Minerva

ئێمەی پەنابەر (١٩٤٣)

هانا ئارنت

و. لە ئینگلیزییەوە: پێشڕەو محەمەد

[کورتەیەکی وەرگێڕ: 

یەک، پێش ئەوەی بە کورتیی باسی ئەم وتارە بکەم، دەمەوێت ئاماژە بەوە بکەم کە ئەم نووسینە گرنگەی ئارنت یەکەم جار نییە بکرێت بە کوردیی، تا ئەو جێیەی یادەوەرییم کۆمەکم بکات، مەنسوور تەیفوری ساڵی ٢٠١٣ وەریگێڕاوە و لە کتێبی «ئێمەی پەنابەر»دا بڵاوبووەتەوە. وەرگێڕانەوەی ئەم وتارە لە لایەن منەوە، هیچ پەیوەندییەکی بە بڕیاردانی بەهاییەوە نییە لەسەر باشی و خراپیی وەرگێڕانەکەی پێشوو، بەڵکو بە سانایی پەیوەندیی بەوەوە هەیە لەنێو زۆربەی نووسراوەکانی ئارنت-دا ئەم وتارە یەکێکە لەو دەقانەی خۆشمدەوێت و نیشتەجێبوونم لە ئەڵمانیاش زیاتر گرنگیی ئەم دەقەی بۆ دەرخستم. جگە لەوە کاتێک کتێبی «ڕەچەڵەکناسیی کەمپ: لە کەمپی کۆڵۆنیالیزم-ئاوشڤیتزەوە بۆ کەمپی پەنابەران»م دەنووسی، ئەم دەقەی ئارنت سێبەرێکی فراوان بوو بەسەر زەین و بیرکردنەوەمەوە. ڕەنگە کەسانی دیکەش وەریانگێڕابێت و من ئاگادار نەبم، یاخود دەکرێت لە داهاتووشدا کەسانی دیکە وەریبگێڕنەوە و ئەم شتەش جێگەی خۆشحاڵییە، چونکە گرنگیی ئەم نووسراوەیە و هەروەها گرنگی بوونی مرۆییمان لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا دەردەخات کە چۆن لەوە کەوتووە چیتر بوونی مرۆیی بێت. هەروەها هێندەی بزانم، ئەمە یەکەم دەقی ئارنتە خۆی بە زمانی ئینگلیزیی نووسیبێتی.

دوو، وتارەکەی ئارنت بۆ یەکەمجار ساڵی ١٩٨٦ دەکرێت بە ئەڵمانیی «Wir Flüchtlinge». بۆ بە درەنگەوە ئەم وتارەی فەیلەسوفێک لە زمانی یەکەمی خۆیدا دەردەکەوێت، لە کاتێکدا ئارنت هەر لە پێشەوە ببوو بە ئەستێرەیەکی تیۆری سیاسیی لە سەردەمی باڵای لیبراڵیزم و جەنگی سارددا (جگە لەوەی کتێبی بنەماکانی تۆتالیتاریزم دەبێتە ئینجیلی لیبراڵیزم لەو سەردەمەدا، بەڵام بەشێکی ئەمەش لە هەڵەتێگەیشتنێکەوە هاتووە کە ئێرە جێگەی نییە شیبکەینەوە) بەڵام پرسی پەنابەربوون تا کۆتاییەکانی دەیەی هەشتا لەو وڵاتەدا دەرناکەوێت کە ئارنت و ملیۆنان مرۆڤی دیکەی کردە پەنابەر؟ مەگەر بڕیار نەبوو ئەڵمانیا مۆدێلی خۆدابڕین بێت لە مێژووی ڕابردوو و بونیادنانەوەی داهاتوویەک هیچی لە ڕابردوو نەچێت؟ هەرچۆنێک لەم کورتەیەدا ئێمە ناتوانین لەم بابەتە ورد ببینەوە و ئەم پرسە بۆ دەرفەتێکی دیکە هەڵدەگرین. زاراوەی ئەڵمانیی پەنابەر «Flüchtlinge» زۆر وردبینانەترە لە بەکارهێنانە ئینگلیزییەکەی: Refugee واتا گەڕان بەدووی سەرپەنایەک، پەناگەیەکدا، داڵدەدران، پەنابردنە بەر شوێن و کەسانێک و هتد، بەڵام ئەڵمانییەكەى، «Flüchtling»، واتا ئەو كەسەى هەڵدەفڕێت (دەفڕێت)، جەخت لەسەر پێچەوانەى كردەى جووڵە دەكاتەوە، كە ناگاتە شوێنێكی پەنابۆبردن. کۆی وتارەکەی ئارنت جەخت لەوە دەکاتەوە شوێنێک نییە پەنای بۆبەرین، جێیەک نییە داڵدەمان بدات، ئێمە هەمیشە بە ئاسمانەوەین، دەفڕین و ناگەینەجێ، خاکێک نییە لەسەری بنیشینەوە: خاکی ئەوەی وەک مرۆڤ قبووڵمان بکەن و دانمان پێدابنێن. لە ئەڵمانیا جووین، کە ڕادەکەین دەبینەوە ئەڵمانیی، لە سوید و فینلاند و ئینگلاند و ئەمریکا دەمانەوێت بیسەلمێنین وڵاتی ئەوانمان خۆشدەوێت، بەڵام هەر بە بێگانە سەیرمان دەکەن، دەگەڕێینەوە وڵاتی خۆمان، لەوە کەوتووین ئەوێش وڵاتی ئێمە بێت. زمانمان لەدەستداوە، زمانی بێگانەش، چەندە باش فێربووبێتین، ناتوانێت لەگەڵ یادەوەرییماندا پەیوەندیی دروستبکات. ئێستا مرۆڤانێکی زەبوون، زەلیل و لاوازین لەژێر پەڵە هەورێکی چڵکندا وەستاین هەموو شتێکی گۆڕاوە ئەوە نەبێت کە هێشتا سوورە لەسەر وەدەرنانمان: پەنابەران. 

سێ، هانا ئارنت لەسەروبەندی وەدەرنانی جووەکاندا، هێشتا پێش ڕوودانی ئاوشڤیتز، چونکە وتارەکە لە ١٩٤٣دا نووسراوە، جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە جووەکان بۆ ئەوەی بگەنە جێ، ئارەزووی ئەوە دەکەن هەموو شتێک بن تەنها جوو نەبن ئەمەش جۆرێکە لە خۆ-لەناوبردن، کە بە مانای وشەکە، بەرەو خۆکوژیی مل دەنێت. لە دەستپێکی وتارەکەدا دەنووسێت: «لە یەکەم نیگادا، حەزناکەین بە ‘پەنابەر’ بانگبکرێین. ئێمە خۆمان یەکتر بە ‘تازەهاتووان’ یان ‘کۆچبەران’ بانگ دەکەین». بەڵام ئەمڕۆ چاودێرانی سیاسیی، ڕۆژنامەنووسان، کۆمەڵناسان و هتد جەخت لەوە دەکەنەوە کە سیستەمی یاسایی ئەمڕۆ ‘پەنابەر’، ‘هەڵاتووان’، ‘کۆچبەری یاسایی’، ‘کۆچبەری نایاسایی’ و هتد، هەموویان بەشێوەیەکی فیکرییانە خەڵکانێکن لەنێو کاتیگۆرییەکی سەپێنراوی کۆمەڵایەتییدا جێیان دەبێتەوە. ئایا بەڕاستیی ڕێی تێدەچێت خەڵکانێک ببینین پڕن لە مرۆڤایەتیی و تاکایەتیی خۆیان، لە دەرەوەی پێگەیەکی کۆمەڵایەتیی و یاساییەوەن و هێشتا سەر بە گروپی مرۆیین؟ کێ دەتوانێت لە دەرەوەی پەیوەندیی بە یەکێکی دیکەوە بووەستێت؟ ئارنت دەنووسێت: «ئێمە ماڵ و نیشتمانی خۆمان لەدەستدا، واتا ئاشنایەتیی ژیانی ڕۆژانەمان ونکرد. ئێمە کار و پیشەمان لەدەستدا، واتا ئەو توانا و متمانەیەی کە ئێمەش لەم جیهانەدا سوودمەندین. ئێمە زمانمان لەدەست دا، واتا سروشتێتیی کاردانەوەکان، سانایی جووڵەکان، دەربڕینی خراپنەبووی هەستەکانمان… دۆزەخ چیتر باوەڕێکی ئایینیی یان خەیاڵات نییە، بەڵکو شتێکە هێندەی خانوو و بەرد و درەختەکان ڕاستەقینەیە. وا پێدەچێت کەس نەیەوێت بزانێت مێژووی هاوچەرخ جۆرێکی تازەی بوونی مرۆیی خوڵقاندووە – جۆرێک مرۆڤ لە لایەن دوژمنانییەوە دەخرێنە ناو کەمپەکانی کاری زۆرەملێوە و لەلایەن هاوڕێکانییەوە دەخرێنە نێو کەمپەکانی ڕاگرتنەوە». 

دۆخی بێدەوڵەتیی (condition of statelessness)، کە لە خوێندنەوە مێژووییەکەی ئارنت-دا، دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی خەمۆکیی و نائومێدییەکی ئێجگار قووڵی بوونگەرییانە: «هەوڵدەدەین خۆمان بەرینە پێشەوە، ڕاستییەکان بشارینەوە و ڕۆڵ بگێڕین». ئێستا ئەم دۆخە هەلومەرجێکی جیهانییە، دیاسپۆرا و تاراوگەیەکی گەردوونیی. ئێمەی کوردەکان دۆخمان تەواو نزیکە لەو جووانەی ئارنت باسیان دەکات، ئێستا دۆخی کوردەکان چ لەو وڵاتانەی تێیدا سیستەمێکی دیکتاتۆری فاشیست هەم ستەمی نەتەوەییان لێدەکات و هەم وەک مرۆڤی نمرە دوو دەیانچەوسێنێتەوە، و هەمیش لەو وڵاتانەی تێیدا بوونەتە پەنابەر، بەرجەستەبوونی ڕەها و موتڵەقی ئەو شتەن ئارنت بۆ جووەکان لەم وتارەدا بەکاری دەهێنێت. خوێندنەوەی ئەم وتارەی ئارنت بۆ ئێمەی کوردەکان، و بینینی خۆمان لە ئاوێنەی جووەکانەوە زۆر هەنوکەیی و گرنگە.

پێشڕەو محەمەد، ١٨ی ٦ی ٢٠٢٢، بەرلین] 

کۆڕەوی کورد

 

سەرەتا، حەزناکەین پێمانبڵێن «پەنابەر». ئێمە خۆمان یەکتر بە «تازەهاتووان» یان «کۆچبەران» بانگ دەکەین. ڕۆژنامەکانمان، ڕۆژنامەن بۆ «ئەمریکییە ئەڵمانییزمانەکان»؛ و هێندەی بزانم، هیچ یانەیەک نییە و نەبووە لەلایەن ڕاوەدوونراوانی هیتلەرەوە دامەزرێنرابێت و ناوەکەی ئاماژە بکات بەوەی ئەندامانی ئەو یانەیە پێشتر پەنابەر بوون. 

پەنابەر بەشێوەیەکی باو کەسێکە ناچاربووە بەدووی پەناگەیەکدا بگەڕێت، چونکە چالاکییەکی ئەنجام داوە، یاخود ڕوانگەیەکی سیاسیی هەبووە. بەڵێ، ڕاستە ئێمە دەبوو بەدووی پەناگەدا بگەڕێین؛ بەڵام ئێمە هیچ کردەوەیەکمان ئەنجام نەدابوو و زۆربەمان هەرگیز خەونیشی بە هەبوونی هیچ بۆچوونێکی ڕادیکاڵەوە نەبینیبوو. لەگەڵ ئێمەدا، مانای زاراوەی «پەنابەر» گۆڕانی بەسەرداهات. ئێستا «پەنابەران» ئەوانەین کە هێندە نابەختەوەرین کاتێک دەگەینە وڵاتێکی تازە بێ ئەوەی هیچ ئامرازێکمان هەبێت و دەبێت لەلایەن کۆمیتەکانی پەنابەرانەوە یارمەتیی بدرێین.

پێش ئەوەی جەنگ سەرهەڵبدات، ئێمە زۆر هەستیارتربووین بەرانبەر بەوەی پێمان بگووترێت پەنابەر. هەموو هەوڵێکمان دا بۆ خەڵکانی دیکەی بسەلمێنین ئێمە تەنها کۆچبەرانی ئاسایین. ڕامانگەیاند ئێمە بە ویستی ئازادی خۆمان وڵاتمان جێهێشت بۆ ئەو وڵاتانەی خۆمان هەڵیدەبژێرین، و ڕەتمان دەکردەوە بارودۆخمان هیچ پەیوەندییەکی «بەو شتەوە هەبێت کە پێیدەگووترێت کێشە جووییەکان». بەڵێ ئێمە «کۆچبەران» یاخود «تازەهاتووان» بووین کە وڵاتمان بەجێهێشتبوو، چونکە، لە ڕۆژێکی خۆشدا، چیتر بەکەڵکی مانەوەمان نەدەهات، یاخود تەنها لەبەر هۆی ئابووریی وڵاتمان جێهێشت. دەمانەویست ژیانمان دووبارە بونیاد بنێینەوە، ئەمە هەمووی بوو. بۆ ئەوەی یەکێک ژیانی خۆی بونیاد بنێتەوە، دەبێت بەهێز و گەشبین بێت. بۆیە ئێمە زۆر گەشبینین. 

لە ڕاستیدا، گەشبینیمان شایانی ستایش و پیاهەڵدانە، ئەگەرچی خۆمان ئەوە بەخۆمان دەڵێین. دواجار حیکایەتی خەباتمان زانرا. ئێمە ماڵمان لەدەست دا، واتا ئاشنایەتیی ژیانی ڕۆژانەمان ونکرد. ئێمە کار و پیشەمان لەدەستدا، واتا ئەو توانا و متمانەیەی کە ئێمەش لەم جیهانەدا سوودمەندین. ئێمە زمانمان لەدەست دا، واتا سروشتێتیی کاردانەوەکان، سانایی جووڵەکان، دەربڕینی خراپنەبووی هەستەکانمان. لە گیتۆکانی پۆڵەندا ئاشنا و خزمانمان بەجێهێشتن و هاوڕێ هەرە باشەکانمان لە کەمپەکانی کاری زۆرەملێدا کوژران، و ئەمەش واتا بڕینەوە و وەدەرنان لە ژیانە تایبەتییەکانمان. 

 هەرچۆنێک بێت، هەرکە ڕزگارکراین – و زۆربەمان دەبوو چەندین جاری دیکە ڕزگار بکرێت – دەستمان بە ژیانی تازەمان کرد و هەوڵماندا چەندەی دەکرێت لە نزیکەوە هەموو ئەو ئامۆژگارییە باشانە پەیڕەو بکەین کە فریادڕەسانمان پێیان گەیاندبووین. پێمان گووترا لەبیر بکەین؛ و زۆر خێراتر لەوەی هیچ کەس بتوانێت بیری لێبکاتەوە، هەموو شتێکمان فەرامۆشکرد. بەشێوەیەکی هاوڕێیانە ئەوەمان بیرهێنرایەوە کە وڵاتی نوێ دەبێتە ماڵێکی نوێ؛ و دوای چوار حەفتە لە فەڕەنسا یان شەش حەفتە لە ئەمریکا، خۆمان وەک فەڕەنسیی یان ئەمریکیی پیشان دەدا. گەشبینترینی نێومان تەنانەت ئێستا دەیانگووت سەرتاپای ژیانی پێشوویان بەشێوەیەکی تاراوگەی ناوشیارانە بۆیان گواستراوەتەوە و تەنها وڵاتی تازەیان فێری کردوون بەڕاستی ماڵ چۆنە و بە مانای چی دێت. ڕاستە هەندێکجار هەندێک ڕەخنە دەگرین کاتێک پێمان دەگووترێت کاری پێشوومان لەبیربکەین؛ و ئەگەر بابەتەکە پەیوەندیی بە پێوەری کۆمەڵایەتییمانەوە هەبێت، بەگشتیی قوورسە ئایدیالەکانی پێشوومان بەجێبهێڵین و فەرامۆشیان بکەین. بەڵام لەگەڵ زماندا هیچ قوورسیی و سەختییەکمان ڕووبەڕوو نابێتەوە: دوای تەنها یەک ساڵ گەشبینەکان لەسەر ئەو باوەڕەن هاوشێوەی زمانی دایکیان دەتوانن بە ئینگلیزیی قسە بکەن؛ و دوای دوو ساڵ، شکۆمەندانە سوێند دەخۆن کە باشتر لە هەر زمانێکی دیکە – ئەڵمانییەکەیان زمانێکە بیریان ناکەوێتەوە – بە ئینگلیزیی دەدوێن. 

بۆ ئەوەی زۆر باشتر و کاریگەرتر لەبیربکەین، خۆمان بەدوور دەگرین لە ناوهێنانی هەر کەمپێکی کاری زۆرەملێ یان زیندانیی کە بە نزیکەیی لە هەموو وڵاتانی ئەوروپا ئەزموونمان کرد – ڕەنگە لە نیشتمانی نوێ وەک ڕەشبینیی یان بێ متمانەیی ڕاڤە بکرێت. هەروەها، بەردەوام پێمان گووتراوە کەس حەز ناکات گوێ لە هەموو ئەو شتانە بگرێت؛ دۆزەخ چیتر باوەڕێکی ئایینیی یان خەیاڵات نییە، بەڵکو شتێکە هێندەی خانوو و بەرد و درەختەکان ڕاستەقینەیە. وا پێدەچێت کەس نەیەوێت بزانێت مێژووی هاوچەرخ جۆرێکی تازەی بوونی مرۆیی خوڵقاندووە – جۆرێک مرۆڤ لە لایەن دوژمنانییەوە دەخرێنە ناو کەمپەکانی کاری زۆرەملێوە و لەلایەن هاوڕێکانییەوە دەخرێنە نێو کەمپەکانی ڕاگرتنەوە. 

تەنانەت لەنێو خۆشماندا باسی ئەم ڕابردووە ناکەین. لە بەرانبەردا، ڕێگەیەکی تایبەت بەخۆمان دۆزیوەتەوە بەسەر داهاتوویەکی نادڵنیا و نادیاردا سەروەر بین. مادام هەمووان بەرنامەیان هەیە و ئارەزوو دەکەن و هیواخوازن، ئەوا ئێمەش هەروا دەبین. بەڵام جیا لە مامەڵە و ڕەفتارە گشتییە مرۆییەکان، ئێمە هەوڵدەدەین داهاتوو زۆر زانستییانەتر پاک بکەینەوە. دوای دونیایەک بەختی خراپ، ڕەوتێکمان دەوێت هێندەی چەک دڵنیابەخش بێت. بۆیە، زەوی بە هەموو نادڵنیاییەکانییەوە بەجێدەهێڵین و چاومان لە ئاسمان دەبڕین. ئەستێران – نەک ڕۆژنامەکان – باسی ئەوەمان بۆ دەکەن کاتێک هیتلەر دەشکێت و کاتێک ئێمە دەبینە هاووڵاتیی ئەمریکیی. پێمانوایە ئەستێرەکان ڕاوێژکارانی زۆر ڕاستگۆترن لە هاوڕێکمان؛ لە ئەستێرەکانەوە فێردەبین کەی دەبێت لەگەڵ خێرۆمەندانمان خوانمان هەبێت و لە چ ڕۆژێکدا باشترین چانسمان دەبێت هەموو ئەم پرسیارنامە زۆر و زەوەندا پڕدەکەینەوە کە یار و یاوەری ژیانەکانی ئێستامانن. هەندێکجار تەنانەت پشت بە ئەستێرانیش نابەستین، بەڵکو پشت بە هێڵەکانی دەستمان یان نیشانەکانی دەستنووسمان دەبەستین. لەبەرئەوەیە زۆر کەم لەبارەی ڕووداوە سیاسییەکانەوە فێردەبین، ئەگەرچی بەجۆرێک لە جۆرەکان دەروونشیکارییش لە مۆد کەوتووە، کەچی زۆر زیاتر لەبارەی خودە ئازیزەکانمانەوە فێردەبین. کاتێک خانمان و ئاغایانی بێزارکەری کۆمەڵگەی باڵا قسە لەسەر بەدڕەوشتییە بچووکەکانی سەردەمی منداڵییان دەکەن، ئەوا ئەو ڕۆژگارە خۆشانە بەسەرچوون و سەر بەڕابردوون. ئەوان چیتر نایانەوێت گوێبیستی حیکایەتگەلی تارمایی بن؛ ئەوە ئەزموونە ڕاستەقینەکانە خوێنیان دەمەیەنێت. هیچ پێویستییەک بوونی نییە جادوو لە ڕابردوو بکرێت؛ لە واقیعییەدا شەیدابوونی گونجاو هەیە. لەبەرئەوە، سەرەڕای گەشبینییە پاراوەکەمان، هەموو جۆرە فێڵێکی جادوویی بەکاردەهێنین تا بیر لە ڕۆحەکانی داهاتوو بکەینەوە. 

نازانم کام یادەوەرییانە و کام بیرۆکانە شەوانە لەنێو خەوەکانماندا لانە دەکەن. ئازایەتیی ئەوەم نییە بۆ زانیاریی بگەڕێم، چونکە، منیش گەشبینێک بووم. بەڵام هەندێکجار پێموایە لانیکەم شەوانە ئێمەش بیر لە مردووەکانمان دەکەینەوە یان ئەو شیعرانەمان بیردەکەونەوە کە ڕۆژگارێک حەزمان لێیان بووە. تەنانەت لەوەش تێدەگەم چۆن هاوڕێیانمان لە بەندەری خۆرئاوا، لە سەردەمی قەدەغەی هاتووچۆدا، دەبێت ئەمجۆرە تێگەیشتنە فزوڵییانەیان هەبووبێت تا باوەڕ بەوە بهێنن کە ئێمە نەک تەنها «هاووڵاتییانی نمرە دوو» نین، بەڵکو نیشانەی «کۆمەڵێک بێگانەی دوژمن»ین. بێگومان لە ڕۆژی ڕووناکدا، تەنها «تەکنیکییانە» دەبینە بێگانە دوژمنەکان – هەموو پەنابەرێک ئەمە دەزانێت. بەڵام کاتێک عەقڵە تەکنیکییەکان لە سەردەمی ماڵی تاریکدا ڕێگەیان لێگرتی ماڵەکەت جێبێڵیت، بەدڵنیاییەوە ئاسان نەبوو خۆت لە هەندێک ڕامان و بیرکردنەوەی تاریک دەربارەی پەیوەندیی نێوان تەکنیک و واقیع بەدوور بگریت. 

نەخێر، هەڵەیەک لە گەشبینیماندا هەیە. لەنێوماندا ئەو گەشبینە نامۆیانە هەن، کە، دوای ئەوەی دونیایەک گووتەی گەشبینانەیان پێشکەشکردووە، دەڕۆنەوە ماڵەوە و گازەکە پێدەکەن یان هەوربڕێک بەشێوەیەکی تەواو ناچاوەڕوانکراو بەکاردەهێنن. پێدەچێت ئەوە پشتڕاست بکەنەوە کە بەختیاریی بەربڵاومان لەسەر ئامادەییەکی ترسناک بۆ مردن دامەزراوە. بە ڕاهاتن بەو باوەڕەی ژیان باڵاترین چاکەیە و مردن گەورەترین تۆقین و خراپەیە، ئێمە دەبینە شایەتحاڵ و قووربانیانی کۆمەڵە ترس و تۆقینێکی زۆر خراپتر و ترسناکتر لە مردن – تەنانەت بێ ئەوەی توانیبێتمان ئایدیالێکی باڵاتر لە ژیان بدۆزینەوە. لەبەرئەوە، ئەگەرچی مەرگ ڕەهەندی تۆقێنەرانەی لای ئێمە لەدەستداوە، ئێمە نە ویستمان و نە توانیمان ژیانمان بۆ ئامانجێک بخەینە مەترسییەوە. لە جیاتی خەباتکردن – یان بیرکردنەوە لەوەی چۆن بتوانین بجەنگین – پەنابەران ڕاهاتوون ئارەزووی مردنی هاوڕێیان یان خزمانیان بکەن؛ ئەگەر یەکێک بمرێت، بەخۆشحاڵییەوە بیر لە هەموو ئەو کێشە و گرفتە دەکەینەوە کە ئەو خۆی لێ دەربازکردووە. دواجار، زۆربەمان بەو ئارەزووە کۆتایی پێبێینین، کە ئێمەش دەکرێت لە زۆر کێشە و گرفت خۆمان ڕزگار کەین و بەدروستیی ڕەفتار دەکەین.

لە ١٩٣٨ەوە – واتا لە کاتی داگیرکردنی نەمسا لەلایەن هیتلەرەوە – بینیومانە چەندە بەخێرایی دەکرێت گەشبینیی زمانپاراو بگۆڕێت بۆ ڕەشبینیی زمانگیراو. هەرکە ڕۆژەکان تێپەڕین، ئێمە دۆخمان خراپتر بوو – تەنانەت چەندە گەشبینتر هێندە زیاتر دووچاری خۆکوژیی دەبووین. جووەکانی نەمسا لە ژێر دەسەڵاتی [کورت] شوشنیگ-دا خەڵکانێکی وەها بەختیار بوون – هەموو چاودێرێکی بێلایەن ستایشی دەکردن. زۆر جوان و سەرسوڕهێنەر بوو کە چۆن وەها بەقووڵیی بەو باوەڕە گەیشتبوون هیچ شتێکیان بەسەردا نایەت. بەڵام کاتێک هێزە پیادە ئەڵمانییەکان وڵاتەکەیان داگیرکرد و دراوسێ بەڕێزەکان هێرشەکانیان بۆ سەر ماڵی جووەکان دەستپێکرد، جووەکانی نەمسا دەستیان بۆ خۆکوژیی برد. 

بە پێچەوانەی خۆکوژییەکانی دیکەوە، هاوڕێکانمان هیچ شتێک لەسەر کردەوەکانیان ناڵێن، کەس تاوانبار ناکرێت، هیچ شکایەتێک لەو جیهانە ناکرێت کە مرۆڤێکی کڵۆڵ و بێهیوای ناچارکردبوو بدوێت و بەختیارانە ڕەفتار بەرانبەر بە دوایین ڕۆژی ژیانی بکات. ئەو نامانەی لێیانەوە بەجێماوە، بەڵگەنامەی باو و بێ مانان. بۆیە، ئەو گووتەی بەخاکساردنانەی لەسەر گۆڕە کراوەکانیان پێشکەشی دەکەین کورت، شەرمەزارکەر و زۆر هیوابەخشن. کەس گرنگیی بە پاڵنەرەکان نادات، پێدەچێت پاڵنەرەکان بۆ ئێمە تەواو ڕوون بن. 

من باسی کۆمەڵێک واقیع و فاکتی ناباو دەکەم؛ و ئەمەش شتەکان خراپتر دەکات کە بۆ ئەوەی ڕوانگەکەم بسەلمێنم، تەنانەت ئەو تاقانە ئەرگومێنتانە بەکارناهێنم کە کاریگەریی لەسەر خەڵکی نوێ دادەنێن، واتا خشتەکان. تا ئەو شوێنەی پەیوەندیی بە خشتەکانەوە هەبێت، تەنانەت ئەو جووانەی شێتگیرانە نکوڵیی لە بوونی خەڵکانی جوو دەکەن، شانسێکی گوونجاوی مانەوەمان پێدەدەن – چۆن دەکرێت بیسەلمێنن کە تەنها ژمارەیەکی کەمی جووەکان تاوانبارن و زۆرینەی ئەو جووانەی لە کاتی جەنگدا دەکوژرێن نیشتمانپەروەرانی باشن؟ لەڕێگەی هەوڵیان بۆ پاراستنی ژیانی ئاماریی خەڵکانی جووەوە ئێمە دەزانین جووەکان نزمترین ڕێژەی خۆکوژییان لەنێو هەموو نەتەوە شارستانەکاندا هەبووە. من تەواو دڵنیام ئەم خشتانە چیتر ڕاست نین، ئەگەرچی ناتوانم لەڕێگەی خشتەگەلی تازەترەوە ئەمە بسەلمێنم، بەڵام بەدڵنیاییەوە دەتوانم ئەم کارە بە کۆمەڵێک ئەزموونی نوێوە ئەنجام بدەم. ڕەنگە ئەمە بۆ ئەو کەسە گومانکارانە بەس بێت کە هەرگیز تەواو بەو باوەڕە نەگەیشتوون پێوەری کەلەسەری کەسێک ئایدیای دەقیقی ناوەرۆکەکەی دەخاتەڕوو، یان ئەو ئامارانەی تاوان کە ئاستی وربینی ئەخلاقیاتی نەتەوەیی پیشان دەدەن. هەرچۆنێک بێت، جووە ئەوروپییەکان ئەمڕۆ لەهەر کوێیەک بژین، چیتر بەگوێرەی یاسا ئامارییەکان ناجووڵێنەوە. خۆکوژییەکان تەنها لەنێو خەڵکانی ترساوی بەرلین و ڤییەننا، بوخارێست یان پاریس ڕوونادەن، بەڵکو لە نیویۆرک و لۆس ئەنجیلس، لە بۆینس ئایرس و لە مۆتیڤیدیۆشدا ڕوودەدەن. 

لە لاکەی دیکەوە، ڕاپۆرتەکان باس لە کەمترین ڕێژەی خۆکوژیی ناو گیتۆکان و کەمپەکانی کاری زۆرەملێ دەکەن. ئەوە ڕاستە ئێمە کەمترین ڕاپۆرت و زانیارییمان لە هەموو پۆڵەنداوە پێدەگەیشت، بەڵام زانیاریی تەواوەتیی و باشمان دەربارەی کەمپەکانی کاری زۆرەملێی ئەڵمانیی و فەڕەنسیی هەیە. 

کۆچی جووەکان لە جەنگی دووەمی جیهانییدا

 

بۆ نموونە، لە کەمپی گورس، کە دەرفەتی ئەوەم هەبوو هەندێک کاتی لێ بەسەربەرم، تەنها یەک جار دەربارەی خۆکوژییم بیست و ئەمەش پێشنیاری کردەیەکی دەستەجەمعیی بوو، بە ڕواڵەت جۆرێک ناڕەزایەتیی تا فەڕەنسییەکان پەست و ئاگادار بکەنەوە. کاتێک هەندێک لە ئێمە هەرچۆنێک بێت گووتمان کە ئێمە «بۆ مردن» بۆ ئێرە هێنرابووین، میزاجی گشتیی لەناکاو گۆڕا بۆ نێو ئازایەتییەکی توندوتیژانەی ژیان. بیروڕای گشتیی پێیوابوو دەبێت ئەو کەسانە بەشێوەیەکی نائاسایی نا-کۆمەڵایەتیی و گوێپێنەدەر بن دەربارەی ڕووداوە گشتییەکان ئەگەر هێشتا بتوانن سەرتاپای ڕووداوەکە وەک بەختێکی خراپی کەسیی یان تاکەکەسیی لێکبدەنەوە و بەم پێیەوە، ژیانی کەسێک بەشێوەیەکی فەردیی و کەسیانە کۆتایی دەهات. بەڵام هەمان ئەو خەڵکە، هەرکە گەڕانەوە نێو ژیانە تاکەکەسییەکانی خۆیان، بەڕواڵەت ڕووبەڕووی هەمان کێشە تاکەکەسییەکان بوونەوە، بەرانبەر بەم گەشبینییە شێتانەیە زیاتر گۆڕان کە نزیکبوو لە بێهیوایی. 

ئێمە یەکەم جووە بێ-دینەکان بووین ئازاردراین – و ئەو یەکەم کەسانەین، کە، نەک تەنها لە دۆخە پەڕگیرەکاندا، بە خۆکوژیی وەڵام دەدەنەوە. لەوانەیە فەیلەسوفان لەسەرحەق بن کە دەڵێن خۆکوژیی دوایین و باڵاترین گەرەنتیی سەربەستیی مرۆییە؛ نەک ئازاد لە دروستکردنی ژیانمان یان ئەو جیهانەی تێیدا دەژین، ئێمە هەرچۆنێک بێت ئازادین واز لە ژیانمان بهێنین و جیهان بەجێبهێڵین. بە دڵنیاییەوە، جووە ئاییندارەکان ناتوانن لەم ئازادییە نەرێنییە تێبگەن: ئەوان پێیانوایە خۆکوژیی کوشتنە، واتا، لەناوبردنی ئەو شتەی مرۆڤ هەرگیز ناتوانێت دروستی بکات و دەست لە کاروبارەکانی ئافرێنەر وەربدات. «خوا ژیان دەبەخشێت و هەر خواش ژیان وەردەگرێتەوە»؛ و ئەوان ئەمەش زیاد دەکەن: «سوپاس و ستایش بۆ خوا». لای ئەوان خۆکوژیی، وەک تاوانی کوشتن، بە مانای هێرشێکی کافرانە دێت بۆسەر پرۆسەی ئافراندن وەک گشتێک. ئەو کەسەی خۆی دەکوژێت، دەڵێت ژیان بەهای ژیانکردنی نییە و جیهان بەهای ئەوەی نییە پەناگەی ئەو بێت. 

بەڵام خۆکوژییەکانمان بریتی نین لە کۆمەڵێک یاخیبوون دژ بە ژیان و جیهان، ئەوانەی هەوڵبدەن لە خۆیاندا، سەرجەمی گەردوون بکوژن. خۆکوژییان ڕێگەیەکی هێمن و ئاسانی ونبوون و نەمانە؛ پێدەچێت داوای لێبوردن بکەن بۆ ئەو چارەسەرە توندوتیژەی بۆ کێشە کەسییەکانی خۆیان پەیدایان کردووە. بەگشتیی، لە بیروباوەڕیاندا، ڕووداوە سیاسییەکان هیچ پەیوەندییەکی بە چارەنووسی تاکەکەسیی ئەوانەوە نەبوو؛ لە کاتە باش یان خراپەکاندا، تەنها باوەڕ بە کەسایەتیی خۆیان دەهێنن. ئێستا هەندێک کەموکورتیی پڕ لە ڕەمز و ڕاز لە خودی خۆیاندا دەدۆزنەوە، کە ڕێگەیان لێدەگرێت یەکتریان خۆشبوێت. لە سەرەتاکانی منداڵیانەوە بە خووگرتن بە ستانداردێکی دیاریکراوی کۆمەڵایەتیی، ئەگەر چیتر ئەم ستانداردە نەکرێت بپارێزرێت، لە چاوی خودی خۆیاندا ئەوان شکستخواردوون. گەشبینییان هەوڵی پووچ و بێهوودەیە بۆ خۆدوورگرتنیان لە شکست. لەپشتی ئەم بەختیارییەوە، ئەوان بەردەوام لە دژی بێهیوایی و بێدەرەتانیی خۆیان دەجەنگن. دواجار، ئەوان بەدەست جۆرێک خودپەرستییەوە دەمرن. 

ئەگەر ڕزگار بکرێین هەست دەکەین سووکایەتییمان پێکراوە و ئەگەر یارمەتیبدرێین، هەست بە شەرمەزاریی و تەریقبوونەوە دەکەین. بە چارەنووسە تاکەکەسییەکانەوە وەک شێت بۆ بوونە تایبەتییەکان دەجەنگین، چونکە دەترسین لەوەی ببینە بەشێک لەو خەڵکە زۆرە شڕپۆش و سەرگەردانە دەرۆزەکەرانە (schnorrer)ی ئێمە، زۆرێک لە ئێمەی چاکەخوازانی پێشوو، بەباشیی ئەوانمان بیردەکەوێتەوە. ڕێک وەک ئەوەی نەمانتوانی لەوە تێبگەین کە ئەوەی پێیدەگووترێت دەرۆزەکەر و موفتەخۆر ڕەمزێکی چارەنووسی جوو بوو و نەک وەک پەککەوتە و دەبەنگێک(shlemihl)، لەبەرئەوەیە ئەمڕۆ هەستناکەین خۆمان بۆ هاوشتیی جووەکان تەرخانکردبێت؛ ناتوانین لەوە تێبگەین کە ئێمە بە تەنها هێندەی سەرتاپای گەلی جوو سەرگەردان نین. هەندێکجار ئەم تێنەگەیشتن و هەستپێنەکردنە بەوپەڕی هێزەوە لەلایەن پارێزەرانمانەوە پشتیوانیی لێکراوە. لەبەرئەوە، بەڕێوەبەرێکی ڕێکخراوێکی گەورەی خێرخوازیی پاریسم بیردەکەوێتەوە، کە هەرکاتێک تەسکەرەی ڕۆشنبیرێکی جووی ئەڵمانیی بە ناوونیشانی «دکتۆر» (Dr.) لەسەر تەسکەرەکە ببینیایە، ڕاهاتبوو بەوپەڕی هێزییەوە هاوار بکات «بەڕێز دکتۆر، بەڕێز دکتۆر، بەڕێز دەرۆزەکەر، بەڕێز دەرۆزەکەر!» (Herr Doktor, Herr Doktor, Her Schnorrer, Herr Schnorrer). 

ئەو دەرەنجامەی لەو ئەزموونە نەخوازراو و تاڵانەوە وەرمانگرت تەواو سانا و ساکار بوو. هەبوونی دکتۆرا لە فەلسەفە چیتر ڕازی نەدەکردین؛ و فێربووین بۆ ئەوەی ژیانی نوێمان بونیاد بنێین، دەبوو ژیانی کۆنمان باشتر بکەین. حیکایەتی پەریانێکی جوان بۆ باسکردن لە ڕەفتارمان داهێنرا؛ سەگێکی بەجێماوی کۆچبەر، لە ئاهوناڵەی خۆیدا، دەستدەکات بە قسەکردن «ڕۆژێک لە ڕۆژان، کاتێک من سان بێرنار بووم…». 

هاوڕێ تازەکانمان، کە تەواو سەرسامن بە خەڵکانێکی زۆری ئەستێرە و بەناوبانگ، لەوە تێناگەن کە لە بنەڕەتدا لە هەموو وەسفەکان بۆ شکۆمەندییەکانی ڕابردوو حەقیقەتێکی مرۆیی هەیە: ئێمە کەسانێک بووین خەڵک خەمیان دەخواردین، لەلایەن هاوڕێیانەوە خۆشدەویستریان، و تەنانەت ئەو خاوەن ماڵانەش دەیانناسین کە لە کاتی خۆیدا کرێی مانگانەی نیشتەجێبوونمان پێدەدان. ڕۆژگارێک دەمانتوانی خۆراکی خۆمان بکڕین و لە میترۆدا بە ئارەزووی خۆمان باژۆین بێ ئەوەی کەس پێمان بڵێت ئێوە نەخوازراون. ئێمە کەمێک بووینەتە هیستریایی چونکە ڕۆژنامەوانان دەستیانکردووە بە دۆزینەوەمان و بە ئاشکرا پێمان دەڵێن چیتر لە کاتی کڕینی شیر و ناندا ناڕەزایەتیی دەرنەبڕین. ڕادەمێنین لەوەی دەبێت چۆن ئەم کارە بکەین؛ ئێمە هەر لەسەرەتاوە ئێجگار نەفرەتییانە تەواو وریاین لەنێو هەر ساتێکی ژیانی ڕۆژانەماندا خۆمان بەدووربگرین لەوەی کەس نەمان ناسێتەوە، کەس نەزانێت ئێمە کێین و چ جۆرە پاسپۆرتێکمان هەیە، بەڵگەنامەی لەدایکبوونمان لەکوێ پڕکراوەتەوە – و ئەوەی هیتلەر حەزی بەچارەمان نەهاتووە. باشترین هەوڵی خۆمان دەدەین لەو جیهانەدا خۆمان بگونجێنین کە کاتێک خۆراکی خۆت دەکڕیت دەبێت جۆرێک مێشکێکی سیاسییانەت هەبێت. 

لەنێو ئەم بارودۆخانەدا، سان بێرنار گەورەتر و گەورەتر دەبێت. هەرگیز ناتوانم ئەو پیاوە گەنجە لەبیربکەم، کە، کاتێک دەبوو جۆرە کارێکی دیاریکراو قبووڵ بکات، ناڵەی لێ بەرزبووەوە «تۆ نازانی لەگەڵ کێ قسە دەکەیت؛ من بەڕێوەبەری بەشی کارشتات [مۆڵێکی گەورەی بەرلین] بووم». بەڵام هەروەها نائومێدیی و خەمۆکییەکی قووڵیش لەو پیاوە تەمەن مامناوەندییەدا هەیە، کە لەو کۆمیتە بۆ ئەو کۆمیتە دێت و دەچێت تەنها بۆ ئەوەی ڕزگار بکرێت، دواجار هاوار دەکات «و کەس لێرە نازانێت من کێم!» مادام هیچ کەس وەک بوونێکی مرۆیی کەرامەتدار مامەڵەی ناکات، دەستی کرد بە ناردنی کۆمەڵێک بروسکە بۆ کەسایەتییە گەورەکان و پەیوەندییە گەورەکانی. هەرزوو بۆی دەرکەوت لەم جیهانە شێتەدا زۆر ئاسانترە وەک «پیاوێکی گەورە» قبووڵ بکرێیت تا وەک بوونێکی مرۆیی. 

هانا ئارنت

 

چەندە کەمتر ئازاد بین لە بڕیاردان لەسەر ئەوەی ئێمە کێین یان دەمانەوت بەوشێوە بژین کە خۆمان ئارەزووی دەکەین، زیاتر و زیاتر هەوڵدەدەین خۆمان بەرینە پێشەوە، ڕاستییەکان بشارینەوە و ڕۆڵ بگێڕین. لەبەرئەوەی جوو بووین، لە ئەڵمانیا دەرکراین. دوای ئەوەی دەگمەن سنووری فەڕەنسامان بڕی، ئێمە گۆڕدراین بۆ «boches» [زاراوەیەکی فەڕەنسییە وەک جوێن بۆ ئەڵمانیی بەکاردەهێنرێت-وەرگێڕ]. تەنانەت پێمانگووترا ئەگەر بەڕاستی دژی تیۆرە ڕەگەزییەکانی هیتلەرین ئەوا دەبێت ئەم لەقەڵمدانە قبووڵ بکەین. لە میانەی حەوت ساڵدا ئێمە ڕۆڵی پێکەنیناویی و قێزەونی هەوڵدانمان گێڕا ببینە فەڕەنسیی – لانیکەم، هاووڵاتییانی نمرە دوو؛ بەڵام لە دەستپێکی جەنگدا وەک «boches» دەگیراین. لەگەڵ ئەوەشدا لەو سەروبەندەدا زۆربەمان لە ڕاستیدا ببوونە فەڕەنسییەکی وەها بەوەفا کە نەماندەتوانی تەنانەت ڕەخنە لە نەزمێکی حکومیی فەڕەنسیی بگرین؛ لەبەرئەوە ڕامانگەیاند لەکەمپنان و ڕاگیران شتێکی یاسایی و حەقە. ئێمە یەکەم «زیندانیانی خۆبەخش و بەویستی خۆمان» بووین مێژوو تا ئێستا بەخۆیەوە بینیبێتی. دوای ئەوەی ئەڵمانەکان فەڕەنسایان گرت، حکومەتی فەڕەنسیی تەنها ناچاربوو ناوی دەزگاکە بگۆڕێت؛ گیرابووین لەبەرئەوەی ئەڵمانیی بووین، [ئێستا] بۆمان نەبوو ئازاد بین چونکە جوو بووین. 

ئەمە هەمان چیرۆکی سەرتاپای جیهانە، بەردەوام و هەمیشە دووبارە کراوەتەوە. لە ئەوروپا نازییەکان موڵک و ماڵیان زەوت کردین؛ بەڵام لە بەڕازیل دەبێت ٣٠%ی سامانەکەمان ڕادەست بکەین، وەک هەر ئەندامێکی سەرەکیی کۆمەڵەی ئەڵمانیانی دەرەوە (Bund der Auslandsdeutschen: کۆمەڵەیەکی ئەڵمانیی بوو لە ١٩٢٣ دامەزرابوو بەڵام نازییەکان زیاتر پەرەیان بێدابوو-وەرگێڕ). لە پاریس نەماندەتوانی دوای کاتژمێر ٨ی ئێوارە ماڵ جێبهێڵین، چونکە جوو بووین؛ بەڵام لە لۆس ئەنجیلس ئێمە سنووردار و بەند دەکرێین چونکە ئێمە «بێگانە دوژمنەکان»ین. شووناسمان هێندە بەخێرایی دەگۆڕێت کە ڕاستەوخۆ کەس ناتوانێت بۆی دەربکەوێت هەر بەڕاستی ئێمە کێین. 

مخابن، کاتێک ڕووبەڕووی جووەکان دەبینەوە، شتەکان لەوە ناکەن باشتر بن. جووی فەڕەنسیی بە ڕەهایی لەسەر ئەو باوەڕە بوو کە هەموو ئەو جووانەی لە ئەڵمانیاوە دێن ئەوەن کە پێیان دەگووتن پۆلاکەکان (وشە-بە-وشە واتا: جیاکراوەکان-وەرگێڕ) – واتا ئەوەی بە جووە ئەڵمانییەکان دەگووترا جووی خۆرهەڵاتیی (Ostjuden). بەڵام بەو جووانەی بەڕاستیی لە ئەوروپای خۆرهەڵاتییەوە دەهاتن نەدەکرا لەگەڵ هاوتا فەڕەنسییەکەیان بگونجێن و پێمان دەگووترا یاکیس (بە حەرفیی واتا جووە ئەڵمانییە بێ کولتوورەکان). کوڕانی ئەم نەیارانەی یاکیی – دووەم نەوە کە لە فەڕەنسا لەدایکببوو و هەر لە سەرەتاوە وەک پێویست توابووەوە – لەگەڵ جووە فەڕەنسییەکانی چینی باڵا لەمەدا هاوبیر بوون. بۆیە، لە هەمان خێزاندا، دەکرا باوک تۆ بە یاکی ناوببات و کوڕەکەی بە پۆلاک.

لەکاتی دەستپێکردنی جەنگ و کارەساتەکەوە کە بەسەر جووی ئەوروپییدا داباریوە، تەنها ڕاستیی ڕووتی بوون بە پەنابەر ڕێگەی لێگرتووین تێکەڵی کۆمەڵی خۆجێیی جووەکان ببین، هەندێک لە ئاوارتەکان تەنها ڕێساکە دەسەلمێنن. ئەم یاسا کۆمەڵایەتییە نەنووسراوانە، ئەگەرچی هەرگیز بەئاشکرا پشتڕاست نەکراونەتەوە، کەچی کاریگەریی ئێجگار گەورەیان لەسەر بیروڕای گشتیی هەیە. و بیروڕایەکی بێدەنگ و پراکتیکێکی وەها بۆ ژیانی ڕۆژانەمان لە هەموو بانگەوازە فەرمییەکانی میواندۆستیی و ویستی چاکە گرنگترە. 

مرۆڤ ئاژەڵێکی کۆمەڵایەتییە و کاتێک پابەندیی و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان نامێنن، ژیان چیتر بۆ ئەو ئاسان نییە. پێوەرە ئەخلاقییەکان زۆر ئاسانن لە پێکهاتەی کۆمەڵگەیەکدا بپارێزرێن. چەند تاکەکەسانی دەگمەن هێزی ئەوەیان هەیە ئاوێتەبوونی خۆیان بپارێزن ئەگەر پێگەی کۆمەڵایەتیی، سیاسیی و یاساییان بەتەواویی تێکەڵ بکرێت. مەحروم لە هێز و ئازایەتیی جەنگان بۆ گۆڕانکاریی لە پێگەی سیاسیی و یاساییماندا، لە بەرانبەردا، زۆرێک لە ئێمە بڕیارماندا هەوڵی گۆڕانکاریی لە شووناسدا بدەین. و ئەم ڕەفتارە فزوڵییەش شتەکان زۆر خراپتر دەکات. ئەو سەرلێتێکچوونەی ئێمە تێیدا دەژین بەشێکی بەرهەمی کاری خۆمانە. 

ڕۆژێک کەسانێک مێژووی ڕاستەقینەی ئەم کۆچەی جووەکان لە ئەڵمانیا دەنووسنەوە؛ و دەبێت بەم لێکدانەوەیە دەستپێبکەن: بەڕێز کۆهن خەڵکی بەرلین، کە هەمیشە ١٥٠% ئەڵمانیی بووە، نیشتمانپەروەرێکی ئەڵمانیی پەڕگیر. لە ١٩٣٣دا بەڕێز کۆهن وەک پەنابەر خۆی لە پراگ دەبینێتەوە و هەر بەخێرایی دەبێتە خەباتگێڕێکی باوەڕداری چیکیی – بەهەمان ڕادەی نیشتمانپەروەرییە ئەڵمانییەکەی، ئێستا نیشتمانپەروەرێکی چیکیی ڕاستەقینە و بەوەفایە. کات دەڕوات و لە دەوروبەری ١٩٣٧دا حکومەتی چیکیی، لەژێر کاریگەریی فشاری نازییەکاندا، دەست بە دەرکردنی پەنابەرە جووەکانی دەکات، بەبێ ئەوەی ڕەچاوی ئەو ڕاستییە بکات کە جووەکان بەوپەڕی هێزەوە خۆیان وەک هاووڵاتیانی چیکیی بینیوە. پاشان بەڕێز کۆهن بەرەو ڤییەننا دەڕوات؛ بۆ خۆگونجاندنی کەسێک، پێویستی بە نیشتمانپەروەرییەکی نەمسایی دیاریکراو دەکرد. داگیرکردنی نەمسا لەلایەن ئەڵمانیاوە بەڕێز کۆهن ناچار دەکات وڵاتەکە جێبهێڵێت. لە ساتێکی خراپدا دەگاتە پاریس و هیچ جۆرە مافێکی مانەوەی بەردەوامی پێنادرێت. دوای ئەوەی هەر لەپێشەوە بووەتە خاوەن توانایەکی گەورەی بیرکردنەوەی ئارەزووخواز، ڕەتیدەکاتەوە پێوەرە دامەزراوەییەکان بەجددیی وەربگرێت، باوەڕی بەوە هەیە ژیانی داهاتووی لە فەڕەنسا بەسەر دەبات. لەبەرئەوە، خۆگونجاندنی خۆی بۆ گەلی فەڕەنسیی ئامادە دەکات بە خۆیەکسانکردنی لەگەڵ [پاشا] ڤێرسانژیتۆڕیکسی باووباپیرەی «ئێمە». پێموایە باشتر بوو چیتر لەسەر سەرکێشییەکانی دواتری بەڕێز کۆهن بەردەوام نەبم. هەرکە بەڕێز کوهن ناتوانێت بڕیاربدات ببێتە ئەو کەسەی لە ڕاستیدا هەیە، واتا ببێتە جوویەک، کەس ناتوانێت پێشبینیی هەموو ئەو گۆڕانکارییە شێتانەییانە بکات کە دەبێت ئەو پێیاندا تێبپەڕێت. 

ئەو کەسەی دەیەوێت خود-دۆزینەوەکانی خۆی لەدەستبدات، لە ڕاستیدا، ئەگەر و تواناکانی بوونی مرۆیی لەدەستدەدات کە هێندەی خودی ئافراندن، ئەبەدیی و نەمرن. بەڵام گەیشتنەوە و گیرسانەوە لەسەر کەسایەتییەکی نوێ هێندەی دروستکردنێکی نوێ بۆ جیهان زەحمەت – و بێ دەرەتانە. هەر چییەک بکەین، هەرچییەک نمایش بکەین، ئێمە هیچ شتێک دەرناخەین جگە لە ئارەزوی شێتانەمان بۆ ئەوەی بگۆڕێین، بۆ ئەوەی جوو نەبین. هەموو چالاکییەکانمان بۆ گەیشتن بەم ئامانجە تەرخانکراون: نامانەوێت پەنابەر بین، چونکە نامانەوێت جوو بین؛ لەبەرئەوەی کۆچبەرانی ئەڵمانیزمانی ئەم ساڵانەی دوایی وەک جوو لەقەڵەم دەدرێن بۆیە وا دەریدەخەین خەڵکی ئینگلیززمان بین؛ ئێمە خۆمان بە بێدەوڵەت بانگناکەین، چونکە زۆربەی خەڵکانی بێدەوڵەت لە جیهاندا جووەکانن؛ دەمانەوێت ببینە هۆتنتۆتە بەوەفاکان [چەمکێکە بۆ ڕەشپێستەکانی گەلی خۆیخۆی لە باشووری ئەفریقا بەکاردەهات -وەرگێڕ]، تەنها بۆ ئەوەی ڕاستیی جووبوونمان بشارینەوە. سەرناکەوین و ناتوانین سەربکەوین؛ لەژێر عەبای «گەشبینیی»ماندا تۆ دەتوانی بە ئاسانیی غەمگینیی بێدەرەتان و بێهیوای خۆ-توێنەرەوان بدۆزیتەوە. 

دەرپەڕاندن و کۆچی جووە کوردەکان بەرەو ئیسرائیل

 

لەگەڵ ئێمەدا لە ئەڵمانیاوە، وشەی توانەوە/خۆهاوشێوەکردن مانایەکی «قووڵ»ی فەلسەفیی وەرگرت. ئێوە ناتوانن لەوە تێبگەن کە ئێمە چەندە لەبارەی ئەم توانەوەیەوە جددیی بووین. توانەوە بە مانای زەروورەتی خۆگونجاندن لەگەڵ ئەو وڵاتە نەدەهات کە تێیدا لەدایکبووین و ئەو خەڵکەی بە زمانی ئەوان قسەمان دەکرد. ئێمە لەبنەڕەتدا خۆمان لەگەڵ هەموو شت و هەموو کەسێکدا گونجاند. ئەم مەیل و ئاراستەیە لەسەر زاری یەکێک لە هاووڵاتییەکانم بۆم ڕوون بووەوە، کە وادەردەکەوت باش بزانێت هەستەکانی دەرببڕێت. دوای ئەوەی بەتازەیی گەیشتبووە فەڕەنسا، یەکێک لەو کۆمەڵانەی خۆگونجاندنی دۆزییەوە کە تێیدا جووە ئەڵمانەکان بەیەکتریان دەگووت کە فەڕەنسیین. لەیەکەم لێدوانیدا گووتی: «لە ئەڵمانیا ئەڵمانیی باش بووین، و کەواتە دەبێت لە فەڕەنساش فەڕەنسیی باش بین». ئامادەبووان بەجۆش و خرۆشەوە چەپڵەڕێزانیان بوو و کەسیش پێنەکەنی؛ خۆشحاڵبووین بەوەی فێربووین چۆن وەفادارییمان بسەلمێنین.

ئەگەر نیشتمانپەروەریی بابەتێکی ڕۆتین یان پراکتیکێک بووبێت، ئەوا ئێمە دەبێت نیشتمانپەروەرترین خەڵکی سەرزەوی بین. با بگەڕێینەوە بۆ بەڕێز کۆهنەکەمان؛ ئەو بەدڵنیاییەوە هەموو ڕیکۆردەکانی شکاندووە. بەڕێز کۆهن ئەو کۆچبەرە ئایدیال و نموونەییەیە کە هەمیشە و لە هەر وڵاتێکدا کە تێیدا چارەنووسێکی ترسناک پاڵی پێوەدەنێت، کتوپڕ کێوە ڕەسەنەکان دەبینێت و عاشقیان دەبێت. بەڵام مادام نیشتمانپەروەریی هێشتا باوەڕناکرێت بووبێت بە بابەتێکی پراکتیک و کردە، قوورسە خەڵک بەو باوەڕە بگەیەنین لە دڵسۆزیی گۆڕان و وەرچەرخانە دووبارەکانمان تێبگەن. ئەم خەباتە کۆمەڵگەی خودی خۆمان تەواو نالێبوردە دەکات؛ داوای دانپیانانی تەواوەتیی دەکەین بەبێ گروپەکەی خۆمان، چونکە لە پێگەیەکدا نین ئەمە بۆ خۆجێییەکان دابین بکەین. خەڵکانی خۆجێیی و ئەسڵیی، بە ڕووبەڕووبوونەوەیان لەگەڵ خەڵکانی نامۆی وەک ئێمە، گوماناویی دەبن؛ لە گۆشەنیگای ئەوانەوە، وەک ڕێسایەک، تەنها وەفادارییمان بۆ وڵاتە کۆنەکانمان شایانی تێگەیشتن و دەرککردنە. ئەمە ژیان بۆ ئێمە زۆر قوورس و کوشندە دەکات. ئەگەر بتوانین ڕوونی بکەینەوە، وەک جوو، نیشتمانپەروەرییمان لە وڵاتە ڕەسەنەکانی خۆماندا ڕەهەندێکی زۆر تایبەتی هەبووە، لەوانەیە بەسەر ئەم بەدگوومانییەدا سەرکەوین. بەڵام ئەمە لە ڕاستیدا زۆر دڵسۆزانە و ڕیشەیەکی قووڵی هەبوو. کتێبی چەند بەرگیمان نووسین تا ئەمە بسەلمێنین؛ سەرتاپای بیرۆکراسییمان بۆ ئەوە تەرخانکرد تا کەوناراییەکەی شیبکاتەوە و لەڕووی ئامارییەوە ڕوونی بکاتەوە. ئێمە چەندین لێکۆڵەرمان هەبوون دکتۆرای فەلسەفییان دەربارەی هارمۆنیی و هەماهەنگیی لەپێشدا دیاریکراوی نێوان جووەکان و فەڕەنسییەکان، جووەکان و ئەڵمانەکان، جووەکان و هەنگارییەکان، جووەکان و… نووسین. گومان لە وەفاداریی خێرای ئەمڕۆمان مێژوویەکی درێژی هەیە. ئەمە مێژووی سەد و پەنجا ساڵێک خۆهاوشێوەکردن و توانەوەی جووایەتییەکە، کە جوامێرییەکی بێ پێشینەی نمایشکردووە: بەڵام چەندە هەموو کاتیان تەرخانکرد نا-جووبوونیان بسەلمێنن، سەرکەوتووبوون لەوەی هەموو کاتەکە هەر بە جوو بمێننەوە. 

سەرلێتێکچوونی هیوابڕاوانەی ئەم ئاوارە-ئولیسیسانە، کە بەپێچەوانەی پاڵەوانە نموونەییە مەزنەکەیان، نازانن ئەوان کێن، بە سانایی لەڕێگەی شێتایەتیی تەواویان بۆ ڕەتکردنەوەی شووناسی خۆیان، شایانی ڕوونکردنەوەیە. ئەم شێتایەتییە زۆر کۆنترە لەوەی دە ساڵ تەمەنی بێت، ئەمەش بێمانایی و پووچیی قووڵی بوونی ئێمەی دەرخست. ئێمە خەڵکانێکین بە ئایدیایەکی نەگۆڕەوە کە هەمیشە هەوڵدەدەن خۆیان بە لەکەیەکی خەیاڵییەوە پۆشتە بکەن. لەبەرئەوە ئێمە بەجۆش و خرۆشەوە دەبینە عاشق و شەیدای هەر توانا و ئەگەرێکی تازە، کە، بەهۆی تازەییەکەیەوە، پێدەچێت بتوانێت وەک موعجیزەیەک کاربکات. هاوشێوەی ئەو ژنە باریکەڵەیەی خۆشحاڵە بەهەر جلوبەرگێکی تازە کە بەڵێنی ئەوەی پێیە قەدباریکە ئارەزووکراوەکەی پێبدات، ئێمە شەیدای هەر شووناسێکی نەتەوەیی نوێ دەبین. بەڵام ژنەکە تەنها تا ئەو کاتە حەزی لە جلە تازەکەیە کە باوەڕ بە چۆنایەتییە موعجیزەئاساکانی دەهێنێت و ئەوەی بۆ دەردەکەوێت کە جلەکە جەستەی ئەو ناگۆڕێت – یان، بۆ ئەم پرسە، پێگەی ئەو ناگۆڕێت. 

لەوانەیە تووشی سەرسوڕمان بن لەوەی کە بەڕواڵەت بێهوودەیی هەموو خۆگۆڕینە نامۆکانمان، هێشتا ئەمە نەیتوانیوە سست و لاوازمان بکات. ئەگەر ئەوە ڕاست بێت کە خەڵک زۆر کەم لە مێژووەوە فێردەبن، ئەوەش ڕاستە لەوانەیە لەو ئەزموونە کەسییانەیانەوە فێرببن، کە، وەک حاڵەتەکەی ئێمە، بەردەوام و هەمیشە دووبارە دەبنەوە. بەڵام پێش ئەوەی ئێوە یەکەم بەردمان تێبگرن، لەبیرتان بێت جووبوون لەم جیهانەدا هیچ پێگەیەکی یاساییت بۆ ناهێنێت. ئەگەر دەبێت دەستبکەین بە گێڕانەوەی ئەو حەقیقەتەی کە ئێمە هیچ نین جگە لە جوو، ئەمە واتا خۆمان ڕادەستی چارەنووسی ئەو بوونی مرۆییە دەکەین کە هیچ یاسایەکی تایبەت یان عورفێکی سیاسیی نایپارێزێت، شتێک نییە جگە لە بوونی مرۆیی. ناتوانم بیر لە ئاراستەیەکی لەوە زیاتر ترسناک بکەمەوە، چونکە ئێمە لە ڕاستیدا لە جیهانێکدا دەژین تێیدا بوونی مرۆیی بەگشتیی لەوە کەوتووە بۆ ماوەیەکی تەواو بوونی هەبێت، چونکە کۆمەڵگە جیاکاریی وەک چەکی گەورەی کۆمەڵایەتیی کەشفکردووە کە بەهۆیەوە دەکرێت خەڵک بەبێ هیچ خوێنڕێژییەک بکوژرێن؛ چونکە پاسپۆرتەکان یان بەڵگەنامەکانی لەدایکبوون و هەندێکجار تەنانەت وەسڵەکانی باجی دەرامەت، چیتر کۆمەڵە کاغەزێکی فەرمیی نەماون، بەڵکو بوونەتە کۆمەڵە بابەتێکی جیاوازیی کۆمەڵایەتیی. ئەوەش ڕاستە کە زۆربەمان تەواو پشت بە پێوەرە کۆمەڵایەتییەکان دەبەستین، ئەگەر کۆمەڵگە دانمان پێدانەنێت، ئەوا هەموو متمانەبەخۆبوونێکمان لەدەست دەدەین؛ ئێمە ئامادەین – و هەمیشە ئامادە بووین – هەر نرخێک بدەین تەنها لە پێناوی ئەوەی کۆمەڵگە قبووڵمان بکات. بەڵام ئەوەش بە هەمان شێوە ڕاستە کە کەسانێکی زۆر کەمی نێومان ئەوانەی هەوڵیانداوە بەبێ هەموو ئەو فێڵ و نوکتانەی خۆگونجاندن و خۆتواندنەوە، ڕێزی یەک بگرن و یەکتریان خۆشبوێت و لەگەڵ یەک بن، نرخێکی زۆر بەرزتریان لەوە داوە کە بتوانن بیدەن: تەنانەت ئەو دەرفەتە کەمانەشیان خستە مەترسییەوە کە یاساکانمان لە جیهانێکی هەڵگەڕاوەدا بەخشیویانە.

ڕاگرتنی پەنابەران لەسەر سنووری پۆڵەندا، ٢٠٢١

 

بە گەڕانەوە بۆ بێرنار لازار، ئاراستە و مەیلی بەشێک لەوانەی دەکرێت پێیان بگووترێت «پاریای وشیار»، ناکرێت زۆر بەهۆی تەنها پشت بەستن بە ڕووداوەکانی ئەم دوواییانە ڕوون بکرێتەوە، هێندەی دەکرێت ئاراستەی بەڕێز کۆهن یارمەتیمان بدات کە بەهەموو ئامرازێک هەوڵدەدات ببێتە دەستپێکەرەوەیەکی تازە. هەردووکیان کوڕانی سەدەی نۆزدەن، کە هیچ لەیاسادەرچوویەکی یاسایی یان سیاسیی نەدەناسی، تەنها باش پاریا کۆمەڵایەتییەکان و هاوتا کۆمەڵایەتییەکانی، واتا تازە پیاکەوتووە کۆمەڵایەتییەکانی، دەناسی. مێژووی مۆدێرنی جوو، دوای ئەوەی لەگەڵ جووەکانی دەربار دەستیپێکرد و لەگەڵ جووە ملیۆنێر و خێرخوازەکاندا بەردەوام بوو، بۆ ئەوەیە لەپێناوی ئەم ئاراستەیەی دیکەی نەریتی جوودا فەرامۆش بکرێت – نەریتی هاینریش هاینە، ڕاحل ڤارنهاگن، شۆلۆم ئالیشیمن، بێرنار لازار، فرانتز کافکا، یان تەنانەت چارلی چاپلین. ئەمە نەریتی کەمینەیەکی جووەکانە نەیاندەویست ببنە دەستپێکەرانی تازە، بوون بە «پاریای وشیار»یان پێ باشتر بوو. هەموو چۆنایەتییە جووە ستایشکراوەکان – «دڵی جوویی»، مرۆڤایەتیی، گاڵتەوگەپ، زیرەکیی لەبن نەهاتوو – کۆمەڵێک چۆنایەتیی پاریایین. هەموو کەموکورتییەکانی جوو – ناهەستیاریی، گەمژایەتیی سیاسیی، گرێی خۆبەکەمزانیی و عاشقە پارە – خەسڵەتی ئەوانەن کە ئارەزووی دەستپێکردنەوەی نوێ دەکەن. هەمیشە ئەو جووانە هەبوون کە بیریان لەوە نەکردووەتەوە ئاراستە و ڕەفتاری مرۆییان و ڕوانینی ناوەکیی سروشتییان بۆ نێو واقیعییەت لەپێناوی بیرتەسکیی ڕۆحی بورجنشین یان ناواقیعییەتی جەوهەریی مامەڵە داراییەکان،  شایانی گۆڕان بێت. 

مێژوو قوورسایی خستووەتە سەر پێگەی لەیاسادەرچووانی هەم پاریاکان و هەم تازەپیاکەوتووەکان. تازەپیاکەوتووەکان هێشتا حیکمەتە مەزنەکەی بەلزاکیان قبووڵ نەکردووە: «بەخت دووجار لە دەرگات نادات»؛ لەبەرئەوە لە خەونە کێوییەکانی پاریاکان تێناگەن و لە هاوبەشکردنی چارەنووسیاندا هەست بە سووکایەتیی دەکەن. ئەو کەمە پەنابەرانەی سوورن لەسەر گووتنی حەقیقەت، تەنانەت تا خاڵی «ناپەسەندیی و قبووڵنەکران»، لە بەرانبەردا دەستکەوتێکی نەنرخێنراوی نەخوازراو بەدەستدەهێنن: بۆ ئەوان مێژوو چیتر کتێبێکی داخراو نییە و سیاسەت چیتر ئیمتیازی ناجووەکان نییە. ئەوان دەزانن لەیاسادەرکردنی جووەکانی ئەوروپا بەنزیکەیی لەیاسادەرکردنی زۆربەی گەلانی ئەوروپیی بەدوودا هاتووە. ئەو پەنابەرانەی لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی دیکە دەردەپەڕێنرێن، پێشڕەوایەتیی خەڵکانی خۆیان پیشان دەدەن – تەنها ئەگەر شووناسیان بپارێزن. بۆ یەکەمجار مێژووی جوو دابڕاو نییە، بەڵکو بەستراوەتەوە بە هەموو گەلانی دیکەوە. نەزاکەتی خەڵکانی ئەوروپیی ئەوکاتە کەرت بوو و لەناوچوو کە ڕێگەی دا لاوازترین ئەندامەکانی وەدەربنرێن و ئازار بدرێن. 

 

سەرچاوەی وەرگێڕان

Hannah Arendt, We Refugee, in The Jewish Writings, Schocken, New York, 2008, pp.264-275.

 

Date/Time: