە]. 

 

پرسیار: لە کتێبەکەتدا لێکۆڵینەوە لە سیاسەتی ئابووریی و ئایدیۆلۆژیای نازیزم دەکەیت. ئایا بەڕاستی سیاسەتی ئەوان سۆسیالیستیی بوو؟

لاندا: نەخێر، بێگومان ئەوان سۆسیالیست نەبوون. ڕاستە کە نازییەکان جاروبار بەشێوەیەکی ئەرێنیی زاراوەکەیان بەکارهێناوە. هەندێک خەڵک گاڵتەجاڕانە ئەمە وەک بەڵگەیەک لێکدەدەنەوە کە «ئەوان سۆسیالیست بوون، چونکە خۆیان بە سۆسیالیست ناودەبرد!» بەڵام ئەوان بە هەر مانایەکی ڕاستەقینەی وشەکە بێت، دژە-سۆسیالیستی پەڕگیر بوون.

 

پرسیار: ئەی باشە بۆچی ئەوان زاراوەی «سۆسیالیزم»یان بەکارهێناوە؟

لاندا: ئێمە دەبێت لەو سیاقە تێبگەین کە ئەوان تێیدا چەمکەکەیان بەکارهێناوە. ئەمڕۆ سیاسەتمەدارانی ڕاستڕەو چیتر چەمکەکە بەکارناهێنن. و بۆچی؟ چونکە ئەمڕۆ سۆسیالیزم بە فراوانیی بێ بەها کراوە. بەڵام ئەوسا دژە-کۆمۆنیستەکان ڕووبەڕووی تەحەددای گەیشتن بە قەڵا بەهێزەکانی سۆسیالیزم و چەندەی دەگونجێت ڕازیکردنی دەنگدەرانی چینی کرێکار ببوونەوە. بۆیە دەبوو سیاسەتەکەیان بەمجۆرە پیشان بدەن وەک بڵێی سیاسەتەکەیان لە بەرژەوەندیی چینی کرێکار دایە. فێڵەکە ئەوە بوو قازانج لە باوبوون و جەماوەرێتیی سۆسیالیزم بکەن، چونکە سۆسیالیزم وەک هێزی داهاتوو دەبینرا، بەڵام لە هەمانکاتدا هێندەی بگونجێت خۆیان لە ناوەرۆکی سۆسیالیزم بەدوور دەگر. 

 

پرسیار: ئەگەر نازییەکان تەنها بەکۆمەڵێک هۆی ستراتیژیی خۆیان بە سۆسیالیست ناودەبرد، ئەی لە ڕاستیدا سیاسەتی ئابوورییان چۆنچۆنی بوو؟

لاندا: هەرچۆنێک بێت، سیاسەتێکی ئابووریی تەواو بەهێزی سەرمایەداریی بوو. نازییەکان جەختکردنەوەی گەورەیان لەسەر خاوەندارێتیی تایبەت و کێبڕکێی ئازاد بوو. ڕاستە کە دەستێوەردانیان لە بازاڕی ئازاددا هەبوو، بەڵام ئەمە هەروەها سەردەمێکی داوەشان و داڕووخانی گشتیی سیستەمی سەرمایەداریی بوو. بەگشتیی لەو سەردەمەدا سەرجەمی دەوڵەتان دەستیان لە بازاڕ وەردەدا، و ئەم کارەشیان بۆ ئەوە دەکرد سیستەمی سەرمایەداریی لە [قەیرانی] خۆی ڕزگار بکەن. ئەمە هیچ پەیوەندییەکی بە ئاراستەی سۆسیالیستییەوە نییە – بەڵکو تەواو لەبەرەی سەرمایەداریی بوو. بەجۆرێک ئەمە تەریب بوو لەگەڵ ئەو شێوازەی دەوڵەتان دوای سەرهەڵدانی قەیرانی دارایی بانکە گەورەکانیان ڕزگار کرد. بێگومان، بەهەر شێوەیەک بێت ئەم پرۆسەیە پەیڕەویی لە مەبەستە سۆسیالیستییەکان نەدەکرد. تەنها هەوڵێک بوو کەمێک سیستەمەکە سەقامگیر بکەن. 

 

پرسیار: باشە ئەی سەرمایەداران هەمیشە چەندەی دەگونجێت ئازادییان ناوێت؟  

لاندا: نەخێر، دەستێوەردانی دەوڵەتیی لەو سەردەمەدا بەڕێکەوتن لەگەڵ پیشەسازیی ئەنجام دەدرا. تەنانەت سەرمایەداران خۆیان داوای ئەم دەستێوەردانەیان دەکرد، چونکە سیاسەتی بازاڕی ئازاد هەمیشە لە بەرژەوەندیی سەرمایەداراندا نییە. هەندێکجار پێویستیان بە دەوڵەت هەیە تا هاوشانی دەستێوەردانی دەوڵەتیی یارمەتیی بازاڕی ئازاد بدەن. لەبەرئەوە فاشیستەکان نەبوون فشاری دەستێوەردانیان لە ئابوورییدا هێنابێتە ئاراوە – بەڵکو ئەمە گەشەسەندنێکی هاودەنگ و کۆدەنگیی بوو کە ڕەنگدانەوەی خواستەکانی کەرتی پیشەسازیی بوو. لە جەوهەردا ئامانجەکە ئەوە بوو سیستەمەکە بە ئاراستەی خزمەتکردن بە سەرمایەی گەورە (بزنسی گەورە)دا ببەن. 

لافیتەی نازییەکان ١٩٣٢، «بمرێ مارکسیزم»، هیتلەر لە خۆپیشاندانەکەدا بەشدارە

 

پرسیار: لەکوێدا ئایدیۆلۆژیای سیاسیی نازییەکان پەیوەندیی بەم هەوڵەوە هەیە بۆ سەقامگیرکردنی سیستەمەکە؟

لاندا: بەگشتیی هیتلەر بەوە تۆمەتبار دەکرێت کە بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی کردووەتە پاشکۆی بۆچوونە سیاسییەکانی، کە بە ڕادەیەک ئەم تۆمەتبارکردنە ڕاستیی تێدایە. بەڵام بە دیاریکراوی بۆچوونە سیاسییەکانی چی بوون؟ ئەگەر هەوڵبدەین بیر لە سەرشێتانەترین و فەناتیکترین خولیا و کەڵکەڵەکانی هیتلەر بکەینەوە – بۆ نموونە داروینیزمی کۆمەڵایەتیی، زانستی چاکسازیی ڕەگەزیی (eugenics) یان تەنانەت دژە-سامییەکەی – وا دەردەکەوێت کە ئەو کەڵکەڵانە دەکرێت تەنها بەدوور لە ڕامانە ئابوورییەکانەوە شایانی دەرککردن بن. بەڵام ئەگەر لە نزیکەوە لە هەر یەکێک لەم ڕەگەز و لایەنانە ڕابمێنین، دەبینین ئەو بۆچوونانە بناغەیەکی دانەبڕاوی ئابوورییان هەبووە. 

 

پرسیار: بۆ نموونە؟

لاندا: لە ڕاستیدا داروینیزمی کۆمەڵایەتیی فۆرمێکی سۆپەر-کەپیتالیزمە. ئەم ڕەوتە تەرکیزکردنە سەر کێبڕکێ لە سەرمایەدارییەوە وەک جەنگی هەمووان دژی هەمووان وەردەگرێت. و نازییەکانیش دەیانگووت: «بەڵێ، ئەمە هەمان ڕێگەی سروشتە». ئەمە دابڕان نەبوو لەگەڵ سەرمایەداریی، بەڵکو بەلوتکەکردن و بەرزکردنەوەیەکی ڕوانگە ئابوورییەکان بوو. لە ڕوانگەی نازییەکانەوە سەرمایەداریی بەسانایی بەشێکە لە سروشت. لەبەرئەوە بابەتەکە تەنها پەیوەندیی بە باڵادەستیی سیاسییەوە نییە، بەڵکو هەروەها بەسروشتییکردنی ناکۆکییە ئابوورییەکانیشە. لەبەرئەوە هیتلەر دەیگووت ئەوە لەسەرووی هەموویەوە جووەکان بوون هەوڵیان دەدا یارییەک لەگەڵ سروشتدا بکەن تا خەبات بۆ مانەوەیەکی ڕووکەشییانە بکەن. ویستی گۆڕینی ئابووریی، لە ڕوانگەی نازییەکانەوە، جووەکانی کردبوو بە شتگەلێکی پیس و خائین. 

 

پرسیار: بەڵام ئەم ڕوانگە ئەرێنییەی کێبڕکێی ئازاد و جەنگی هەمووان دژ بە هەمووان نیشانەی جیاکەرەوەی ئابووریی لیبراڵیزم نییە؟

لاندا: بێگومان هیتلەر داهێنەری هەموو ئەمانە نەبوو، بەڵکو بەشێک بوو لە دۆخی باو. دەتوانین بۆچوونگەلی زۆر هاوشێوە دەربارەی پێداویستیی کێبڕکێیەکی بێ ڕەحمانەی ناو ئابوورییە لیبراڵییە باڵادەستەکانی ئەو ڕۆژگارە ببیستین. ئەو ڕاستییەی کە کەسێکی وەک هیتلەر توانیویەتی ببێتە «ڕابەر»ی یەکێک لە وڵاتە پیشەسازییە سەرەکیی و گەورەکان، دواجار هەڵکشانی کۆمەڵێک ڕوانین و بۆچوونی دیاریکراو بوو دەربارەی ئابووریی و دەربارەی توانای نوێنەرایەتیی سیاسیی. هیتلەر لە وەڵامی خۆیدا پەیڕەویی لە خواستەکانی خاوەن پیشەسازییەکان کرد – ئەمەش ئەو شتە بوو وایکرد ئەو لای بەشە گەورەکانی چینی ناوەڕاست ببێتە کەسێکی سەرنجڕاکێش. وا دەردەکەوت نازییەکان ئابووریی لەدەست بارە قوورسە ناپێویستەکانی هەستیاریی سیاسیی و هیومانیستیی ئازاد دەکەن. 

 

پرسیار: بۆ نموونە لەڕێگەی سیاسەتی چاکسازیی ڕەگەزییەوە؟

لاندا: کتومت، تەنانەت کوشتنی خەڵکانی نەخۆش و بەتەمەن ڕاستەوخۆ پەیوەندیی بەم خەم و کەڵکەڵە ئابوورییانەوە هەبوو – لەڕێگەی ئەم سیاسەتەوە دەبوو ئابووریی لەو خەڵکانە ڕزگار بکرێت کە وەک بار و قوورسایی دەبینران. زمانی نازیی لەم ڕوانگەیەوە ئێجگار ئابووریی و ژمێریارانە بوو. بۆ نموونە لەسەر پۆستەرێکی تایبەتی پڕوپاگەندە ئەمە دەخوێنینەوە: «ئەم کەسە نەخۆشە زگماکییە ٦٠ هەزار ڕایشمارک لەسەر کۆمەڵی نەتەوەیی ئەڵمانیی (Volksgemeinschaft) دەکەوێت. هۆ هاوڕێی گەل (Volksgenosse) ئەمە هەروەها پارەی تۆشە». تەنانەت هۆلۆکۆست ئەم پەیوەندییەی بە کێشە و پرسە ئابوورییەکانەوە هەیە، لەبەرئەوەی جووەکان لە ئایدیۆلۆژیای نازییدا وەک بەربەستی دواجارەکیی دەبینرێن. بەربەرست لەبەردەم چیدا؟ لەبەردەم سەرمایەدارییدا. لەبەرئەوە جووەکان وەک بڕبڕەی پشتی مارکسیزم لەقەڵەم دەدرێن. 

بۆیە لای نازییەکان مارکسیزمیش لە جەوهەردا پیلانگێڕییەکی جووە دژی ئابووریی سەرمایەداریی – و لەم ڕووەوە دژی نەزمی سروشتیی. بەدڵنیاییەوە هۆلۆکۆست دەرەنجامی زۆر هۆکار و هەڵکشان و زۆربوونی ترسە جۆراوجۆرەکان، کەڵکەڵە و ڕقی نازییەکان بوو. بەڵام نابێت ئەم فاکتەر و هۆکارە کۆمەڵایەتیی-ئابوورییە فەرامۆش بکرێت. 

 

پرسیار: بەڵام بۆ نازییەکان توانیان مارکسیزم وەک خراپەیەکی گەورە نیشان بدەن، کە دەبێت لەنێو ببرێت، لەکاتێکدا ئەوان سۆسیالیزمیان وەک دروشمێکی زۆر ئەرێنیی بۆ بزووتنەوەکەی خۆیان بەکارهێنا؟

لاندا: سەبارەت بە زاراوەی «سۆسیالیزم» ئەوان مەبەستیان هیچ شتێک لەوانە نییە کە ئێمە تەنانەت بەشێوەیەکی گۆڕاویش وەک سۆسیالیزم دەیناسین، بەڵکو مەبەستی سیاسەتەکەیان بۆ دەستێوەردان بوو لە بازاڕی ئازاد لە بەرژەوەندیی سەرمایەدارەکاندا. لە لاکەی دیکەوە، سەبارەت بە چەمکی «مارکسیزم» ئەوان مەبەستیان سۆسیال دیموکراسیی و پارێزگاریی لە مافە بنچینەییەکانی کرێکاران بوو. هیتلەر لە «خەباتی من»دا دەڵێت جیهانبینییەکەی لەو ساتەدا تەواو و تەکمیلە بوو کە بۆی دەرکەوت جووەکان ڕابەرانی فیکریی سۆسیال دیموکراسیین. ئەمە بەسانایی میتۆدێکی زۆر ئاسان – تەنانەت گاڵتەجاڕانە -ی جیاکردنەوەی زاراوەکان و بەخشینی مانای تازەی تەواو جیاواز بوو پێیان. 

 

پرسیار: ئەگەر ئەمە هێندە ڕوون و ڕاشکاوە، ئەی بۆ بەم دواییانە ئەم مشتومڕانە لە ئەڵمانیا دەربارەی سیاسەتێکی گوایە سۆسیالیستیی نازییەکان لە ئارادان؟

لاندا: بەڵێ، ئەمە لە ڕاستیدا شتێکی زۆر تازە نییە، بەڵکو پێش-مێژوویەکی دوور و درێژی هەیە. هەر پێشتر لە سەردەمی فاشیزم خۆیدا هەوڵێک هەبوو نازییەکان وەک سۆسیالیست نیشان بدات، بۆ نموونە، لودڤیگ فۆن میزس. بەڵام بەگشتیی، هەوڵ بۆ دروستکردنی پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی نێوان مارکسیزم و نازیزم هەڵوێستێکی بچووک و کەمینە بوو. لە دەیەی ١٩٨٠ بەدواوە، خاڵێکی وەرچەرخان ئەو کاتە ڕوویدا کە ڕەوتێکی پێداچوونەوەخوازیی دەستی بە لێکۆڵینەوەکان دەربارەی فاشیزم کرد. ئەم ڕەوتە پێداچوونەوەخوازییە هەوڵیدەدا فاشیزم بەهێزێکی زۆر زیاترەوە فاشیزم بە سیاسەتی چەپگەرییەوە ببەستێتەوە. ئەمەش ئەو کاتە ڕوویدا کە نیۆلیبرالیزم شوێنی دەوڵەتی خۆشگوزەرانی گرتەوە. ئەمەش ئەم جووڵە ئایدیۆلۆژییەی زۆر پراکتیکیی کرد. ئەوان دەیانگووت: «نازییەکان لە ڕاستیدا نوێنەرایەتیی فۆرمێکی دەسەڵاتخوازی سۆسیالیزمیان دەکرد!» لەبەرئەوە، هێرشکردنە سەر سیاسەتی کۆمەڵایەتیی ببوو بە جووڵەیەکی دژە-فاشیستیی. 

 

پرسیار: کەواتە کردنی نازییەکان بە سۆسیالیست هەروەها ئامرازێکە بۆ سەپاندنی سیاسەتە دژە-کرێکارییەکان؟

لاندا: ڕاستە. با بپرسین کەی ڕۆشنبیران دەستیانکرد بە نووسینی کتێبانێک کە نازییەکان بە هەبوونی کۆمەڵێک سیاسەتی ئابووریی سۆسیالیستیی داسەپاو تۆمەتار دەکەن؟ کەی ئەوان دەستیانکرد بە تۆمەتبارکردنی نازییەکان بەوەی یارمەتیی جەماوەریان داوە لەسەر حسابی بۆرژوازیی؟ دەقاودەق لەم ساتەدا لەو کاتەدا دەستیانپێکرد کە سیاسەتمەداران هەوڵیاندا ڕیفۆرمە نیۆلیبراڵییەکانی بازاڕی کار بسەپێنن. لەبەرئەوە نووسینی مێژوو پەیوەندیی بە واقیعە ئابوورییەکانەوە هەیە. بۆیە سیاسەتمەداران ئەم تیۆرانەیان بەکارهێنا تا لەڕێگەیەوە پشتیوانیی لە هێرشی خۆیان بۆسەر دەوڵەتی خۆشگوزەران بکەن. ئەوسا گووتز ئالی لە یەکێک لە چاوپێکەوتنەکانیدا گووتی، کە ئەوە ئەرکی کابینەی حکومیی سوور-سەوز (پارتی سەوز و سۆسیال دیموکراتەکان) بەڕابەرایەتیی گێرهارد شرۆیدەر بووە تا دواجار کۆتایی بە «ئایدیۆلۆژیای کۆمەڵی گەلی ئەڵمانیی» (Volskgemeinschaft) بهێنێت [مەبەستی لاندا ئەوەیە کە ساڵی ١٩٩٨ کاتێک سۆسیال دیموکراتەکان و سەوزەکان یەکەم سیاسەتەکانی نیۆلیبراڵیزمیان لەژێر ناوی ڕیفۆری بازاڕی کار سەپاند، و کۆتاییان بە دەوڵەتی خۆشگوزەران هێنا کە لە دەیەی ١٩٥٠ تا ناوەڕاستی دەیەی ١٩٩٠ لە ئەڵمانیا باڵادەست بوو، ئەوسا بە تەواوی ئاسەواری نازیزم سڕدرایەوە – وەرگێڕ]. کەواتە لەڕێگەی بەلیبراڵیزەکردنی ئابوورییەوە، دوایین پاشماوەی نازیزم لە ژیانی ئەڵمانییدا سڕدرانەوە. ئەم بیرکردنەوەیە دەریدەخات چۆن مۆدێلە سیاسییە هەنوکەییەکان پەیوەندییان بەو پرسیارەوە هەیە کە ئێمە چۆن ڕابردوو دەرک دەکەین. 

پۆستەری نازییەکان کە ئاماژە بە کوشتنی خەڵکانی نەخۆش دەکات

 

پرسیار: بەڵام ئایا لیبراڵەکان هەرگیز ڕووبەڕووی ئەو ڕاستییە بوونەوە کە هیتلەر بەڕادەیەک بەرنامە سیاسییەکانی ئەوانی دەبردە پێشەوە؟

لاندا: هەرگیز ڕووبەڕووبوونەوەیەکی ڕاستەقینە و ڕاستەوخۆ بوونی نەبووە. لە ساڵانی پاش جەنگدا، کۆدەنگییەک لەسەر ئەوە هەبوو کە دەوڵەت دەبوو بەڕادەیەک بارودۆخی کرێکاران باش بکات – تەنانەت لە ناوەوەی لیبراڵیزمیشدا. ئەگەر دانپیانانێکی لیبراڵیی بۆ گوناه هەبووبێت، ئەوا لەسەر ئەو بنەمایە بوو کە سیاسەتی نازییەکان لیبراڵیزمێکی ڕاستەقینە نەبووە. لیبراڵیزمەکەیان پێنەگەیشتوو بووە و نەیتوانیبوو بەگوێرەی بەرپرسیارێتیی دیموکراتیی درێژە بە ژیانی بدات.

بەڵام پاشان گۆڕانێکی ڕادیکاڵ ڕوویدا. لەناکاو لیبراڵەکان زۆر پێداگرتر بوون لەسەر ئەوەی بڵێن: «نازییەکان سۆسیالیست بوون. و ئەگەر دژی سۆسیالیزم بجەنگین و بازاڕ دابمەزرێنین، ئەوا لە هەر دەستێوەردانێکی سیاسیی ئازاد دەبین، و دەبینە دژە-فاشیستی باش و گونجاو». ئەمە ماوەدرێژترین قۆناغی ڕووبەڕووبوونەوە و مامەڵەکردنی لیبراڵ بوو لەگەڵ ڕابردوودا. 

 

پرسیار: سیاسەتەکانی بزنس-دۆستیی دەکرێت لەڕێگەی پەیوەندیی لیبراڵیزەکردنی کۆمەڵایەتیی و ئابوورییەوە بسەپێنرێن. پێتوایە لیبراڵیزمی ئابووریی لە ڕاستیدا هەمیشە دەست لەناودەستی پێشکەوتنی کۆمەڵایەتیی دەچێتە پێشەوە؟

لاندا: پێموایە دەبێت ئێمە بە وردیی جیاکارایی لەنێوان کاریگەرییە ئابوورییەکانی لیبراڵیزم و کاریگەرییە سیاسییەکانیدا بکەین. لە سەرەتادا هەندێکجار دەست لەناودەستی یەک دەچوونە پێشەوە. بەڵام لە قۆناغێکی دیاریکراودا جیابوونەوەیەک لە نێوان ڕەهەندی ئابووریی و ڕەهەندی سیاسییدا ڕوویدا. لیبراڵەکان دەبوو بڕیار بدەن چ شتێک بۆ ئەوان زیاتر گرنگە. ئایا ئەوان لیبراڵە ئابوورییەکانن لەبەرئەوەی دەیانویست بەهەر نرخێک بێت بەرگریی خاوەندارێتیی تایبەت، کۆمەڵگەی چینایەتیی و بازاڕی ئازاد بکەن، یان دەیانەوێت لیبراڵ دیموکراسیی لە ڕاستیدا بەگوێرەی بەڵێنەکەی سەربەسەتیی و مافی چارەی خۆنووسین بۆ هەموو خەڵک بەدیبهێنێت؟ ئەم ناکۆکییە تا ئێستا چارەسەر نەکراوە. لەبەرئەوەی لە کۆتاییدا، دەبوو لایەنێکیان هەڵببژێردرێت. 

 

پرسیار: بۆ ناکرێت هەردووکیان هەبن؟

لاندا: بۆچوونی باو ئەوەیە لیبراڵیزم هەمیشە دەست لەناو دەست لەگەڵ سەربەستییە سیاسیی و تاکگەرییەکاندا دەڕوات، کە هەندێکجار بۆچوونێکی ڕاستە. بەڵام ئەوەی لەبیر دەکرێت، ئەوەیە کە لیبراڵیزم لە سەرەتاوە نەک تەنها توانا و دەرفەتە سیاسییەکانی دەکردەوە، بەڵکو لە هەمان کاتدا بە توندیی سنوورداریشی دەکردن. ئەوەی لیبراڵیزم لە دەستپێکیدا دەبوو ڕوونی بکاتەوە ئەمە بوو: خاوەندارێتیی تایبەت پێشێل ناکرێت». لەبەرئەوەی خاوەندارێتیی تایبەت بناغەی نەزمی سیاسییە. 

لەبەرئەوە تۆ ناتوانیت بەبێ ڕەزامەندیی ئەوان باج لەسەر دەوڵەمەندان دابنێیت. ئەگەر وابکەیت، ئەوا هەر لە سەرەتاوە هۆکارێکی باشیان پێدەدەیت ڕابپەڕن و توندوتیژیی دژی جەماوەر بەگەڕ بخەن. لەم ڕووەوە سیاسەتی لیبراڵ هەر لە سەرەتاوە لە ناوەوەیدا بژاردەیەکی دیکتاتۆرییانەی هەبوو. و ئەمەش بووە ئەرکی سەرەکیی سیاسەت پارێزگاریی لە خاوەندارێتیی بکات. بەڵام بەدڵنیاییەوە ئەمە پێناسەیەکی زۆر بەردەستی ئەوەیە کە سیاسەت دەتوانێت یان دەبێت چی بکات. و ڕۆژی ئەمڕۆش هێشتا بەدەست ئەمەوە دەناڵێنین. لە دیموکراسییەکی خۆرئاواییدا تۆ دەتوانیت زۆر شت بکەیت – بەڵام هەرگیز نابێت پەنجە بۆ خاوەندارێتیی تایبەت بەریت. 

 

پرسیار: کەواتە شتێک لە پێکهاتەی بنچینەیی لیبراڵیزمی ئابوورییدا هەیە کە لە ڕاستیدا بەربەست لەبەردەم سەربەستیی خەڵکدا دروستدەکات؟

لاندا: سەرمایەداریی لە جەوهەری خۆیدا پێکهاتەیەکی ئابووریی دژە-دیموکراتییە: سەرمایەداریی پێش هەموو شتێک واتا باڵادەستیی و سەروەریی ئازادانە بەسەر چینی کرێکاردا. سەرمایەداریی سیستەمێکی هەڕەمییە نەک یەکسانیخواز. جگە لەوە، کەڵەکەبوون و چڕبوونەوەیەکی زەبەلاحی سامان هەیە، کە مشتومڕێکی یەکلاکەرەوە بەدووی خۆیدا دەهێنێت: چۆن دەتوانین ئەم سامانە دابەشبکەین؟ لیبراڵیزمی کلاسیک دەڵێت: «هیچ کارێک مەکەن بۆ گۆڕینی بارودۆخەکە؟» بەڵام ئەمە بەربەستی گەورە لەبەردەم سەربەستیی سیاسیی و دەرفەتە سیاسییەکاندا دروستدەکات، چونکە ئەگەر ئەگەر بتەوێت خەڵک بووەستێنیت دەست بۆ خاوەندارێتیی نەبەن، ئەوا دیموکراسیی دەبێت بەتەواویی سنووردار بکرێت. لەبەرئەوە ڕوانگەی لیبراڵ ئەوەیە بە جەماوەر بڵێت: «هەوڵمەدەن کاتێک بیر لە دیموکراسیی دەکەنەوە زۆر لۆژیکیی بن! هەوڵمەدەن دیموکراسیی وەک وشەکە خۆی وەربگرن! چونکە ئەمە تەنها کۆمەڵێک گرژیی و گرفت دروست دەکات!» [بەپێی دەستووری ئەڵمانیا، دەڵێت ئەگەر ٥١%ی خەڵک لە ڕیفراندۆمێکی ئازادانەدا دەنگ لەسەر بەگشتییکردنی کەرتێکی خاوەندارێتیی تایبەت بدەن، ئەوا دەبێت بکرێتە گشتیی. ساڵی ٢٠٢١، لە ڕیفراندۆمێکی ئازادانەدا ٦٩%ی خەڵکی بەرلین دەنگی دا کەرتی خانووبەرەی شارەکە بکرێتە کەرتی گشتیی، کەچی دادگای باڵای ئەڵمانیا ڕەتیکردەوە کە بێگومان ڕەتکردنەوەکە پێچەوانەی دەستووری ئەڵمانیایە، بەڵام لێرەدا بەڕوونیی ئەم تەنزەی لاندا پشتڕاست دەبێتەوە. وەرگێڕ].

 

پرسیار: و بەهیچ جۆرێک هەوڵنەدرێت بارودۆخی ئابووریی بۆ هیچ کەسێک جگە لە بۆرژوازیی، باش نەکرێت؟

لاندا: دەقاودەق بەمجۆرە. و ئەمەش کێشەیەکی زۆر هەنوکەییە: ئیلۆن مەسک عەلاگەیەکی سەرسوڕهێنەری ڕاستەقینەیە بۆ ئەو شتەی ئێمە لێرەدا گفتوگۆی لەسەر دەکەین، چونکە تەواو کراوە و هاوکات بێ شەرمە بۆ ئەم مەبەستە. بەم دوواییانە گوتوویەتی ئەمریکییەکان هەوڵدەدەن خۆیان لە کاری قوورس بەدوور بگرن و ئەوان دەبێت وەک نموونە سەیری کرێکاری چینیی بکەن. ئەمەش ڕاگەیاندنێکی زۆر ڕوونە، چونکە بەدڵنیاییەوە مەبەستی ئەوەیە کرێکارانی چینیی هیچ دەرفەتێکی دیموکراتییانەیان نییە ڕووبەڕووی بارودۆخە خراپەکانیان ببنەوە. مەسک دەڵێت سیستەمی دیموکراتیی ئێجگار نەرم و نیانە و ئێمە پێویستمان بە سیستەمێکی زۆر بە زەبروزەنگتر دەبێت بۆ ڕێکخستن و دیسپلینکردنی کرێکاران، بۆ ئەوەی وایان لێبکەین کاری قوورس بکەن و کرێی کەم قبووڵ بکەن – ئەو سیستەمەی لە چین دەیبینین. 

 

پرسیار: مەسک هەروەها بەم دوواییانە ڕایگەیاندووە کە پشتیوانیی لە کۆمارییەکان دەکات. ئەمەش سەرەڕای ئەو ڕاستییەی دۆناڵد ترەمپ، کە جۆرێک فاشیستی نوێیە، هێشتا ڕۆڵێکی بنچینەیی لەناو حزبەکەدا هەیە؟

لاندا: ئەمە دەقاودەق ئەو جۆری شتەیە کە دەریدەخات ڕێگەیەکی دەرچوونی دیکتاتۆرییانە لەناوەوەی بیرکردنەوەی لیبراڵدا لانەی خۆی کردووە. من بەهیچ شێوەیەک ناڵێم هەموو لیبراڵەکان بانگەشە بۆ شتێکی وەها دەکەن. بەڵام ئێجگار قوورسە لیبراڵیزمی ئابووریی و لیبراڵیزمی سیاسیی پێکەوە هەڵبکەن. بەپێچەوانەوە، ئەو لیبراڵە سیاسییانە هەن کە لەڕوانگەی ئابوورییەوە ڕێگەیەکی جیاوازتر هەڵدەبژێرن، یان لەنێوان دوو جەمسەردا هەڵبەز و دابەزیانە بێ ئەوەی هەرگیز بەڕاستیی بتوانن ململانێ بنچینەییەکە چارەسەر بکەن. کەواتە، بە ڕادەیەکی دیاریکراو، سۆسیالیزم خۆی منداڵێکی لیبراڵیزمە. مارکس و ئەنگڵس وەک دوو لیبراڵی سیاسیی دەستیان پێکرد و هەرگیز وازیان لە ئایدیا بنچینەییەکانی لیبراڵیزم نەهێنا: ئازادیی و بەشداریی دیموکراسیی بۆ هەمووان. ئەوان هەروا چەمک و بۆچوونی خۆیان زیاتر فراوانکرد چونکە تێگەیشتن کە لەناو سەرمایەدارییدا شانسەکانی بەدیهێنانی پڕۆژەیەکی ڕاستەقینەی دیموکراسیی زۆر سنووردارە. 

 

 

سەرچاوەی وەرگێڕان

https://jacobin.de/artikel/die-nazis-waren-hyperkapitalisten-ishay-landa-interview-faschismus-wirtschaftsliberalismus/?fbclid=IwAR2BdOUSMr3ldMUcr-LWbLUeHbBiRCmTIYdUriYsRe_0_dwAtT2zf53Yu8U

Date/Time: