Minerva

سۆسیۆلۆجیای موزیک

 

نووسینی: ڕێژوان تەها

 

سۆسیۆلۆجی [کۆمەڵناسیی – کۆمەڵزانیی]: ئەو زانستەیە لێکۆڵینەوە دەکات لەکێشە و دیاردە کۆمەڵایەتییەکانی کۆمەڵگە.

 هەردوو زاراوەکە پێکەوە سۆسیۆ-موزیکۆلۆجی(کۆمەڵناسی موزیک): لقێکی کۆمەڵناسیی و موزیکۆلۆجییە، بۆ لێکۆڵینەوە لە کاریگەریی و لێکەوتە کۆمەڵایەتییەکانی موزیک لە ژیانی مرۆڤ و کۆمەڵگەدا.

موزیک بەشێک لە ژیانی کولتوورییە و هەر بۆیە زۆرجار وەک ناوەندی ژیانی کۆمەڵایەتیش هەستی پێدەکرێت. زانستی کۆمەڵناسی گەلێک ژانەر و لقی جیاوازی هەیە بۆ لێکۆڵینەوە لە کۆمەڵگە و ژیاری مرۆڤ، کۆمەڵناسی کولتور و کۆمەڵناسی هونەر و کۆمەڵناسی موزیک.. بەشێکن لەو لقانە و دەکرێت زانستێکی بەپێز و گرنگ بن بۆ لێکۆڵینەوە لە موزیک پەیوەندی بە کۆمەڵگەوە، بەتایبەت لە ئەمڕۆی کۆمەڵگەی کوردەواری. وە ئەو کێشە و نیگەرانییانەی لە موزیکدا هەن و کاریگەری دەرکەوتەکانی.

 گەلێک پرسیار هەن کە زۆرجار دێتە مێشکی موزیسیانان و گوێگرانەوە، وەکو: – – هۆکاری دروستبوونی قوتابخانە هونەرییەکان لە کۆمەڵگەکاندا و کاریگەرییەکانیان چین؟ – ئایا کاریگەری موزیکی نەتەوە و ووڵاتەکانی دەوروبەر لەسەر موزیکی کوردی هەیە؟ – بۆچی گوێگرتن و حەزی موزیکی لە ناوچەیەکەوە بۆ ناوچەیەکی دی دەگۆڕێن؟ – موزیک چ جێ و شوێنێکی هەیە لە کۆمەڵگەی کوردیدا؟ – بۆچی ژەنین و دانانی موزیک لە شارەکانی کوردستان جیاوازییان هەیە و بەپێی سنوری جوگرافی دەگۆڕێن؟ – کاریگەری موزیک لە جەنگ و شەڕ و ململانێکان چییە و چۆنە؟ [بۆنمونە: موزیک و گۆرانی کوردی، لەسەردەمی جەنگی دژ بە داعش.] 

ئەمانە دەچنە ناو چوارچێوەی ئەو پرسیارانەی سۆسیۆموزیکۆلۆژی دەیکات.

زۆر پرسیار و بابەتی دیکە هەن دەکرێت بوروژێنرێت و لە چوارچێوەی ووتارێک یان کتێبێکدا توێژینەوەیان لەسەر بکرێت؛ من لەم بابەتەمدا ناچمە ووردەکاری وەڵامی ئەو پرسیارانە و شیکردنەوەی ئەو بابەتانە، بەڵکو دەمەوێت سەرەتایەک و هەندێ بابەتی سەرەتایی لەسەر کۆمەڵناسی موزیک بکەمە باس.

موزیک و بیرکردنەوە لێی لە چوارچێوەی زانست و فەلسەفەی کۆمەڵناسییدا، جێگەی سەرنجی بیرمەندانی کۆمەڵایەتی و کۆمەڵناسان بووە لە سەرەتای دامەزراندنی کۆمەڵناسیەوە؛ لەوانە ماکس ڤێبەر، جۆرج زیمیل و ئادۆرنۆ. ئەوەی جێگەی سەرنجە موزیک بەتەنها بۆ تاکەکەسێک نییە و هونەرێکی کۆمەڵییە، لەزۆربەی کاتەکاندا پێویست بە هەبوونی چەند کەسێك دەکات، تا پارچە موزیکێک بێتە بەرهەم [کۆمپۆسەر، ژەنیار، مایسترۆ..] وە دەبێت گوێگر هەبێت، تا موزیکەکە مانایەک وەربگرێت و جێگە و شوێنی خۆی بگرێت. کەواتە موزیک وەک هەر هونەرێکی دیکە دەکرێت لە لایەنی کۆمەڵایەتی و ژیاری ڕۆژانە لێی بڕوانرێت و لێی بکۆڵرێتەوە. زۆرجار ئەم بابەتە دەچێتە چوارچێوەی ئەتنۆموزیکۆلۆژییەوە و لەیەک دەچن لە زۆر ڕووەوە، یاخود مێژووی موزیک دەگرێتە خۆی؛ بەڵام سیستەم و پڕۆگرامی کۆمەڵناسی موزیک (سۆسیۆموزیکۆلۆژی) جودایە و دەکرێ گەلێک بوار و بابەتی دیکە لەخۆبگرێت، کە ژانەر و بەشەکانی دیکە دەستیان پێنەگات. موزیکۆلۆژی و ئەو لقانەی لێی دەبنەوە زۆرجار مێژووی موزیک و شیکارکردن و بابەتی ڕەخنەیی دەگرنە خۆیان؛ بەڵام کۆمەڵناسی موزیک لە کاریگەری و پەیوەندی موزیک لە ژیاری مرۆڤ و کۆمەڵگەییبوون و هەندێ بابەتی کۆمەڵایەتی و موزیک دەگرنە خۆ و دەیکەنە ئامانج بۆ لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون.

کۆمەڵناسان لە گرنگی سەلیقەی موزیک بۆ نیشاندانی پێگە و جیاکردنەوەی پلەبەندییە کولتوورییەکان دەکۆڵنەوە. هەروەها پرسیار دەکەن و بیردەکەنەوە لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتی-دیمۆگرافییەکانی گوێگرتن و پەسەندکردنی موزیک، چۆنێتی ڕێکخستن و ژەنینی ژەنیاران و پیشەسازی موزیک بۆ کاریگەری تام و چێژ و پەروەردە و بارودۆخی کارکردنی موزیسیانان.

 وە زۆرێک لە کۆمەڵناسانی موزیک، لە هەموو بەشەکانی کۆمەڵناسی موزیکی[بە ڕۆشنبیری و هونەرییەوە.] دەکەنە باس و  کاری تێدادەکەن. هەروەها لە دەوری لێکۆڵینەوە لە ژانەرە جیاوازەکان یەکدەگرن و ئەوانەی لە کۆمەڵناسی ژانەرێکی تایبەتدا بەشداری دەکەن زۆرجار وەک کۆمەڵناسێک نا، بەڵکو وەک موزیسیان و مێژونووس دەردەکەون.

کۆمەڵناسی ئەمریکی بەشێوەیەکی جیاواز لە کۆمەڵناسی ئەوروپی، لە نەریت و لێکۆڵینەوەی موزیکدا بە شێوەیەکی قورستر لە ژێر کاریگەری کارلێکگەرایی هێمادار (symbolic interactionism) و تیۆری هەڵبژاردنی عەقڵانی rational) choice theory) لەسەر بووە لە چاو ئەوروپی، کە لای ئەمان تیۆری ڕەخنەیی زیاتر کاریگەری هەبووە. سەرەڕای ئەوەش، ئاڵوگۆڕی چەمکی و میتۆدۆلۆژی لە گەشەکردندایە، بە تایبەتی لەگەڵ زیادبوونی کاریگەرییەکانی پیێر بۆردیۆPierre Bourdieu (1930-2002) لە کۆمەڵناسی ئەمریکادا. 

ئەم فرەچەشنییە چەمکی و میتۆدۆلۆژییە بەو مانایەیە کە بوارەکە پارادایماتیکی (نمونەیی – وێنەیی) کەمی هەیە. بەڵام ئەم هەمەجۆرییە بەڕاستی دەبێتە هۆی ئاڵوگۆڕی بەرهەمدار و کۆکردنەوەی بیرۆکە و میتۆدەکان.

لە حەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا بۆردیۆی فەڕەنسی، بیرۆکەی سەرمایەی کولتووری Cultural capital پەرەپێدا وەک ڕێگەیەک بۆ ڕوونکردنەوەی چۆنیەتی گواستنەوەی دەسەڵات لە کۆمەڵگادا و پاراستنی چینە کۆمەڵایەتییەکان. کارل مارکس پێی وابوو سەرمایەی ئابووری لە سیستەمی سەرمایەداریدا، پێگەی تۆ لە چینێکی کۆمەڵایەتیدا دیاری دەکات. بۆردیۆ پێی وابوو کە سەرمایەی کولتووری ڕۆڵێکی گرنگ و وردی هەیە.

بۆردیۆ سەرمایەی کولتووری بەم شێوەیە پێناسە کرد: ئاشنابوون بە کولتور لەناو کۆمەڵگایەکدا و کلتوربینی خێزانەکان بە ئاشناکردنی سەما و مۆسیقا و بردنیان بۆ شانۆ و گەلەری و شوێنە مێژووییەکان و بە باسکردنی ئەدەب و هونەر لەسەر مێزی نانخواردن، سەرمایەی رۆشنبیری بۆ منداڵەکانیان دەگوازنەوە.

بۆردیۆ سێ سەرچاوەی سەرمایەی کولتووری دەستنیشان کرد: بابەتیی، بەرجەستەکراو و دامەزراوەیی.

بابەتیی objective: کاڵای کولتووری، کتێب، بەرهەمی هونەری.

بەرجەستەکراو embodied: زمان، شێواز(ڕەفتار) ، ئارەزووەکان(هەڵبژاردەکان).

دامەزراوەیی institutionalised: شیاوی و لێهاتویی، بڕوانامە و پێناسەی پەروەردەیی.

 بەگشتی بۆردیۆ کارگەلێکی زۆر و تایبەتی کردووە لەسەر کۆمەڵناسی کولتور [هونەر و موزیک بەشێکی گرنگ و دیارن لە کولتور.] وە بیر و تێڕوانینەکانی ئەم زانا کۆمەڵناسە لەسەر نامە و توێژینەوە ئەکادیمییەکاندا لە زانکۆ و دەستگا ئەکادیمییەکان لە جیهاندا کاریگەریی هەیە.

جێگای ئاماژەیە، گرنگیدان بە موزیک وەک تەکنەلۆژیایەکی کۆمەڵایەتی و تێڕوانینە جۆراوجۆرەکانی توێژینەوەکانی زانست و تەکنەلۆژیا لە زیادبووندایە. وەک لە کۆمەڵناسی کولتووریدا بە شێوەیەکی فراوانتر، سەرنج دەچێتە سەر “خودی موزیک”، موزیک وەک بابەتێکی کارلێکی کۆمەڵایەتی و بەکۆمەڵگەبوون، و هونەرمەندان و کارە هونەرییەکان لە سیستەمی کۆمەڵایەتی-موزیکیدا.

گەلێک نووسەر و کۆمەڵناس لەم بوارانەدا کاریان کردووە و هەتا ئەمڕۆش بەردەوام توێژینەوە و لێکۆڵینەوە لەو بوارانە دەکرێت. لە دیارترین کۆمەڵناسە کلاسیکییەکان بۆ لێکۆڵینەوە لە و کاریگەرییە کۆمەڵایەتییەکانی موزیک بریتی بوون لە جۆرج زیمیل (١٨٥٨-١٩١٨)، ئەلفڕێد شوتز (١٨٩٩-١٩٥٩)، ماکس ڤێبەر (١٨٦٤-١٩٢٠) و تیۆدۆر دبلیو ئادۆرنۆ (١٩٠٣-١٩٦٩)، چارڵز سیگەر (١٨٨٦-١٩٧٩)، هاوارد ئێس بێکەر،ئەلفۆنۆس سیبەرمان، نۆربێرت ئیلیا، مۆریس هالبواکس، جاک ئاتالی، جۆن مۆلەر و کریستوفر سمۆڵ. زانایانی کۆمەڵایەتی موزیکی هاوچەرخ بریتین لە تیا دینۆرا، جۆرجینا بۆرن، دەیڤید هێبەرت، پیتەر مارتن، تیمۆسی داود، ویلیام ڕۆی و جۆزێف شلۆس.

هاوارد بێکەر Howard S. Becker لە ئەمریکاوە لە سەرەتای پەنجاکانی سەدەی ڕابردوودا دەستی کرد بە بڵاوکردنەوەی بابەت و نوسین لەسەر موزیسیانان. هەرچەندە ناسراوترین شیکارییەکانی بۆ موزیک لەسەر بنەمای ئەو زانیاریانەیە کە ئێستا تەمەنیان نیو سەدەیە. لە کۆتاییەکانی حەفتاکانی سەدەی ڕابردووەوە و بڵاوکردنەوەی (جیهانی هونەر Art Worlds)ی بێکەر لە ساڵی ١٩٨٢ەوە بە خێرایی ئارەزووی بیرکردنەوە و توێژینەوەی ئەکادیمی لەو بوارانەدا زیادی کرد. 

ڕیچارد ئەی پیتەرسن richard a peterson بە هێنانی کۆمەڵناسی كردارى و ڕێکخراوەیی بۆ ناو کۆمەڵناسی موزیکی باو، بەرهەمهێنانی کولتووری لە ڕووی مەترسی و گرنگییەوە نیشان دا. 

هاوارد بێکەر شیکاری جیهانی هونەریی دەکات وەک ئەوەی کە کردەوەی بەکۆمەڵ لەلایەن بەرهەمهێنەران و بەکاربەرانەوە لەخۆدەگرێت. لە نێوان پیشەیەکی جۆراوجۆردا کە لێکۆڵینەوە بەرهەمهێنان و میتۆدۆلۆژیا و هونەر لەخۆدەگرێت، 

تیا دینۆرا  Tia DeNoraبەڵگەی ئێتنۆگرافی (ethnographic) لە چوار شوێنی جیاواز و چاوپێکەوتن لەگەڵ پەنجا و دوو ژنی بەریتانی و ئەمریکی وەردەگرێت. لایەنە هەستی و هەڵچونیی و فیزیکییەکانی موزیک هەڵدەسەنگێنێت و موزیک وەک هێزێکی سەربەخۆ لە پێکهاتەکردنی ژیانی ناوەوە و کۆمەڵایەتی ژناندا شی دەکاتەوە.

 

کەواتە زۆر کەرەستە و سەرچاوەی ئەکادیمی بەردەست هەن و کارگەلێکی پێشینە هەن، تا هونەرمەند و سۆسیۆلۆجیستە کوردەکانیش کار لەسەر ئەم بوارە بکەن و کتێبخانەی کوردیی بە توێژینەوە لەم بوارەدا دەوڵەمەند بکەن.

هەرچەندە لە کوردستاندا تا ئەمڕۆ سۆسیۆموزیکۆلۆژی نەکراوەتە بابەتی گرنگ لە دەزگا و ناوەندە ئەکادیمییەکاندا؛ بەڵام لە دونیادا بایەخی خۆی هەیە. چونکە دەکرێت لەم ڕێگەیەوە گەلێک گرێکوێرە بکرێنەوە و بەدواداچوون بۆ پرس و بابەتەکانی دونیای هونەر و موزیک بوروژێنرێت و کاریان لەسەربکرێت و کاریگەریش لەسەر ژەنین و دانانی ژەنیاران و کۆمپۆسەران دروستبکات. یاخود ئەو ناڕوونی و هەژارییەی لە فەرهەنگی موزیکی و زانستی موزیک لە کوردستان بەدیدەکەین، دەکرێت سۆسیۆموزیکۆلۆژی فریادڕەس بێت و دەرگاکانی زانین و تێگەیشتن لە هەندێک بابەتی هونەری بخاتە سەرپشت و هاندان بێت بۆ بیرکردنەوە لە پەیوەندی و کاریگەریی نێوان موزیک و کۆمەڵگە لەسەر یەکتر.

 

 

 

لیستی سەرچاوەکان

 

                Music sociology – Tia DeNora 

                www.oxfordbibliographies.com – sociology of music

                sociomusicology.blogspot.com – What is Sociomusicology?

                www.culturallearningalliance.org.uk – What is cultural capital?

Date/Time: