Minerva

گفتوگۆ لەگەڵ هێربەرت مارکۆزە

 

وەرگێڕانی: سامان عەلی حامد

 

ئەم گفتوگۆیە، کە هەریەک لە ڕۆڵف گرۆسنە و پاوڵ هازە بەشدارییان تێدا کردووە، ڕەنگە دواهەمین باس و خواست بێت مارکۆزە سەبارەتیان دواوە و تیایدا دوایین هەڵوێستە هزرییەکانی خۆی خستووەتە ڕوو، بەتایبەتی چونکە ساڵی ١٩٧٧ لە یەکێک لە گۆڤارە ئەڵمانییەکاندا بڵاوکراوەتەوە، وەکو ئاشکراشە مارکۆزە لە ساڵی ١٩٧٩دا کۆچی دوایی کردووە.

 

١-سەبارەت بە تیۆری سەرمایەداریی نوێ

·      نیشانەکانی تیۆرییەکی هەمەگیر سەبارەت بە سەرمایەداریی نوێ، ئەو تیۆرییەی کە هێشتا چاوی لە دوای دۆخەکەیە، لە کوێدا دەبینن؟

مارکۆزە: من ئەوە لە تیۆریی مارکسیزمدا دەبینم، بەڵام لە تیۆرییەکی مارکسیزمدا کە دواجار ڕەق و وشک هەڵنەیەت و ببێتە تیۆرییەکی چەقبەستوو و, کلۆر و ناو بۆش نەبێت و لە کۆتاییدا ببێتە بڕێک کڵێشە و قاڵبی بۆش و خاڵیی، بەڵکو چەمکە بنەڕەتییەکانی خۆی بەشێوەیەکی دیالەکتیکییانە پێش بخات، بە جۆرێک کە بتوانێت دۆخ و هەلومەرجە گۆڕاوەکانی سەرمایەداریی تێ بگات. من پێموایە یەکێک لەو مەترسییە گەورانەی هەڕەشە لە چەپ بە کۆن و نوێیەوە دەکات ئەوەیە تیۆری مارکسیزم جارێکی تر وەربگۆڕدرێت بۆ تیۆرییەکی چەقبەستوو و ئەوە لە بیر بکرێت کە تیۆرییەکی دیالەکتیکییانەیە، واتە ئەوە لە یاد بکرێت کە تیۆرییەکی مێژووییە پێویستە وەرچەرخانە مێژووییەکان تێهەڵکێشی چەمکە بنەڕەتییەکانی خۆی بکات. چەمکە بنەڕەتییەکانیش پێویستە بتوانن دەرک بە بونیادی گۆڕاوی سەرمایەداریی بکەن.

 

·      پێودانی هزریی فرۆیدیزم دەشێت لەناو ئەم تیۆرییەدا شوێنێک بۆ خۆی بدۆزێتەوە؟

مارکۆزە: بە بڕوای من پێودانی هزریی فرۆیدیزم دەشێت و پێویستە بەشێک بێت لەو تیۆرییە، چونکە ڕەهەندێک لە ڕەهەندەکانی پێکهاتی کۆمەڵی بۆ مرۆڤ ئاشکرا کرد، پاش ئەوەی لەناو تیۆریی مارکسیزمدا تا ڕادەیەکی زۆر پشتگوێ خرابوو. فرۆید قووڵیی ڕەنگدانەوەی هەلومەرجە کۆمەڵایەتییەکانی لەناو تاکەکاندا و لە ڕێگای خودی تاکەکان خۆیانەوە دەرخست، ئەمە بەو واتایەی کۆمەڵ بە ڕادە و ئەندازەیەکی زۆر تەنانەت لە دەستنیشانکردنی بونیادی پاڵنەری تاکەکانیشدا بەشداریی دەکات.

 

·      فەلسەفەی بوونگەرایی دەتوانێت بە چ شتێک بەشداریی لە تیۆری نوێی سەرمایەداریی گەشەسەندوو یاخود گۆڕاودا بکات؟

مارکۆزە: سەبارەت بەو بابەتە پێویستە لە سەرەتادا هەڵوێستێکی تایبەت و کەسیی خۆم ڕوون بکەمەوە. من لە مێژە بە واتای باوی قوتابی قوتابیی هایدیگەر نەماوم و تەنها لە ساڵی ١٩٣٤ـەوە لێی دوور نەکەوتمەوە، بەڵکو هەوڵێکی بێوچانی هزرییمدا لەپێناوی دوورکەوتنە لێی. بەڵام هەم تەواو چەوت و هەمیش کارێکە دوورە لە ئاکارەوە ئەگەر نکوڵیی لەو شتە بکەم کە لە هایدیگەرەوە فێری بووم و ئەو شتەش ئەوەیە بیر بکەمەوە مرۆڤ چەمکە بە میرات بۆماوەکان بە سادەیی وەرنەگرێت و لەسەر باوەڕپێبوونیان بەردەوام نەبێت. بەڵکو هەمیشە چاو بە شتەکاندا بگێڕێتەوە، پاشان ئەو شتانە بکاتە پێودان کە سەرلەنوێ پشکنیونی و لێیکۆڵیونەتەوە تاکو بیر بکاتەوە و فەلسەفەکاریی بکات. من ددان بەوەدا دەنێم و هەمیشە ددانیشم پێدا ناوە. بەڵام ئەوە هیچ شتێک لە ڕاستیی ئەوە ناگۆڕێت کە من نە چی تر خۆم بە قوتابیی هایدیگەر دەزانم و نە بە یەکێک لە هەوادارانی فەلسەفەی بوونگەراییش، ئەمە لایەنی کەم لەوەتەی ساڵی ١٩٣٤ـەوە. فەلسەفەی بوونگەرایی نە تەواوکاریی و نە ڕاستکردنەوەیەکی مارکسیزمە، بەڵکو لە پێچەوانەی مارکسیزمەوە نزیکترە. ئەو نەوەیەی من هەر زوو دەرکی بەوە کرد ئەو دەستنیشانکردنەی لە ساڵانی بیستدا سەبارەت بە دیاردەناسیی و فەلسەفەی بوونگەرایی بەری کەوتین، چەندە دەستنیشانکردنێکی ساختە بوو و هێندەی نەبرد و بە خێراییەکی لەڕادەبەدەر ئەو فەلسەفەیە بۆ فەلسەفەیەکی نادیار و غەیبیی وەرچەرخا و ئەو چەمکانەش کە بوونگەرایی بانگەشەی ئەوەی دەکرد دەستنیشانکراون، بە بڕێک چەمکی تری یەکجار ڕووت یاخود ئەبستراکتی لە نموونەی ژیان و بوون گۆڕدران.

 

·      لە چوارچێوەی مارکسیزم و بزاوتی ڕیشەیی چەپدا، ئێوە چەمکی کۆمەڵی یۆتۆپیی دەدەنە دواوە؟

مارکۆزە: شیانی دامەزران و هاتنە ئارای کۆمەڵێکی بەڕاستیی و بەکردەوە ئازاد شتێکی یۆتۆپیی نییە. من دەمەوێت ئەو شتەی ئێوە بە کۆمەڵی یۆتۆپیی ناودێر دەکەن لەگەڵ ئەو شتەدا گرێ بدەم کە بە گۆڕینی ڕیشەیی پێویستییەکان یاخود گۆڕینی ڕیشەیی بەهاکان ناوزەدم کرد. مەبەستم لەوە دامەزران و هاتنە ئارای کۆمەڵێکە بەبێ هێز، بەبێ چەوساندنەوە، کۆمەڵێک تەنها هۆشیاریی مرۆڤ تیایدا ئازاد نابێت، بەڵکو هەروەها هەستەکانیش تیایدا ئازاد دەبن، کۆمەڵێک تیایدا وێرانکردنی سروشت کۆتایی دێت و پێویستییبوون بە ئارامیی و جوانیی دەبن بە پێویستییە بنەڕەتییەکان. بە بڕوای من شیانێکی لەو جۆرە شیانێکی یۆتۆپیی نییە، بەڵکو لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا بەشێکی سەرەکییە لە بیری سۆشیالیزم و هەمیشە بەشێکیش بووە لە بیری سۆشیالیزم. من لەو بەستێنەدا وشەی “یۆتۆپیا” ڕەتدەدەمەوە، چونکە یۆتۆپیا، ئەگەر واتایەکی هەبێت، بە واتای شتێک دێت کە لە هیچ شوێن و جێیەک شیانی بەدیهێنانی نییە. ئەوەیە واتای یۆتۆپیا.

سەرباری ئەوە بە پێویستی دەزانم ئەوە بۆ قسەکانم زیاد بکەم و بڵێم لە ماوەی گەشەکردن و گۆڕانی مێژووییدا و لە ئاستێکی دیارییکراوی بەرەوپێشچوون و گۆڕانی توانا مرۆییەکاندا کە ڕادەیەکی دیارییکراو لە گۆڕان و بەرەوپێشچوونی تەکنەلۆژیی هاودەمێتی، ڕەنگە شتێک بەوە ناودێر بکرێت کە شتێکی “یۆتۆپییە”، شتێک کە توانراوە لە ڕووی هزرییەوە (زۆربەی کات لەلایەن کەمایەتییەکەوە) دەرک بکرێت، بەڵام بەدیهێنانی هێشتا لە دەرەوەی چوارچێوەی شتی شیانییدایە، چونکە هیچ پەیوەندییەکی لەگەڵ پێدراوەکاندا نەبووە، دەربڕینێکی ڕووت بووە، لە ڕاستیی و جیهانەوە دوور بووە. بەڵام لەگەڵ بەردەوامبوونی گۆڕانی مرۆییدا بە هۆی چالاکیی مرۆڤەوە بڕێک پەیوەندیی لە نێوان ئەو بیرە “یۆتۆپیی”ـە و ڕاستیی یاخود دۆخی گۆڕاودا پەیدا بوو، ئیتر بابەتەکە لە یۆتۆپیادا قەتیس نەما بەڵکو گۆڕا بۆ ڕاستیی، پاش ئەوەی بە دیوی نەرێ یاخود بە دیوی ئەرێدا گەڵاڵە کرا و گۆڕدرا.

ئەمە واتای ئەوە دەگەیەنێت چەمکی “یۆتۆپیا” لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا لەو بەستێنەدا کە قسەمان لەسەر کرد یەکێکە لەو چەمکە پڕوپاگەندە ئامێزانەی کە کۆنەپەرستیی بەکاری دەهێنێت.

مارکۆزە لەناو خۆپیشاندەران و خوێندکارانی شۆڕشگێڕی ئەڵمانیی، بەرلین

 

·      مەبەستتان لەو شتەیە کە بلوخ بە چەمکی “شیانی بابەتیی ڕاستیی” گوزارشتی لێ کردووە، وایە؟

مارکۆزە: بەڵێ. بەو واتایە چەمکی “یۆتۆپیا” سەر بە هەمان دەستەی چەمکی “دەستەبژێر”ە. چونکە ئەو تۆمەتەی دەدرێتە پاڵ چەپ، بەتایبەتی پاڵ دەستە و گروپە چەپەکان و دەگوترێت ژمارەیەک دەستەی “دەستەبژێر”ن، تۆمەتێکی پووچ و بێبنەمایە، ئامانج لێی شێواندنی گەشەکردنی هۆشیاریی ڕیشەییە کە لای ژمارەیەک دەستە و گروپی بچووک دەستپێدەکات و لەدواییدا فراوان و بەرین دەبێت.

 

·      درێژەدان بە پێشخستنی مارکسیزم لەبەر ڕۆشنایی وەرچەرخانە بونیادگەرییەکانی هەنوکە تەنها پێویستی بە داڕشتنەوەی چەمکە بنەڕەتییەکان نییە، بەڵکو پێویستی بە شیکارییکردن و ڕەخنەکردنێکی هەمەگیری قۆناغی ئێستاش هەیە. وەکو سەرەتایەک بۆ دانانی ستراتیژێک بۆ ئەنجامدانی بڕێک گۆڕان کە سیستەمی باو تێدەپەڕێنێت. ئێوە نیشانەکانی شێلگیرییەکی لەم چەشنە لە کوێدا دەبینن؟

مارکۆزە: لە ڕوانگەی مارکسیزمەوە چەند دەستەیەک لەو کێشانە هەن کە پێویستە بە هەند وەربگیرێن:

١-ئەو گۆڕانەی بەسەر بونیادی چینی باڵادەستدا هاتووە.

٢-ئەو گۆڕانەی بەسەر بونیادی چینی کارگەردا هاتووە.

٣-پێکەوەژیانی نێوان سەرمایەداریی و سۆشیالیزم، کە پرسێکە لە تیۆری مارکسیزمدا هیچ نیشانەیەکی نەبووە.

٤-گۆڕینی بەهای پێویستییەکان و ئامانجەکانی نەوەی گەنج بە چەشنێکی ڕیشەیی.

ئەوانە ئەو مەرجە بابەتییە نوێیانەن کە نموونەی پێشینی شۆڕش کە بۆ سەدەی نۆزدە و سەرەتای سەدەی بیست دەگەڕێتەوە وا لێ دەکەن لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا بێکەڵک بێت. هەر ئەوەشە ناچاری کردووین لەسەر بۆچوونێکی خراپ خۆمان ڕابهێنین کە دەڵێت شۆڕش تەنها لە هەژارییەوە لە دایک نابێت بەڵکو لە تێرییشەوە لە دایک دەبێت. کاتێک کە پرسەکە بەو شێوەیە دەخرێتە ڕوو، وا بە خەیاڵدا دێت کتومت ئەمەیە ئەو شتەی کە مارکس هەمیشە جەختی لەسەر کردووەتەوە: سۆشیالیزم تەنها لە دەوڵەتانی سەرمایەداریی پێشکەوتوودا بەڕاستیی سۆشیالیزمە و سەرمایەداریی ئەو کاتە پەیامی مێژوویی خۆی بەجێ دەهێنێت کە پێویستییە ماتەریالییەکانی زۆرینەی دانیشتوان تێر دەکات.

 

٢-سەبارەت بە پێویستییە ڕاستەقینە و پێویستییە ساختەکان

·      ئێوە لەو پێودانەوە هەنگاو هەڵدەنێن کە جڵەوکردنی خەڵکیی بە هۆی ساختەکردنی پێویستییەکانیانەوە بەجێ دێت؟ 

مارکۆزە: ئەوە یەکێکە لەو شێوانەی کە خەڵکیی بە هۆیەوە جڵەو دەکرێن. بەڵام مرۆڤ نابێت ئەو ڕۆڵە لە بیر بکات کە هێز دەیگێڕێت و تا چ ڕادەیەک کۆمەڵ بە چەشنێکی نائەقڵانییانە دەست بەسەر خەڵکییدا دەگرێت: بەو واتایەی ئەو کەڵک و بەرژەوەندییانە چین کە بۆ خەڵکیان دەسازێنێت، بۆ نموونە ئاستی بژێویی تا ڕادەیەک بەرز لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا.

 

·      لە فەلسەفەکەی تۆدا “پێویستییە ڕاستەقینەکان”ی مرۆڤ ڕۆڵێکی سەرەکیی دەگێڕن. ئایا دەستنیشانکردنی ئەو پێویستییانە شیانیان هەیە و، چۆن چۆنی دەتوانرێت لە پێویستییە ساختە یاخود چەوتەکان جیابکرێنەوە؟

مارکۆزە: جیاکردنەوەی پێویستییە ڕاستەقینەکان و پێویستییە ساختەکان لە یەکدی یەکێکە لە دژوارترین کارەکان و گومانی تێدا نییە ئەوە ناتوانرێت بە چەشنێکی “زانستیی” ئەنجام بدرێت. ئەو جیاکردنەوەیە بەر لە هەر شت لە شێوەیەکی نەرێنییدا هەیە. مرۆڤ دەتوانێت بیسەلمێنێت کە خەڵکیی بڕێک پێویستیی زیانبەخشیان گرتووەتە خۆ، پەکی بەرەوپێشچوون و ئازادبوونی مرۆڤ دەخەن ئەگەر بۆ ماوەیەکی دوورودرێژ بەرەوپێشچوون و ئازادبوونی نەکەنە کاری نەکردە و ئەستەم. نموونەیەک لەو بارەیەوە، هەڵبەتە من لێرەدا باسی ئەو دەوڵەتە پیشەسازییانە دەکەم کە ئاستی پێشکەوتنیان بەرزە نەک جیهانی سێیەم کە بە چەشنێکی سەرەکیی بڕێک دۆخ و هەلومەرجی جیاواز تیایاندا زاڵ و باڵادەستە، ئەو پێویستییەی بووەتە پیویستییەکی بەپەلە و پەرۆش کە هەموو ساڵ جارێک یاخود هەموو دوو ساڵ جارێک ئۆتۆمبیلێکی نوێ بکڕیت، یاخود پیویستیی ئەوەیە ببیت بە خاوەنی ئامێرێکی تەلەڤیزیۆنی تازەتر و گەورەتر و ڕەنگاوڕەنگتر و، پیویستیی ئەوەی چەندین کاتژمێری تەواو بە دیار ئەو تەلەڤیزیۆنەوە دابنیشیت، پێویستیی ئەوەی هەموو ئەو کاڵایانە بکڕیت کە لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا بە هێما و سیمبوڵی پایە و شوێنی کۆمەڵایەتی ناوزەد دەکرێن. ئەوانە بڕێک پێویستیی نەرێنیین ئەگەرچی بەڕاستیی هەن بەڵام تێرکردن یاخود پڕکردنەوەیان ئازادبوونی مرۆڤ لە کاری نامۆکار و ئازادبوونی لە تێکڕای سیستەمی بەهاکانی سەرمایەداریی پەک و دوا دەخات.

 

·      ئایا ئێوە پێویستییە ڕاستەقینەکان بە بڕێک شتی “ئەنترۆپۆلۆژیی” مرۆیی گشتیی چەسپاو تا ڕادەیەک دەبینن و، ئاخۆ دەتوانرێت ئەو پێویستییانە بەشێوەیەکی ئەرێنیی ناو بنرێن؟

مارکۆزە: بە بڕوای من ئەوانە بڕێک شتی چەسپاون. ویستوومە بەم جۆرە گوزارشتیان لێ بکەم: تاکە نرخاندن کە شیکاریی ڕەخنەیی دەیکاتە مەرج ئەوەیە باشترە بۆ مرۆڤ کە بژی وەک لەوەی کە بمرێت و، باشترە بۆی کە بەشێوەیەکی باشتر بژی وەک لەوەی کە بەشێوەیەکی خراپتر بژی. پێموایە مرۆڤ لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا و هەروەها هەموو ڕۆژێک دەتوانێت بەوردیی ئەوە دەستنیشان بکات کە ژیانی باشتر چییە. ژیانی باشتر تەنها دروستکردن و تێرکردنی بڕێک پێویستیی ماتەریالیی و کولتووریی نییە، بەڵکو ئەوەیە کە مرۆڤ بەشێوازێک بژی لە بنەماوە لە شێوازی ژیانی ئێستا جیاواز بێت. واتە جەستەی خۆی نەگۆڕێت بۆ ماشێنێک بۆ کاری نامۆکار، واتە مرۆڤ ڕێگای خۆی لە کۆمەڵدا و بە ناو کۆمەڵدا بە چەشنێکی وێرانکەرانە نەبڕێت، واتە مرۆڤ هەڵگری ئەو تایبەتمەندییە دوژمنکارانانە نەبێت کە تایبەتمەندیی کۆمەڵی سەرمایەداریین، بەڵکو بە چەشنێکی ئازاد لەو شتە نەرێنییانە بژی، لەبەرئەوەی بە بڕوای من ئێمە لە ڕووی مێژووییەوە چووینەتە دۆخێکی نوێی دەگمەنەوە، دۆخێک کە تیایدا پێویستییە ماتەریالیی و هەروەها پێویستییە کولتوورییە سادەکانی زۆربەی دانیشتوان تێر کراون. یەکێک لە نیشانەکانی ئەوە زیادبوونی بەکارهێنانی کاری کۆمەڵایەتییە لە دروستکردنی ئەو شتەدا کە بە شتان و پێویستییە جوانکارییەکان ناودەبرێن و کە بۆ بژێوی و ژیانی مرۆڤ پێویست و ناچاریی نین. ئەگەر بمانەوێت بە زمانی مارکس گوزارشت لەوە بکەین، دەڵێین: سەرمایەداریی، بەیارمەتیی کاری نابەرهەمهێنی زیاتر و زیاتر، خۆی بەرهەم دەهێنێتەوە. ئەگەر بە شیوەیەکی ئەرێنیی گوزارشت لەوە بکەین دەڵێین: ئێمە گەیشتووینەتە قۆناغێکی مێژوویی تیایدا چی تر پێویست نییە کاری نامۆکار هەشت کاتژمێر بێت لە ڕۆژێکدا، بەڵکو چی تر شیانی هەیە و دەتوانرێت بۆ کەمترین ماوە کەم بکرێتەوە، بەجۆرێک کە پەیتا پەیتا و بە چلۆنایەتییەک کە کەم دەکات یاخود زیاد دەکات بوار بۆ کاری داهێنەرانە و ئازادیی خودیی دەڕەخسێنێت.

 

·      ئاخۆ دەتوانرێت کاری پێداویست (لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە) بەجۆرێک بگۆڕدرێت بڕێک جووڵەی داهێنەرانەی تێهەڵکێش بکرێت؟

مارکۆزە: لێرەدا سنوور هەیە. مرۆڤ تا وێنای ئەوە نەکات بەرهەمهێنان دەبێت بەتەواویی ئۆتۆماتیزەکراو بێت، بەشێکی زۆر لەو کارە دەمێنێتەوە کە ناتوانرێت بگۆڕدرێت بۆ کاری داهێنەرانە. بەڵام دەتوانرێت بەجۆرێک ئەو کارە کەمبکرێتەوە کە چەندایەتیی بەراوەژوو ببێت بۆ چلۆنایەتیی، واتە ئەو بەشە پاشماوەیە لە کاری نامۆکار بایەخی کەم دەبێتەوە.

 

٣-زانست، لە دەستبەسەرداگرتنەوە بۆ ئازادکردن

زانست لە سەرەتاوە ڕۆڵی لە دەستبەسەرداگرتنی سروشت و مرۆڤدا گێڕا. هیچ نیشانەیەکی جۆرێکی نوێ لەو زانستە هەن کە وەکو “بابەتێک” لە سروشت ناڕوانێت دەستی بەسەردا بگرێت، بەڵکو وەکو چەشنێک لە هاوبەشی پێویست بۆ ژیان لە سروشت دەڕوانێت؟

مارکۆزە: ئەو چەشنە نیشانانە لە توانای بەردەست بۆ نەهێشتنی دەستبەسەرداگرتن لەپێناوی دەستبەسەرداگرتندا هەن، واتە دەستبەسەرداگرتن لەپێناوی هێز یاخود قازانجدا. هەرچی شێوەی زانستی لەبار و گونجاو بۆ ئەو قۆناغەشە، ئەوە تەنها پێشبینییەکی پەتییە و هێشتا هیچ بنەمایەکی نییە. بەڵام بۆ نموونە مرۆڤ دەتوانێت وێنای زانستی فیزیایەکی نوێ بکات کە پشت بە چەمکێکی نوێ بۆ سروشت دەبەستێت، هەروەها چەمکێکی زۆر جیاواز بۆ مادە؛ چەمکێک کە وەکو بڕێک شت ئامانج لە گۆڕینیان بۆ دەستگرتنە بەسەریاندا لە سروشت ناڕوانێت، بەڵکو بەشێوەیەک لە شێوەکان وەکو شتێکی سەربەخۆ لێی دەڕوانێت، شتێکی لە خۆیدا زیندوو یاخود پێش زیندوو، ئاشنابوون بە سروشتیش بەم شێوە تازەیە و ئەو چەمکە نوێیەی مادە لەو جۆرە، ڕەنگە بەکردەوە میتۆدێکی زانستیی نوێ بەرهەم بهێنێت. بەڵام بەو چەشنەی کە پێشتر هێمام بۆ کرد زانستێکی لەو شێوەیە تەنها لە چوارچێوەی خودی پڕۆسەی ئازادکردندا شیانی گۆڕان و بەرەوپێشچوونی هەیە و مرۆڤ ناتوانێت بە چەشنێکی لەپێشتر بۆ خۆیی وێنا بکات.

 

٤-زێدە بەرهەم وەکو شێوازێک بۆ دەستبەسەرداگرتن

·      مارکس لەو پێودانەوە هەنگاو هەڵدەگرێت کە هێزەکانی بەرهەمهێنانی ماتەریالیی لە کۆمەڵدا لە ماوەی گۆڕان و بەرەوپێشچوونیدا لەگەڵ ئەو هەلومەرجانەی بەرهەمهێناندا کە هەن دەچنە دژبەرییەوە و لە کۆتاییدا دەیتەقێننەوە. ئایا سەرمایەداریی پێشکەوتوو توانیویەتی دەست بەسەر گۆڕان و بەرەوپێشچوونی هێزەکانی بەرهەمهێناندا بگرێت تا ئەو ڕادەیەی هێزی تەقێنەرەوەی سیستەمی ئەو هێزانەی بەرهەمهێنانی لەناوبردووە؟

مارکۆزە: لەڕاستییدا سەرمایەداریی لە سەرەتاوە دەستی بەسەر هێزە بەرهەمهێنەکاندا گرت، دەشتوانین بڵێین ئەو دەستبەسەرداگرتنەی کە لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا سەرمایە پیادەی دەکات لە هەر کاتێکی تری ڕابووردوو ستەمکارانەترە، ئەو دیاردەیەش دیاردەیەکە من هەوڵمداوە لەژێر سەردێڕی “کۆمەڵی تاکڕەهەند”دا باسی بکەم. سەرمایەداریی بەجۆرێک کە لە ڕابووردوودا لە وێنەی نییە بارودۆخی بەرهەمهێنانی فراوان کردووە، ئەم فراوانکردنە تێکڕای کۆمەڵی گرتووەتەوە و تەواوی کۆمەڵی ڕام و بەرقەولی خۆی کردووە. هاوکات ئێمە لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا چووینەتە قۆناغێکەوە چی تر ڕاست نییە بگوترێت سەرمایەداریی لەسەر پێشخستنی هێزە بەرهەمهێنەکان بەردەوامە. دەبێت بڵێین ئەو هێزانە پەرش دەکات و پەک دەخات و لەناو دەبات. مەبەست لەوەیە کاتێک کە باس لە دیاردەی بەفیڕۆدان و لەناوبردنی ڕێکخراو و ئەو بەشە زۆرە کە پیشەسازیی سەربازیی یاخود جەنگیی لە ئابووریی نیشتمانییدا هەیەتی و هەروەها کاتێک باس لە بەرهەمهێنانی سیستماتیک و چڕی ئەو کاڵا و خزمەتگوزارییانە دەکەین کە پەیوەندیی مرۆڤ لەگەڵ سیستەمی باودا زیاتر دەکەن. هەموو ئەو ڕێ و شوێنانە بە هیچ جۆرێک پێشخستنی هێزەکانی بەرهەمهێنان نین، بەڵکو پێچەوانەی ئەوەن.

 

·      ئاخۆ زێدە بەرهەم، کە تایبەتمەندییەکی هاودەمی سەرمایەدارییە، دەگۆڕێت بۆ شێوازێک لە شێوازەکانی دەستبەسەرداگرتن؟

مارکۆزە: بەڵێ کتومت. دەبێتە تەکنیکێکی یەکجار چالاکی دەستبەسەرداگرتن، لەبەرئەوە نابێت ئەوە لە بیر بکەین- ئەمە یەکێکە لەو چەوتییانەی سەرلەنوێ دووبارە دەبێتەوە- دروست بەو شێوەیە بڕێک پێویستیی مرۆیی تێر دەکرێت و ڕیشەی زۆرینەی دانیشتوان لە دەوڵەتە پیشەسازییە هەرە پێشکەوتووەکاندا لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا لە هەر کاتێکی تری باشترە. ئەوانە ژمارەیەک هۆکاری تەواو ئەقڵانیی و ماتەریالیین بۆ ناچارکردنی ئەو خەڵکە تێهەڵکێشی سیستەمی سەرمایەداریی ببن. ئەگەر ئێمە بەرەنگاری ئەو ڕاستییە نەبینەوە لەدواییدا ئەوە دەبێتە خاڵێکی سەرەکیی لاوازیی لە تیۆرییەکەدا.

 

·      زۆرێک لەو شمەکانە بەرهەم دەهێنرێن کە لەڕاستییدا مرۆڤ پێویستی پێیان نییە و بەرهەمهێنان و بەکاربردنیان وزەی کارکردن و بەکاربردنی مرۆڤ کۆت دەکەن. بەو هۆیەشەوە بە چەشنێکی دەستکرد ئەو ململانێیە لەپێناوی مانەوەدا دەهێڵێتەوە کە هەموو بەهانەکانی خۆی لەدەستداوە و مرۆڤ لە توانا و شیانێک بۆ بڕیاردان لە چارەنووسی خۆی بەشێوەیەکی ئازادانە دوور دەخاتەوە.

مارکۆزە: کتومت ئەوەیە ئەرکی بابەتیی ئەو شتەی کە بە کۆمەڵی خۆشگوزەران ناودێر دەکرێت؛ ئەوەیە کە مرۆڤ لەو ڕێگایەوە بەو هەلومەرجەی بەرهەمهێنانەوە کە هەیە ببەسترێتەوە، چونکە ئەو شێوازی بەرهەمهێنانە بەکردەوە بڕێک کاڵا و خزمەت پێشکەشی مرۆڤ دەکات کە مرۆڤ تێر دەکەن. بەڵام ئێستا شتەکان خەریکە دەگۆڕێن و هەستکردن بە بەندایەتی لە ناوەندی خۆشگوزەرانیی  و هۆشیاربوون بەوەی بارودۆخ دەشێت و دەبێت بەشێوەیەکی تر بێت نەشونما دەکات. ئەو هۆشیارییە پەیتا پەیتا گەشە دەکات، نەک هەر لە ناوەندی کەمایەتییەکاندا بەڵکو لە ناوەندی چینی کارگەریشدا بەتایبەتی کارگەرانی لاو. ئەوە بە بڕوای من ڕاستییەکی بنەڕەتییە.

 

·      پێتانوایە بەدیهێنانی سۆشیالیزم لە کۆمەڵێکدا کە هەژاریی بەسەریدا زاڵە شیانی هەیە، یان سۆشیالیزم پێویستی بە بوونی کۆمەڵی خۆشگوزەرانە؟

مارکۆزە: ڕەنگە لە کۆمەڵی هەژاردا شیانی هەبێت، ئەگەر کۆمەڵێک نەبێت لەلایەن سەرمایەدارییەوە گەمارۆدراوبێت و لەژێر هەڕەشەدا بێت. بەڵام شتێکی لەو جۆرە بوونی نییە.

 

٥-بکەری شۆڕشگێڕ و تێرکردنی ماتەریالیی

·      تا چ ڕادەیەک چینی کرێکار وەکو بکەرێکی شۆڕشگێڕ لەوەتەی سەردەمی مارکس-ەوە گۆڕانی بەسەردا هاتووە؟ ئێوە لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا ئەو بکەرە شۆڕشگێڕە لە کوێدا دەبینن کە توانای ئەوەی هەیە تیۆریی بۆ پراتیکێکی کردەیی بگۆڕێت؟

مارکۆزە: هەمیشە من بەوە تۆمەتبار کراوم بانگەشەی ئەوە دەکەم چینی کرێکار چی تر بە بکەرێکی شۆڕشگێڕ نەماوە، بەڵکو لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا خودی شۆڕشگێڕ خوێندکاران یاخود کەمایەتییە چەوساوەکانن، چەوساوە لەبەر بڕێک هۆکاری نەتەوەیی و هەندێک هۆکاری دیکە. هەڵبەتە من هەرگیز بانگەشەی ئەوەم نەکردووە. بۆ نموونە من هەرگیز نەمگوتووە جووڵانەوەی خوێندکاران هێزێکی شۆڕشگێڕی سەربەخۆیە. گوتوومە بوونی هۆشیاریی سەبارەت بە دۆخی ئێستای سەرمایەداریی لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا تەنها لەو دەستە و گروپە بچووکانەدا ڕوون بووەتەوە، لەبەرئەوەی ئەو دەستە و گروپانە تا ڕادەیەکی زۆر تێهەڵکێشی “کۆمەڵی تاکڕەهەند” نەبوون، گوتوومە ڕۆڵی مێژوویی گەورەی ئەو کەمایەتییانە ئەوەیە وەکو تایبەتمەندێک ئیش بکەن، واتە ئەم دوو کارە بکەن:

١-پەروەردەی سیاسیی و هۆشیارکردنەوەی ناوەندەکانی تری خەڵکیی سەبارەت بە ڕاستیی ئەوەی ڕوو دەدات.

٢-بەشێوەیەکی بەردەوام پێداویستیی ناڕەزایی دەربڕین و یاخییبوون و داد و بێداد لە ڕووی تیۆریی و کردەییەوە دەرببڕێت.

گۆڕی مارکۆزە لە بەرلین لەسەری نووسراوە: بەردەوام بن

 

·      چینی کارگەر وەکو تاکە بکەری شۆڕشگێڕ لەو دەوڵەتە سەرمایەدارییانەدا کە پێشکەوتنیان لە ئاستێکی باڵادایە لە چەندین ڕووەوە تێر کراوە. مارکس پێشتر پڕۆلیتاریای بەو جۆرە ناساندبوو ئەو چینە کۆمەڵایەتییەیە تووشی پەتای پێویستییە ساختەکان نەبووە و بەشداریی لە بە قەولی مارکس خۆشیی و بەهرەوەرییەکانی سەرمایەدارییدا ناکات. لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا چی تر ئەوە تا ئەو ڕادەیە کۆک نایەتەوە، چونکە زۆر جار خەڵکێکی بەسیاسییکراو دەبینین لە ڕووی ماتەریالییەوە تێرکراون.

مارکۆزە: واتە مارکس دەرکی بەوە کردبوو کە ئەوە هۆکارە یەکلاکەرەوەکەیە. واتە پڕۆلیتاریا بکەرە شۆڕشگێڕەکەیە، نەک تەنها لەبەرئەوەی بنکەی مرۆیی پڕۆسەی دووبارەبوونەوەی بەرهەم هێنان پێکدەهێنێت، بەڵکو لەبەرئەوەی ڕەتدانەوەیەکی هەموو پێویستیی و بەها سەرمایەدارییەکانە. لەو کاتەدا کە لەوە دەکەوێت، لەو کاتەدا کە بەرەو ئەو سیستەمی پێویستییانە پەلکێش دەبێت، چی تر بە پڕۆلیتاریای مارکسیزم نامێنێت. هێشتا هەر چینی کارگەرە. بکەرێکی شۆڕشگێڕیش نییە مادام یەخسیر و دیلی سیستەمی پێویستییەکانی سەرمایەدارییە. بەڵام چینی کارگەر دەتوانێت و دەبێت سەرلەنوێ ببێتەوە بە بکەرێکی شۆڕشگێڕ، پاش ئەوەی لەناو خۆیدا ئەو پەیوەندییە بە پێویستییە سەرمایەدارییەکانەوە دەپچڕێنێت. ئەوە واتای ئەوە دەگەیەنێت داخوازییە ئابووریی و سەندیکاییە پەتییەکانی چینی کارگەر سەرلەنوێ ببنەوە بە بڕێک داخوازیی سیاسیی. چینی کارگەری نوێ بەو جۆرەی من لێی تێدەگەم خودێکی کۆمەڵایەتیی نوێ نییە، بەڵکو ئەو چینە کارگەرەیە کە هەیە و نوێنەرایەتیی ئەو پێویستییە نوێیانە دەکات کە لەگەڵ پێویستییەکانی سەرمایەدارییدا لە ڕووی هۆشیاریی و پراتیکی کردەییەوە کۆک نایەنەوە.

 

·      بە هۆی توانای خودیی خۆیەوە بەتەنها؟

مارکۆزە: چینی کارگەر هەرگیز ئەو کارەی بە هۆی توانای خودیی خۆیەوە بەتەنها نەکردووە، لێرەدا پووچێتیی و بێبنەمایی ئەو پڕوپاگەندەیە دەردەکەوێت کە لە دژی ئەو شتە دەکرێت کە بە دەستەبژێر یاخود دەستەبژێرگەرایی ناودێر دەکرێت. پڕوپاگەندەیەکە ئەو سیستمانەی کە هەن لە ڕێگای سەپاندنی بەردەوامیی لە پەکخستنی هۆشیاریی چینی کارگەر و سنووردارکردنییەوە دەیکەن. چینی کارگەر هەمیشە لەگەڵ ئەو دەستە و گروپانەدا هاریکار و هاوکار بووە کە سەر بە چینی کارگەر خۆی نین، لەگەڵ ڕۆشنبیرانێکدا کە هەڵقووڵانی تیۆریی و ستراتیژییان بەخشیوە. گومانی تێدا نییە ئەو ڕۆشنبیرانە بوونەتە هێزێکی مێژوویی بەو ڕادەیەی کە چینی کارگەر ئەو بیر و بۆچوونانە تێگەیشتووە کە ئەو ڕۆشنبیرانە هەیانە و بڵاوی دەکەنەوە.

 

·      پێشکەوتنی سەرمایەداریی شیانی تێگەیشتنی نییە بەبێ تێگەیشتن لەو پەیوەندییەی لەگەڵ چەوساندنەوە لە جیهانی سێیەمدا هەیەتی، ئەمە پێچەوانەکەشی هەر ڕاستە…

مارکۆزە: مرۆڤ ناتوانێت بەدەر لە پەیوەندیی سەرمایەداریی نوێ لەگەڵ جیهانی سێیەم سەبارەت بە پێشکەوتنی سەرمایەداریی نوێ بدوێت. بکەری شۆڕشگێر لە ئێستادا بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ لەناو جەماوەری چەوساوەی جیهانی سێیەمدایە. لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا جەماوەری شۆڕشگێڕ بە ئاشکرا و بە نهێنیی ئەوەیە. ئەوە ئەو جەماوەرەیە کە لە ڤێتنام خەباتی کرد و لە ئێستادا لە دەوڵەتانی ئەمەریکای لاتیندا خەبات دەکات کە بڕێک حکومەتی تەواو فاشیستیی گەندەڵ بەڕێوەیان دەبات. ئەو جەماوەرەی کە قوربانیی زۆر ڕاستەوخۆی سەرمایەدارییە لەسەر ئاستێکی جیهانیی، هەمان ئەو جەماوەرەیە کە بەشێکی زۆر لە پاڵنەری خۆی بۆ ناڕەزایی دەربڕین بە چەپی ڕیشەیی و ڕادیکاڵ لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بەخشی.

 

٦-ڕێکخستنی خۆبەخۆیی بە چەشنێکی ناناوەندیی

·      لەپاش داکشانی قۆناغی یاخییبوون لە دژی ستەمکارییی تاکەکەسیی، پرسی ڕێکخستن لەناو جووڵانەوەی خوێندکارییدا وەکو کێشەیەکی بەپەلە و پەرۆش سەریهەڵدا. توانا و شیانەکانی ئەو ڕێکخستنە چین کە ئێوە سەبارەت بە چەپی نوێ دەیبینن؟

مارکۆزە: بە بڕوای من مادام نموونە کۆن و باوەکەی شۆڕش چی تر بەکەڵک نەماوە، ئەو شێوانەی ڕێکخستنیش کە پشتاوپشت ماونەتەوە دیسان لە ڕووی مێژووییەوە سەردەمیان بەسەرچووە. با من لەو بارەیەوە نموونەیەک بهێنمەوە. هیچ کەس ناتوانێت وێنای ئەوە بکات ڕۆژێک لە ڕۆژان خەڵکێکی شۆڕشگێڕ لە ناوچە جیاجیاکانی وڵاتەوە بەرەو واشنتن ببزوێن تاکو لەوێ پەلاماری پینتاگۆن و کۆشکی سپی و دارایی و هتد بدەن. ئەمە نموونەیەکی تەواو تەنها وەهمییە. کۆبوونەوەی هێز لە دەستی چینی دەستڕۆیشتووی کاریگەردا بەشێوەیەک لەڕادەبەدەرە چی تر دەتوانێت هەر جووڵانەوەیەکی جەماوەریی لە چەشنە کۆن و باوەکە لەناو بەرێت کە هێشتا لە سەرەتای دروستبوونیدایە، هاوکات دەتوانێت زۆر بەخێراییش لەناوی بەرێت. ئێمە لەوەوە ئەنجامگیریی ئەوە دەکەین پارتە جەماوەرییە بیرۆکراتییە ناوەندییە کۆنەکان کە لەسەر بنەمای دەسەڵاتخوازیی دامەزراون لە ڕووی مێژووییەوە چی تر بەسەرچوون و پێویستە شێوەی نوێی ڕێکخستن بە بوون بهێنرێن. ڕێکخستنی کاریگەر و چالاک لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا یەکێکە لە ئەرکە گەورەکانی بەردەم چەپ بە هەردوو بەشەکەیەوە؛ واتە چەپی کۆن و چەپی نوێ بە هەمان ڕادە. تەنها خۆبەخۆیی بەس نییە و هیچ ڕۆژێک لە ڕۆژانیش بەس نەبووە. ڕێکخستنە نوێیەکە پێویستە خۆبەخۆیی بەشێوەیەکی کاریگەر و چالاک ڕێک بخات، بەبێ ئەوەی خۆی لە خۆبەخۆیی داببڕێت. ئەوە مانای دامەزرانی ڕێکخستن یاخود بڕێک شێوە لە ڕێکخستنی تا ڕادەیەکی زۆر ناناوەندیی و ڕیشەقووڵ لەناو یەکە ناوخۆیی و هەرێمایەتییەکاندا دەگەیەنێت. بەو هۆیەشەوە کەلەپوورێک نوێ دەکاتەوە بزاوتی کرێکاریی پێشتر تەواو پێی ئاشنا بووە، مەبەستم لەوەش ڕێکخستنی دیموکراتیی ڕاستەوخۆیە کە لە ڕووی تیۆریی و کردەییەوە لە “شوراکان”دا بەرجەستە بووە.

 

٧-شۆڕشاندن لە بواری پێگەیاندندا

·      ئەو کەسانەی لەدواییدا بەشداریی لە دەسەڵاتدا دەکەن لە ئەنجامی وەرچەرخانێکی شۆڕشگێڕانەدا بەبێ چەند و چوون کەسانێکن لە ژینگەیەکی سەرمایەدارییدا پێگەییون، بەگوێرەی پێویستییەکانی ئەو ژینگەیە گۆش بوون نەک بەگوێرەی پێویستییەکانی خۆیان و تەنانەت لە بونیادی پاڵنەرەکییشیاندا ڕام بوون و بگرە شێواویشن. ئایا ئەو خەڵکانە هەرگیز دەتوانن کۆمەڵێکی ئازادی نوێ بونیاد بنێن کە شیوازێکی لە ڕیشەوە جیاواز بۆ ژیانی هەیە؟ ئایا پێویست نییە لە سەرەتادا پەروەردە بکرێن تاکو ببنە خەڵکانێکی ئازاد؟

 مارکۆزە: پەروەردەکردن لەپێناوی ئازادییدا ناشێت هیچ واتایەکی تری هەبێت تەنها یارمەتییدانی خەڵکی نەبێت تاکو خۆیان لەسەر ئازادیی گۆش بکەن، چونکە ناتوانرێت خەڵک ناچار بکرێن ئازاد بن. پێویستە ئەو خەڵکانە لە سەرەتادا خۆیان لە دۆخێکدا ببیننەوە کە توانای پەرەدانی خودیی بە ئاراستەی ئازادییان پێدەدات. دروست ئێوە باسی ئەو کێشە سەرەکییەتان کرد کە مارکس بەوردیی ئاگای لێ بووە، ئەو کێشەیەش ئەوەیە کە پێویستە مرۆڤ بەشێوەیەکی ڕیشەیی بگۆڕدرێت ئەگەر بەڕاستیی بخوازرێت شۆڕش ئازادکردن بێت، ئەو تەرزە ڕیشەییە لە خەڵک پێویستە بەشێوەیەک لە شێوەکان بەر لە شۆڕش بوونی هەبێت و بەرپرسیارێتیی دروستکردنی دامەزراوە و پەیوەندییە سۆشیالیستییە نوێیەکانیش دەکەوێتە ئەستۆی ئەو خەڵکە ڕیشەییانە، بەبێ ئەوە هەموو چەپەڵییە کۆنەکە جارێکی دی پەیدا دەبنەوە و ڕژێمێکی دەسەڵاتخواز بە یەکێکی تر دەگۆڕدرێت. مەبەستی من لە گۆڕینی بەهاکان و پێویستییەکان ئەوەیە. من پێموایە مەرجەکان بەتایبەتی لە قۆناغی ئێستادا هەن کە ڕەتدانەوەی پێویستییەکان و خواستە سەرمایەدارییەکان لەناو خودی تاکەکان خۆیاندا لە سەروبەندی سازبوون و گەشەکردندایە.

 

·      لە جڤاکی ئێستاماندا هیچ توانا و شیانێک هەن بۆ پەرەدان بەو تەرزە نوێیە لە خەڵک بەشێوەیەکی هۆشیارانە؟ ڕەنگە لەناو دەستە و کۆمەڵەکاندا؟

مارکۆزە: توانا و شیانەکان نەک تەنها هەن بەڵکو تا ڕادەیەکیش سوودیان لێ وەرگیراوە؛ هەموو ئەو دەستە و کۆمەڵە بچووکانە لەناو جڤاکدا بەشێوەیەک لە شێوەکان بنج و بنەوانیان هەیە. بۆ نموونە بیر لە جووڵانەوەی خوێندکاران و بنەوانی لە زانکۆ جیاجیاکاندا بکەنەوە، خوێندکاران لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا تەنها ژمارەیەک ڕۆشنبیر نین لە بۆشاییدا بخولێنەوە. چونکە بەو ڕادەیەی کە پڕۆسەی بەرهەمهێنان و سەرلەنوێ بەرهەمهێنانەوە پێویستی بە کاری ئەقڵیی زیاترە، خوێندکاران دەگۆڕێن و دەبنە کادری کۆمەڵی نوێ کە دادێت. کەواتە بنەوانەکە هەیە و پێویستە لە ناوەندی ئەو بنەوانەدا کار بکرێت، پێویستە جەمسەرەکانی ڕێکبخرێن و ئەو بنەوانە لە ڕێگای ڕاکێشانی هەموو ئەو دانیشتوانەوە فراوان بکرێت کە بەرەو پڕۆسەی هۆشیارکردنەوەی سیاسی لە ڕووی تیۆریی و پراتیکی کردەییەوە وەکو یەک دەتوانرێت دەست پێی ڕابگات. سەرباری ئەوە بڕێک نیشانەی تر هەن من دەمەوێت لێرەدا ئاماژە بۆ ئەو “کۆمۆن”ـە ئەمەریکییانە بکەم کە بەشێوەیەکی بەربڵاو هەن و بڕێک هەوڵی تەواو هۆشیارانەن بۆ ڕزگاربوون لە پڕۆسەی سەرمایەداریی و بۆ دامەزراندنی ژمارەیەک پەیوەندیی نوێی دوور لە نامۆیی نێوان ڕەگەزەکان و نەوەکان، بەڵام هەروەها هەوڵێکن بۆ بە بوون هێنانی بڕێک شێوازی نوێی کارکردن لەناو هەندێک دەستەی تا ڕادەیەک گۆشەگیردا.

 

·      لەناو ئەو دەستانەدا هەمیشە کێشەی پەیوەندیی نێوان ناوەوە و دەرەوە سەرهەڵدەدات، کێشەی قەیرانی نێوان شێوازی ژیانی تا ڕادەیەک ئازاد لە ناوەوە و ئەو چەپاندنەی کە کۆمەڵ لە دەرەوەی دەستەکەدا پیادەی دەکات. هەر بۆیە چەواشەکردن و مەترسییەکی گەورە هەن، ئەویش ئەوەیە ئەو دەستانە لەناو ناوەندێکی تایبەت بە کەمایەتییەکاندا خۆیان گۆشەگیر بکەن و دەستبەرداری توانا و شیانەکانی کاریگەریی سیاسی لەناو کۆمەڵدا ببن (پاڵنەری هەڵهاتن).

مارکۆزە: ئەوە تەواو ڕاستە؛ ژمارەیەک کۆمۆن هەن لە هەوڵێک بۆ ڕزگاربوونی تایبەت و کەسیی بەولاوە زیاتر نین کە زۆر بەردەوام نابێت بەڵکو خێرا بۆڕ دەخوات. کۆمۆنەکان ئەگەر لەناو پڕۆسەی سیاسییدا بە هۆی پەروەردەی سیاسی کارلێککردن لەگەڵ ئەوەدا کە لە دەرەوەیدا ڕوو دەدات پارێزگاریی لە خۆیان نەکەن، بەختی سەرکەوتنیان نابێت. جیاوازیی هەیە لە نێوان ڕزگاربوونی تایبەت و ڕزگاربوونی کۆمەڵایەتییدا و ئەم جیاوازییە جیاوازییەکە پێویستە بەردەوام بەڕوونیی بمێنێتەوە.

 

٨-بڕێک ستراتیژ بۆ گۆڕینی سیستەم

·      ئەو ستراتیژانە چین کە ئێوە بە باش و بەکەڵکی دەزانن بۆ گۆڕینی سیستەم؟

مارکۆزە: ئەوە پرسێکی دژوارە. ئەگەر بەشێوەیەکی بەشەکییش بێت هەوڵدەدەم ئاماژە بۆ وەڵامەکە بکەم.

یەکەم: لەو شوێنەدا کە هیچ جەماوەرێکی شۆڕشگێڕ بوونی نییە، مرۆڤ ناشێت باسی خەباتێکی جەماوەریی شۆڕشگێڕانە بکات، دۆخەکە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکادا بەو جۆرەیە. بەڵام دۆخەکە لە فەڕەنسا و بەدڵنیاییەوە لە ئیتاڵیا جیاوازە. کاری شۆڕشگێڕانەی جەماوەریی تەنها لە چوارچێوەی پڕۆسەیەکی پەرەپێدان و ئامادەسازیی درێژخایاندا شیانی سەرهەڵدانی هەیە. چینی کارگەری خودان شۆڕشگێڕایەتیی تەنها پەنهانیش، تەنها کاتێک دەتوانێت بگۆڕێت بۆ خودێکی بەکردەوە شۆڕشگێڕانە ئەگەر دۆخە کۆمەڵایەتییەکەی بەشێوەیەکی بنەڕەتیی گۆڕانی بەسەردا بێت. واتە بەدیارییکراویی کاتێک کە سەرمایەداریی ئەمەریکیی دەست بە لەدەستدانی سەقامگیریی ڕێژەیی و خۆشگوزەرانیی و چالاکیی ئاسایی دەکات. پێموایە ئەوە ئەو شتەشە کە لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا دەیبینین. تا ڕۆژگاری ئەمڕۆ ستراتیژی چەپ لە ئامادەسازییکردن بۆ دۆخێکی لەو جۆرەدا قەتیس بوو، لە سەرەتادا ئامادەسازیی تیۆریی؛ شیکارییکردنی دۆخی ئێستا و گەڕان بە شوێن ستراتیژێکدا بۆ گۆڕینی.

دووەم: هۆشیارکردنەوەی سیاسی لە ڕووی تیۆریی و پراتیکی کردەییەوە، واتە خۆپیشاندانەکان و کەڵک وەرگرتن لە ئامراز و هۆکارە ڕەواکان. ئەو دروشمەی لە ڕوانگەی مندا دروشمە هەرە باشەکەیە ئەو دروشمەیە ڕودی دوچکە(١) خستییە ڕوو؛ “ڕێپێوانی دووردرێژ لە ڕێگای دامەزراوەکانەوە”. ئێمە دۆخێکی شۆڕشگێڕانە ناژین، لە دۆخێکی ناشۆڕشگێڕانەی وەکو ئەم دۆخەیشدا- ڕەنگە دۆخێکی بەر لە شۆڕشگێڕییش نەبێت- پێویستە مرۆڤ لەناو دامەزراوەکان و لە ڕێگای دامەزراوەکانەوە کار بکات. هیچ ڕێگایەکی تر نییە. پێویستە ئەو چالاکییە هەروەها ئەمەش لە خۆ بگرێت: دامەزراندنی ژمارەیەک دامەزراوەی جێگرەوە لە هەر شوێنێکدا کە ئەوە شیانی هەبوو، بۆ نموونە لەپێناوی شکاندنی پاوانکردنی میدیا و پەروەردە (ڕۆژنامەگەریی ئازاد- ڕۆژنامەگەریی نهێنیی- زانکۆ ئازادەکان- قوتابخانە ئازادەکان و… هتد). پێویستە مرۆڤ بەپێی توانا هەوڵی پاراستنیان بدات. ئەمە وێڕای ئەو شتەی پێشتر هێمام بۆ کرد؛ ڕێکخستنی خۆپیشاندانی ناڕەزایی بەپێی توانا و بەشێوەیەکی بەردەوام و لە ڕێگای بەرەیەکی یەکگرتووی بەهێزەوە، لەگەڵ جەختکردن لەسەر بڕێک کێشەی بەرهەست و داخوازیی ڕوون کە بەشە بەسیاسیینەکراوەکەی دانیشتوان دەشێت تێی بگات.

 

·      لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا کە چەپ سەرکەوتن و بردنەوەی بەرهەست بەدیناهێنێت، مەترسیی کشانەوە بەرەو کاری تیۆریی تۆخ دەبێتەوە. مەترسیی ئەوە هەیە تیۆریی ئەرکەکانی منی باڵا وەربگرێت، بەو هۆیەشەوە ببێتە پاڵپشت و پشتیوانێکی دەروونیی بۆ تاک و بەسادەیی بۆ ئاستی ناکۆکیی سەبارەت بە ئامۆژگارییە پاک و بێگەردەکان دابکشێت و ئەوەش لە دەرەنجامدا دەبێتە مایەی پەرتەوازەبوونی چەپەکان بۆ چەند دەستە و گروپێک. ئەوە شتێکی یەکجار مەترسیدارە بەتایبەتی لە کاتێکدا کە پێویستی بە یەکانگیریی و یەکێتیی چەپەکانە بەرامبەر بەو پەلامارە کۆنەپارێزە- کۆنەپەرستانەیەی لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا وەکو کاردانەوەیەک بە ڕووی جووڵانەوەی خوێندکاراندا دەیبینین.

مارکۆزە: پێویستە مرۆڤ لە نێوان خۆی و تیۆرییدا مەودایەک بهێڵێتەوە. دەنا ئەوکات تیۆرییەکی ڕەخنەیی نابێت. وێڕای ئەوە من بە کشانەوە بۆ تیۆریی قایل نیم، چونکە کاری تیۆریی هەمیشە لەگەڵ شیکارییکردنی پراتیکی کردەیی و خودی پراتیکی کردەیی خۆیدا شان بە شان هەنگاوی ناوە. مارکس تەنانەت لە ماوەی بەشدارییکردنی ڕاستەوخۆیدا لەو ململانێیانەی لە سەردەمەکەیدا ڕوویانداوە گرنگیی و گوێی بە تیۆریی داوە. سەبارەت چونکە سەبارەت بە مارکسیزم دواجار تیۆریی وەکو بەڵگەیەک بۆ پراتیکی کردەیی شۆڕشگێڕانە دەمێنێتەوە. هەرچی ئەو مشتومڕە نەزۆکانەشە کە لە نێوان ئەو دەستە و گروپە چەپڕەوە بچووکە جیاوازانەدا دەکرێت کە لە نێوان خۆیاندا لەسەر تەنها بڕشت و مافی تایبەتی نوێنەرایەتییکردنی مارکسیزمی ڕەسەن و ستراتیژی دروست و بەجێوە دەکرێت، بە بڕوای من ئەوانە بڕێک مشتومڕن هیچ پەیوەندییەکیان بە تیۆریی مارکسیزمەوە نییە. پێشتر جەختم لەسەر ئەوە کردەوە و گوتم لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا چەپ پێویستە لەسەری هێزی چەندایەتیی خۆی زیاتر بکات. چونکە لەو بارەیەوە یاسای وەرچەرخانی چەند بۆ چۆن پارێزگاریی لە دروستیی خۆی دەکات. ئەگەر چەندایەتیی زۆری پێویست نەبێت ڕوودانی گۆرانێک چەندایەتیی لە پراتیکی کردەییدا شیانی نییە. ئەوە واتای پێداویستیی بەهێزکردنی بونیادەکە دەگەیەنێت، واتە یەکبارستە کردنی هەموو دەستە و گروپەکان، واتە ئەوەی دواجار تێبگەین کە کاتی ئەوە هاتووە کۆتایی بە هەموو ئەو کێشمەکێشە ئایدیۆلۆژییە پەتییانە بهێنرێت، ئەو مشتومڕانەی کە تیۆریی مارکسیزم دەگۆڕن بۆ بڕێک سروت نە دوور نە نزیک هەرگیز پەیوەندیی بە ڕاستیی و قەوماو و دۆخەکەوە هەیە و لە جیهانێکی ئەندێشەییدا دەبزوێت کە یان جیهانی سەدەی نۆزدەیەمە یاخود جیهانی چین و کوبایە و ئەوەش شتێکە شیانی ئەوەی نییە لەسەر بارودۆخی سەرمایەداریی پێشکەوتوو لە ناوەندەکاندا ساغ ببێتەوە و بەکردەوەش ساغ نابێتەوە و ناکۆکە.

ئەگەر چەپ لەوەدا سەرکەوتوو نەبێت بە دەستوبردیی بەرەیەکی یەکانگیری تۆکمە پێکبهێنێت و هێزە پەرتەوازەکانی کۆبکاتەوە و بڕێک شێوەی نوێ بۆ ڕێکخستن دابهێنێت، گومانی تێدا نییە بەوەی کە دەبێتە قوربانیی فاشیزمێکی نوێی داهاتوو و دژە شۆڕش، خۆی ڕووبەڕووی مەترسی دەکاتەوە.

 

  

         

پەراوێز:

(١)ڕودی دوچکە Rudi Dutschke (١٩٤٠-١٩٧٩) سەرکردە و تیۆریسێن و چالاکوانی دیاری بزاوتی خوێندکارانی ئەڵمانە لە کۆتاییەکانی ساڵانی شەستی سەدەی ڕابووردوودا.  

خوێندکارانی شۆڕشگێڕی بەرلین، ١٩٦٨

Date/Time: